نێچیرڤان بارزانی: مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ هەمو عێراق پێویستە
  2020-01-24       548       

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یاند هه‌رێمی كوردستان پێیوایه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر داوای عێراق هاتون و بونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان بۆ هه‌مو عێراق پێویسته‌.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی 24-01-2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق رایگەیاند: هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان لە عێراق رونە، ئێمە پێمانوایە ئەو هێزانە لەسەر داوای عێراق هاتون بۆ یارمەتیدانی عێراق لە ساڵی 2014ـه‌وە هاتون.

وتیشی، پێشمان وایە و هەتا ئێستاش وای دەبینین کە مانەوەیان لە عێراق بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش پێویستە، چونکە تاوەکو ئێستا داعش مەترسییەکی گەورەیە، نەک بۆ کوردستان بەڵکو بۆ هەمو عێراق، لەبەرئەوە ئێمە پێمانوایە دەبێت بمێننەوە تاوەکو ئەوکاتەی هەمو لایەکمان بە قەناعەتەوە دەتوانین بڵێین داعش تەواو بوە.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی، له‌ كۆڕبەندی داڤۆس‌ بارودۆخی عێراق و ڕوئیای كوردستانمان بۆ به‌شداربوان رون كرده‌وه‌ و ره‌وشی ناوچه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ به‌شداربوانی كۆڕبه‌ندەكە باس كرد.

له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا پێزانینی بۆ رۆڵی پێشمه‌رگه‌و هه‌رێمی كوردستان هه‌بو كه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ په‌ناگه‌ی په‌نابه‌ران.

نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاند: دانانی ئاڵای كوردستان له‌ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جێگای خۆشحاڵی هه‌مو كوردێكه‌ و هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ڕیزگرتنه له‌ هه‌مو كوردێك.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×