چەند بەرپرسێكی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی دەستیان لەكاركێشایەوە
  2019-12-11       3404       

چەند بەرپرسێك لە مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی، "خەڵكانێك"ی ناو حزبەكەیان تۆمەتبار دەكەن  بەوەی كە دور لەكاری حیزبی خۆیان كردوە بە نوێنەری ماڵی مام جەلال، سكرتێری كۆچكردوی یەكێتی و ئەوەی لەگەڵ بۆچونی ئەواندا نەبێت بەدژی ماڵی مامی دەزانن. دەشڵین؛ ئەوەی بنەماو دیسپلینی حیزبی بێت لە یەكێتیدا نەماوە، بۆیە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەیان داوە لە ریزەكانی حزبەكەو لەئەمڕۆوە ئازادن لەهەر حیزب و رێكخراوێكی سیاسی تردا كاربكەن.

ئاوێنە: سەیوان نارێنی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان و ئەحمەد حەمەساڵح و محەمەد نوری كارگێڕان و عەدنان محەمەد مارف ئەندامی مەڵبەندەكە لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان لە ریزەكانی یەكێتی راگەیاند.

لەڕاگەیەندراوە هاوبەشەكەیاندا ئەو چوار بەرپرسەی یەكێتی وتویانە"لەدوای مام نە یەكێتی ناو ریزەكانی یەكێتی پارێزراو بو و نە چەپكە گوڵەكەی مامیش وەك خۆی مایەوە...بەپێچەوانەوە یەكێتی ناو ریزەكانی یەكێتیان هەڵوەشاندەوەو چەپكە گوڵەكەشیان بەرەو هەڵوەرین برد."

ئەوەشیان خستۆتەڕو"خەڵكانێك لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا بەناوی بنەماڵەی مامەوە...دور لەكاری حزبی، خۆیان كردوە بە نوێنەری ماڵی مام و ئەوەیشی كە لەگەل بۆچونی ئەواندا نەبێت بەدژی ماڵی مامی دەزانن وەكو ئەوەی لە دو حزبی جیادا بن."

ئەوەشیان خستۆتەڕو"ئەوەی بنەماو دیسپلینی حیزبی بێت لەم حیزبەدا نەماوە. بۆیە بڕیارماندا بە دەستلەكاركێشانەوەمان لە ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان."

جەختیشیان كردۆتەوە كە "لەئەمرۆوە خۆمان بە ئازاد ئەزانین كە لە هەر حیزب و رێكخراوێكی سیاسی تردا كاربكەین و درێژە بە خەبات بدەین."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×