توركیا: 33 سەربازمان لە هێرشەكەی سوریادا لە ئیدلب كوژراون
  2020-02-28       1422       

رەحمی دۆغان، پارێزگاری ھاتای رایگەیاند، ژمارەی ئەو سەربازانەی تورکیا کە لە ھێرشە ئاسمانییەکەی رژێمی سوریا بۆسەر ئیدلب كوژراون بەرزبوەوە بۆ ٣٣ سەرباز.

ئاوێنە: رەحمی دۆغان، پارێزگاری ھاتای، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكدا لە ئاکامی ھێرشە ئاسمانییەکەی ھێزەکانی ئەسەد بۆ سەر ئیدلب، چوار سەربازی دیکەی تورکیا سەرەڕای پێدانی گشت فریاگوزاریەک كوژراون و بەمەش ژمارەی ئەو سەربازانەی تورکیا کە لە ھێرشە ئاسمانییەکەی  ئیدلب كوژراون بەرزبوەوە بۆ ٣٣ سەرباز.

رەحمی دۆغان هەر لەبارەی ھێرشەکەی ئیدلب وتیشی"ئەو سەربازە بریندارانەمان کە ژمارەیان 32 سەربازە لە نەخۆشخانەکان چارەسەر وەردەگرن، مەترسی ژیانیان لەسەر نییە".

لەدوای ئەو هێرشەو كوژرانی ئەو سەربازانەی توركیا، كۆبونەوەیەكی ئەمنی بەپەلە بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بەڕێوەچو و دوای كۆبونەوەكەش فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە وەڵامی هاوشێوەی هێزەكانی سوریا بدەنەوە.

وتیشی، سەرجەم ئەو ئامانجانەی سوریا كە دیاریكرابون كران  ئامانج و كردنە ئامانجیش بەردەوامە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×