مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر رێككەوتنی لەگەڵ پارتی بریار دەدات
  2019-02-13       910       

ئا: ئاوێنە

 

چاوەروان دەكرێت لەچەند كاتژمێری داهاتو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بریاری كۆتایی خۆی لەسەر رەشنوسی رێككەوتنەكەی بۆ چوار ساڵی داهاتو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بدات، بە دوریش نازانرێت پرسی دیاریكردنی شوێنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و دیاریكردنی كاندیدی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك گرفت بۆ رێككەوتنەكەی نێوان ئەو دو حزبە باڵادەستەی هەرێم دروست بكات، بەجۆرێك پارتی‌ داوا ده‌كات کۆبونەوەکە لەهەولێر ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام مه‌رجی‌ یەکێتی‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌كه‌ركوك ئه‌نجامبدرێت،  پێشنیازیش هەیە لەبری‌ ئەو دو پارێزگایە لەقەرەهەنجیر یان پردێ بەڕێوەبچێت.

پێشتریش سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاگاداركردنەوەیەكی پارتی رایگەیاند ئەگەر تەنیا لەسەر یەك خاڵیش ناكۆك بن، رێككەوتنه‌كه‌ ناكرێت، باسی لەوەشكرد كاتژمێر 11 ی پێشنیوەرۆی ئەمرۆ لەشاری سلێمانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن‌و بریاردان لەسەر رەوشنوسی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بریاری كۆتایی خۆی دەدات.

وتەبێژەكەی یەكێتی دەڵێت " لەو كۆبونەوەیەدا دەردەكەوێت رێككەوتنە گەیشتۆتە كوێ، بەڵام ئەگەر تەنیا لەسەر یەك خاڵیش ناكۆك بین، رێككەوتن ناكرێت، لەمەكتەبی سیاسی بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت، له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ 5/2/2019ی‌ مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی لیژنەیەكی هاوبه‌ش پێكهێنرا به‌مه‌به‌ستی‌ نوسینی رەشنوسی رێككەوتنێكی سیاسی 18 ماده‌یی نێوان هه‌ردو حزب، تاوەكو مەكتەبی سیاسی هەردولا واژۆی بكەن‌و بڕیاری لەسەر بدرێت.


لەرەشنوسی وەرەقەی رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی جەخت لەسەر شەراكەتی راستەقینەكراوەتەوە‌و چاوەروانیش دەكرێت مەكتەبی سیاسی هەردو حزبەكە واژۆ لەسەر رێككەوتنەكەی نێوانیان بكەن، ئەمرۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی بریاری خۆی دەدات‌و تا ئێستاش دیار نیە كەی مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبێتەوە بۆ بریاردان لەسەر ئەو رەشنوسە،  لەرەشنوسەكەدا ئاماژەبەوەكراوە كە هێزی پێشمەرگە‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ رێكبخرێنەوە بە شێوەیەك ببێتە هۆی یەكگرتنەوەیان.

لە رەشنوسی وەرەقەی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموركاتی كوردستان هاتوە "رەشنوسی رێككەوتنەكە پێكهاتوە لە 18 خاڵ و چەند بڕگەیەك و تیایدا جەختكراوەتەوە لەسەر چۆنیەتی رێكخستنی كارەكانیان لە حكومەت و پەرلەمان و فراكسیۆنەكانیان و سامانی سروشتی و دارایی و پەیوەندییەكانی دەرەوەو پرسی دەستورو یاساكان".

لەرەشنوسەكەدا هاتوە  "سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەماهەنگو یەكهەڵوێست دەبن لە پەرلەمان و ئەوەش رەنگدانەوەی دەبێت بۆ كاری پەرلەمانی لەنێوان هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی و هەردوولا كۆكن كە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ لایەنی سێیەمی پێكهاتەكان دەبێت و بە راوێژو هەماهەنگی دەستنیشان بكرێت".

بەهێزكردنی دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم و شەراكەتی راستەقینە، بۆ ئەوەش هەردو حیزب لە رێگەی حكومەتەوە هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ دوبارە رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بەشێوەیەك ببێتە مایەی یەكگرتنەوەی تەواوەتیان.


سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەماهەنگو یەكهەڵوێست دەبن لە پەرلەمان و ئەوەش رەنگدانەوەی دەبێت بۆ كاری پەرلەمانی لەنێوان هەردو فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی و هەردولا كۆكن كە جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ لایەنی سێیەمی پێكهاتەكان دەبێت و بە راوێژو هەماهەنگی دەستنیشان بكرێت، 


فەرمانگەی پەیوەندییەكان و نوێنەرایەتی دەرەوەو شاندو مەراسیم و بۆنە پرۆتۆكۆڵییەكان هاوسەنگی و بەشداری لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت پارێزراو دەبێت و لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، رێكخستنەوەی یاسایی بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم دەكرێت بەشێوەیەك وەزیری هەرێم بۆ ئەو بابەتە دیاری دەكرێت.


هەردولا رێكدەكەون كە لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەستوری هەرێمی كوردستان تەواوبكرێت و خواستە جیاوازەكان لەسەر سیستمی سیاسی لە رێگەی دەستورەوە چارەسەر بكرێت.


رێككەوتنی هەردوو لایەن دوور لە كێبڕكێی سیاسی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك و كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكە وەك دەستپێشخەرییەك بۆ خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق لە ساڵی (2019)دا.


پارتی و یەكێتی كۆكن كە دامەزراوە یاساییە پەیوەندیدارەكانی هەرێم بە شەفافی سامانی ژێر زەوی و نەوت و گاز بخەنە خزمەتی خەڵكی كوردستان”و “لە رووی دارایی و داهات و خەرجییە گشتییەكانی هەرێم پێویستیان بە رێكخستنەوەیە” و “هاوهەڵوێستن لەسەر ئەوەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم گرنگی بدات بە رەخساندنی هەلی كار”.


پابەندبوونی هەردولا بەو رێككەوتنە بەهەموو خاڵەكانییەوەو پاڵپشتی حوكمڕانی سەرتاسەری كوردستان، بە ئەركی هاوبەشی هەردوولایەن دانراوە، بۆ پێكەوە بوون و بەردەوامبوونی شەراكەتی راستەقینە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×