ھاوپەیمانیی سائیرون داوای داگاییکردنی عەبدولمەھدی و وەزیرەکانی حکوومەتەکەی دەکات
  2019-12-02       672       

ھاوپەیمانیی سائیروون بەتۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران داوای دادگاییکردنی سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق، عادل عەبدولمەھدی و وەزیرانی کابینەکەی و بەرپرسە ئەمنییەکان دەکات.

ئاوێنه‌: پەرلەمانتاری سائیروون، سەباح ساعدی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەنێو پەرلەمان رایگەیاند، ''لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران پەسەندکرا کە ماوەی تەنھا ساڵەکەی بە کوشتن و بڕینی گەلی عێراقی کۆتاییھات''.

ساعدی وتی: ''دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەھدی، خۆی و حکوومەتەکەی لە پرسی ئەو تاوان و کوشتن و بڕینەی بەرامبەر گەل ئەنجامیانداوە، نابەخشێت''.

ساعدی ئاماژەی کرد بەوەی، ماددەی ٨٣ی دەستوور باس لەوە دەکات کە بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە دەکەوێتە سەر سەرۆک وەزیران و حکوومەتەکەی، ئەوان بەرپرسیارێتی ھەموو تاوانەکان ھەڵدەگرن.

ساعدی داوای کرد، دادگایەکی تایبەت بە شۆڕشی تشرین پێکبھێنرێت بۆ دادگاییکردنی سەرۆکوەزیران و ئەندامانی حکوومەتەکەی و بەرپرسانی ئەمنی و رێگرییان لێ بکرێت لە چوونەوە دەرەوە و گەشتکردنیان.

ئەندامەکەی هاوپەیمانی سائیروون داواشی کرد کە ئەو دادگایە بەشێوەیەکی ئاشکرا کۆبوونەوە و کارەکانی ئەنجامبدات و سزای لەسێدارەدانی تاوانبارەکانیش لەنێو گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان لەپارێزگاکانی عێراق جێبەجێبکات، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی ئەو کەسانەی لەھێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران تێوەگلاون.

دوای بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی تری عێراق کەلەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە دەستی پێکردووە و کەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆری قوربانیی لەنێو خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی شارەکانی زیقار و نەجەف، ھەروەھا داواکاری گەورە مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، عەلی سیستانی لەمیانی گوتاری رۆژی ھەینییدا، سەرۆکوەزیران ناچاربوو دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات.

لەو بارەیەوە ئێوارەی رۆژی ھەینی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ بانگەوازی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، عەلی سیستانی، نامەی دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیشدا دەستلەکارکێشانەوەکەی عەبدولمەھدی پەسند کرا.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×