داوا لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت دان بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوا بنێت
  2019-12-14       781       
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو و ماوەی ٢ ڕۆژی خایاند، کۆتایی هات و بەیاننامەی ئەنجامی کۆنفرانسەکە بڵاوکرایەوە. لە بەیاننامەکەدا داوا دەکرێت ئیدانەی تورکیا بکرێت بە هۆی هێرشەکانییەوە بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە هەمان کاتدا داوا لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە دەکرێت دان بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوری سوریا بنرێت.

ئاوێنه‌: کۆنفرانسەکە لە ڕۆژانی ١١ و ١٢ ی ئەم مانگە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا، سیاسەتمەداران، نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، توێژەران، یاساناسان و میدیاکاران لە پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەچوو.

لە بەیاننامەی ئەنجامی کۆنفرانسەکەدا هاتووە کە ''تورکیا پەنابەرانی وەک ئامرازێکی هەڕەشە لە بەرامبەر ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەکارهێناوە بۆ ڕێگری کردن لە مشتومڕ لەسەر ئەو تاوانە مرۆییانەی تورکیا لە سوریا ئەنجامیداوە. تورکیا لە باکوری سوریا تاوانی مرۆیی ئەنجامداوە و پاکتاوی ڕەگەزی لە بەرامبەر کورد و سریانی پێکهاتەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە ئەنجامداوە و هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەی داوە. ئەوەی تورکیا ئەنجامیداوە پێچەوانەی هەموو بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکانە''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×