هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و ئاسایش چالاكییه‌كانیان له‌ناحیه‌ی‌ كوڵه‌جۆ ده‌ستپێده‌كه‌ن
  2019-12-06       380       
فۆتۆ: ئه‌یاد محه‌مه‌د

به‌مه‌به‌ستی‌ ڕوبه‌ڕوبه‌نه‌وه‌ی‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ داعش له‌سنوره‌كه‌، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و ئاسایش چالاكی‌و گه‌ڕان‌و پشكنینه‌كانیان له‌ناحیه‌ی‌ كوڵه‌جۆو ده‌وروبه‌ری‌ ده‌ستپێكرد.

ئاوێنە، ئەیاد محەمەد: بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هه‌ر هێرش‌و پەلامارێكی چەکدارانی داعش له‌سنوره‌كه‌، ئەمڕۆ هه‌ینی‌ هێزێکی لیوای‌ 5 و 16ی‌ هێزی‌ پێشمەرگە گەشتنە ناحیەی کوڵەجۆی سەربەقەزای کفری‌و یەکەم جوڵەیان بەهەماهەنگی ئاسایشی کوڵەجۆ ئەنجامدا.

عەمید کەمال مەحمود، ئامر لیوای‌ 5ی هێزەکانی پێشمەرگە له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا ڕونیكرده‌وه‌، "لەدوای هێرشەکانی چەكدارانی داعش لەچەند شەوی ڕابردودا هێزێکی زۆرمان هێناوەتە سنورەکە خۆمانمان ڕێکخستوەتەوە بۆئەوەی هاوڵاتیان‌و سنورەکە لەچەکدارانی داعش‌و هەمو چەکدارێکی گێرەشێوێن بپارێزین".

ماوه‌یه‌كه‌ چەکدارانی داعش لەسنوری گەرمیان به‌گشتی‌‌و ناحیه‌كانی‌ کوڵەجۆو گوڵاڵەو قەزای خانەقین به‌تایه‌تی‌ جموجوڵیان دەستپێکردوەو پەلاماری هێزە عێراقیەکان‌و هێزەکانی ئاسایش‌و پێشمەرگە دەدەن.

به‌هۆی‌ نه‌بونی‌ هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقیەکان لەسنورەکەدا، بۆته‌ هۆی‌ دروستبونی‌ بۆشایی ئەمنی لەناوچەکەداو چەکدارانی داعش-یش ئەو بۆشاییە ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كانیان.

چه‌ند شه‌وێك له‌مه‌وبه‌رو لەئەنجامی دو هێرشی چه‌كدارانی داعش سێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایش لەگوندی کوڵەجۆو سێ پێشمەرگە لەگوندی دەکە شەهیدبون، کە یەکێک لەشەهیدەکان ڕائد (سمکۆ علی) لێپرسراوی یاریدەدەرێتی ئاسایشی کوڵەجۆ بو.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×