سەرۆكی پەرلەمان رونكردنەوە لەسەر دەستبەرداربون لە مافی خانەنشینی دەدات
  2020-01-18       1747       

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسای چاكسازی پەرلەمانتارانی هەمو خولەكان دەتوانن دەستبەرداری خانەنشینی ببن بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانن لەماوەی 30 رۆژ لەدوای بەركاربونی یاساكە لەدیوانی پەرلەمان داوا پێشكەش بكەن.

ئاوێنە: رێواز فایەق، ئەمڕۆ شەممە، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك رونكردنەوەیەكی سەبارەت بە دەستبەرداربون لە مافی خانەنشینی بڵاوكردۆتەوە كە لە حەوت خاڵ پێكهاتوە.

لە یەكێك لە خاڵەكانی رونكردنەوەكەدا هاتوە"سەبارەت بە پەرلەمانتارانی هەمو خولەکانی پەرلەمان، بەپێی بڕگەی (چوارەم) لە ماددەی (۷)ی یاسای چاکسازی، تەمەنیان هەرچەند بێت و خزمەتیان هەرچەند بێت و بڕوانامەیان هەرچی بێت، دەتوانن دەستبەرداری خانەنشینی ببن وەک پەرلەمانتارو ئەم دەستبەرداربونە ڕێگر نیە لەوەی دواتر بەپێی یاسای خانەنشینی بەرکار لە هەرێم (شارستانی یان سەربازیی)، خانەنشین ببن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بۆ هەر بەڕێزێک لە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم و خولەکانی تر کە خواستیانە بەم یاسایە خانەنشین نەبن، لە ماوەیەک کە لە (۳٠) ڕۆژ لە ڕێکەوتی بەرکاربونی یاساکە تێپەڕنەکات، دەتوانن لە دیوانی پەرلەمان داوا پێشکەش بکەن."

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشیكردوە كە یاساکە ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ـ۱ـ۲٠۲٠ ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت، دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆکی هەرێم، بۆ ڕۆژنامەی فەرمی(وەقایعی کوردستان) دەنێردرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە دوای بەرکاربونی یاساکە، دیوانی پەرلەمان بەڕاگەیەنراوێک دەستپێکردنی وادەی(۳٠) ڕۆژەکە بەشێوەی یاسایی ڕادەگەیەنێت و هەر پەرلەمانتارێک لەو (۳٠)ڕۆژەدا داوای دەستبەرداربون پێشکەش بکات ئیتر مافی خانەنشینی نامێنێت .

وتوشیەتی"پێش ئەو وادە و ڕێوشوێنەی لە بڕگەی چوارەمی ماددەی (۷) باسکراوە، هەر پەرلەمانتارێک پێشتر فۆرم و داوا پێشکەش بکات، لەڕوی یاساییەوە بەهای نابێت و مافی خانەنشینبونی هەر دەمێنێت."

دەقی رونكردنەوەكە...

سەبارەت بە دەستبەرداربون لە مافی خانەنشینی....

بەپێی یاسای خانەنشینی بەرکار لە عێراق کەس ناتوانێت دەستبەرداری خانەنشینییەک ببێت کە بە یاسا پێیدراوە، بەڵام:_

۱ـ ئەگەر بەدەقێکی یاسایی لە یاسایەکی تر، دەستبەرداربون ڕێکخرا، ئەوا هەرکەس لەوانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە دەتوانن بەپێی ڕێوشوێنی یاسایی دەستبەرداری مافی خۆیان ببن.

۲ـ خانەنشین بون بۆ هەمو ئەوانەی لەخوار تەمەنی ٦٠ ساڵن لەعێراق و خوار ٦۳ ساڵن لە هەرێم، ئیجباری نییە، بەڵام ئەگەر تەمەنی ٤٥ ساڵیان تەواوکردو ۱٥ ساڵ خزمەتیان هەبو، چ لە عێراق بن یان لە هەرێم دەتوانن خانەنشین ببن، ئەگەر نەیانەوێت خانەنشین ببن، یاسا ناچاریان ناکات بە خانەنشین بون، بەڵکو دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کاری پێشویان.

۳ـ سەبارەت بە پەرلەمانتارانی هەمو خولەکانی پەرلەمان، بەپێی بڕگەی (چوارەم) لە ماددەی (۷)ی یاسای چاکسازی، تەمەنیان هەرچەند بێت و خزمەتیان هەرچەند بێت و بڕوانامەیان هەرچی بێت، دەتوانن دەستبەرداری خانەنشینی ببن وەک پەرلەمانتارو ئەم دەستبەرداربونە ڕێگر نیە لەوەی دواتر بەپێی یاسای خانەنشینی بەرکار لە هەرێم (شارستانی یان سەربازیی)، خانەنشین ببن.

٤ـ بۆ هەر بەڕێزێک لە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم و خولەکانی تر کە خواستیانە بەم یاسایە خانەنشین نەبن، لە ماوەیەک کە لە (۳٠) ڕۆژ لە ڕێکەوتی بەرکاربونی یاساکە تێپەڕنەکات، دەتوانن لە دیوانی پەرلەمان داوا پێشکەش بکەن.

٥ـ یاساکە ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ـ۱ـ۲٠۲٠ ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت، دوای واژۆکردنی لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێم، بۆ ڕۆژنامەی فەرمی(وەقایعی کوردستان) دەنێردرێت.

٦ـ دوای بەرکاربونی یاساکە، دیوانی پەرلەمان بەڕاگەیەنراوێک دەستپێکردنی وادەی(۳٠) ڕۆژەکە بەشێوەی یاسایی ڕادەگەیەنێت و هەر پەرلەمانتارێک لەو (۳٠)ڕۆژەدا داوای دەستبەرداربون پێشکەش بکات ئیتر مافی خانەنشینی نامێنێت .

۷ـ پێش ئەو وادە و ڕێوشوێنەی لە بڕگەی چوارەمی ماددەی (۷) باسکراوە، هەر پەرلەمانتارێک پێشتر فۆرم و داوا پێشکەش بکات، لەڕوی یاساییەوە بەهای نابێت و مافی خانەنشینبونی هەر دەمێنێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×