ئەمریكاو فەرەنسا داوای لێپێچینەوە لەئەنجامدەرانی شەوی رابردوی بەغدا دەكەن
  2019-12-07       388       

هەریەکە لە باڵیۆزخانەى ئەمەریکا و فەڕەنسا لە عێراق، داوا دەكەن ئەنجامدەرانی هێرشەكەی شەوی رابردوی بەغدا بۆ سەر خۆپیشاندەران كە تێیدا زیاتر لە 20 كەس كوژراون و 120 كەسیش برینداربون، بدۆزرێنەوەو سزابدرین.

ئاوێنە: باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو كردەوە توندوتیژییە دڕندانەیەی كە شەوی رابردو دژ بە خۆپیشاندەرانی بێچەك لە بەغدا ئەنجام درا، تۆقێنەرو جێی مەترسیە.

وتوشیەتی"دەبێت خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز مافی گوزارشت كردنیان لە بۆچونەكانیان هەبێت بێ ئەوەی روبەڕوی مەترسی ببنەوە، ئەركە لەسەر حكومەتی عێراق بیانپارێزێت."

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق داوای لە حكومەت كردوە كە هەنگاوی زیاتر بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران بگرێتەبەر و هەروەها لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی هێرشەكانی شەوی رابردودا بكات.

لەلای خۆیشییەوە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق ئیدانەی هێرشەكەی شەوی رابردو دژ بە خۆپیشاندەران كردوەو رایگەیاندوە، دەبێت ناسنامەی تاوانباران بەڕونی ئاشكرابكرێت و روبەڕوی دادگا بكرێنەوە لەسەر ئەو كردەوە دڵڕەقانەیەیان.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×