"رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ به‌غدا پاره‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كات"
  2020-02-28       2001       
به‌وته‌ی‌ ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ به‌غدا پاره‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كات.

ئاوێنه‌: د. رێبوار کریم محمود، ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی عیراق له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه‌، "پارەی ئەم مانگە لەبەغداوە هاتوەو لەرۆژی یەکشەممە (۱_۳_۲٠۲٠) لەژێر دەستی هەرێم دەبێت."

ناوبراو ده‌ڵێت، "تا کەی بەشێکی زۆری داهاتی هەرێم بەنادیاری دەمێنێتەوە؟! کوا باقیاتی داهاتی نەوت جگە لەو بڕە کەمەی دەدرێتە وەزارەتی دارایی؟ کوا پارەی داهاتی ناوخۆ کە بەردەوام زیاد دەکات؟".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌پرسێت، "کوا داهاتی ئەو باج‌و سەرانانەی کە بەردەوام لەسەر خەڵک زیاد دەکات لەدەرەوەی یاساو تەنها بەپێی رێنماییەک؟".

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌ هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی موچەی فەرمانبەران نیەو ناکرێ هەرێم لەوەزیاتر سەبری هاوڵاتیان تاقی بکاتەوە.

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌و ئابوریی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دواناكه‌وێت‌و 30 ڕۆژ جارێك دابه‌شده‌كرێت، به‌ڵام زیاتر له‌ 35 ڕۆژه‌ زۆربه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و موچه‌یه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی ده‌ستیبه‌دابه‌شكردنی‌ كردووه‌، موچه‌ی‌ مانگی‌ 11ی‌ ساڵی‌ 2019یه‌. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×