هێزی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە رەوانەی سووریا دەکرێت
  2020-02-26       642       
سەرچاوەکانی خۆجێی لە رۆژهەڵاتی سووریا رایانگەیاند، ئەمریکا سەدان بارهەڵگر کە زۆربەیان کەرەستەی بیناسازییان هەڵگرتبوو، رەوانەی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە هەردوو پارێزگای حەسەکە و دێزازۆر له‌رۆژئاوای كوردستان كران.

ئاوێنه‌: سەرچاوەکە  رایگەیاندوە، ئەمریکا لە میانی دوو رۆژی رابردوو نزیکەی ٣٠٠ بارهەڵگری لە رێگەی دەروازەی سنووریی ئەلوەلید لە عێراقەوە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان کردووە کە زۆربەیان کەرەستەی بیناسازییان هەڵگرتبوو؛ و رەوانەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کران.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە ژمارەیەک لە بارهەڵگرەکان گەیشتوونەتە بنکەی تەل بیدەر لە گوندەواری حەسەکە کە پێشتر هێزەکانی ئەمریکا بنکە سەربازییەکەیان فراوان کردبوو، هەروەها بەشەکەی دیکەی بارهەڵگرەکان رەوانەی شاری تەل بەراک لە گوندەواری حەسەکە کراون کە واشنتۆن نیازی دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی نوێی هەیە لەو ناوچەیەدا.

بەوتەی هەمان سەرچاوەکە، بەشێکی دیکەی بارهەڵگرەکان رەوانەی کێڵگەی نەوتی عومەر کراون کە ئەمریکا بنکەیەکی سەربازیی تیایدا دروستکردووە.

هاوکات هێزەکانی ئەمریکا لە شاری دێرازۆر خاڵێکی سەربازییان دروستکردووە کە دەکەوێتە کەناری رۆژهەڵاتی رووباری فورات بەرامبەر خاڵەکانی رووسیا لە کەنارەکەی دیکەی هەمان رووباردا.

پێشتر هێزەکانی ئەمریکا چەند خاڵێکی سەربازییان لە کەناری رۆژهەڵاتی رووباری فورات بەرامبەر خاڵە چاودێرییەکانی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە کەناری رۆژئاوای رووبارەکە، دروستکردبوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×