سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە رووسیا
  2019-12-11       1241       
كۆشكی سپی رایگەیاند، ''سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هۆشداری بە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ داوە لەهەر دەستوەردانێكی مۆسكۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆكایەتی ئەمریكا ٢٠٢٠''.

ئاوێنه‌: كۆشكی سپی بڵاویكردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریکا هۆشداری داوە بە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لەهەر دەستوەردانێكی مۆسكۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە بڕیاروایە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

كۆشكی سپی راگەیەندراوێكی سەبارەت بە كۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و سێرگی لاڤرۆڤ كە دوێنێ‌ سێشەممە لە كۆشكی سپی سازكرابوو و تیایدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ ئامادەبوو، بڵاوكردووەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، مایك پۆمپیۆ و سێرگی لاڤرۆڤ، دۆناڵد ترەمپ-یان لە دوا پێشهاتەكانی تایبەت بە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و رووسیا ئاگاداركردووەتەوە. 

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەكراوە کە لە كۆبوونەوەكەدا، دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوە بە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لەهەر دەستوەردانێكی مۆسكۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆكایەتی ئەمریكا ٢٠٢٠.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ داوای لە رووسیا كردووە ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئۆكراینا چارەسەر بكات و پاڵپشتی خۆیشی بۆ سنوورداركردنی خۆپڕچەككردن لە جیهان دووپاتكردووەتەوە لەوانەیش رووسیا و چین.

بەپێی راگەیەندراوەكە لەمیانی كۆبوونەوەكەدا، دۆناڵد ترەمپ و سێرگی لاڤرۆڤ گفتوگۆیان كردووە سەبارەت بەو هەنگاوانەی كە گرنگە ئەمریكا و رووسیا بەرامبەر بە بەندكراوانی نێوان هەردوو وڵات، بیگرنەبەر.

هەروەها باس لە گرنگی پەیوەندییەكانی چین و ئەمریكا و رێككەوتنی بازرگانی كە چاوەڕوان دەكرێت لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژوو بكرێت، کراوە.

پێشتر ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا (CIA)، رووسیای بەوە تۆمەتباركردبوو کە دەستیوەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆكایەتی ئەمریكا ٢٠١٦ كە تیایدا دۆناڵد ترەمپ سەركەوت و راشیگەیاندبوو ئەگەری هەیە جارێكی دیكە رووسیا دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆكایەتی ئەمریكا ٢٠٢٠.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×