پنتاگۆن ئامارێكی‌ دیكه‌ی‌ زیانه‌كانی‌ هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سه‌ر بنکەی عەین ئەسەد ڕاده‌گه‌یه‌نێت
  2020-01-24       1257       
پنتاگۆن\
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا -پنتاگۆن- ئامارێكی‌ دیكه‌ی‌ زیانه‌كانی‌ هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سه‌ر بنکەی عەین ئەسەد ڕاگه‌یاندو وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت، 34 سەربازی ئەمریکی برینداربون.

ئاوێنه‌: له‌كاردانه‌وه‌ی‌ كوشتنی‌ قاسم سوله‌یمانی‌، فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ سوپای‌ پاسداران، 8ی‌ ئه‌م مانگه‌ ئێران به‌چه‌ند موشه‌كێك هێرشیكرده‌ سه‌ر به‌نكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ی‌ عەین ئەسەد له‌پارێزگای‌ ئه‌نباری‌ ڕۆژئاوای‌ عێراق.

له‌سه‌ره‌تای‌ هێرشه‌كه‌دا پنتاگۆن ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ ته‌نها زیانی‌ ماددی‌ له‌ئه‌نجامی‌ هێرشه‌كه‌دا كه‌وتۆته‌وه‌، به‌ڵام  هەفتەی رابردو بیڵ ئوربان، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لەراگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، 11 سەرباز لەهێرشەدا برینداربون. 

له‌نوێترین لێدوانیدا ئه‌مرۆ هه‌ینی‌ جۆناسان هۆفمان، وتەبێژی پێنتاگۆن لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، 34 سەربازی ئەمریکی لەهێرشە موشەکییەکەی تاران بۆسەر بنکەی عەین ئەسەد برینداربون.

وتیشی‌، هەشت لەو سەربازە بریندارانەی پێشتر بۆ ئەڵمانیا گوازرابونەوە بۆ چارەسەر گەڕێندراونەتەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×