2020-03-26   892     
فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ''بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) پێویستیان بە یارمەتی ئەمریکا نییە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا پێویستی بە یارمەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، ئامادەین یارمەتییان بدەین''.
ئاوێنه: لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ''بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) پێویستیان بە یارمەتی ئەمریکا نییە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا پێویستی بە یارمەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، ئامادەین یارمەتییان بدەین''.
هاوکات لە چواری ئاداریشدا سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لەمیانی کۆبوونەوەیەکی کابینەکەیدا وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ دایەوە و رایگەیاند ''ئەمریکا دەمامکی میهرەبانی پۆشیوە و دەڵێت یارمەتی گەلی ئێران دەدەم. ئێوە ئەگەر ئەوەندە میهرەبانن لانیکەم ئابڵوقەکانی سەر دەرمان هەڵگرن''.
شایەنی باسە بەهەمان شێوە رابەری ئایینی ئێران، عەلی خامنەیی لە ٢٢ی ئاداردا لەمیانی وتارێکیدا کە بەبۆنەی نەورۆزەوە بڵاویکردەوە رووی دەمی کردە ئەمریکا و وتی، ''ئێوە بە دروستکردنی ئەم ڤایرۆسە تۆمەتبار دەکرێن. نازانم ئەم تۆمەتە تا چەند راستە، بەڵام لە کاتێکدا دەنگۆی ئاوا لە ئاردا بێت چ ژیرییەک متمانە بە چارەسەرێک دەکات کە ئێوە پێشکەشی بکەن؟ دەشێت چارەسەرەکەتان ببێتە هۆی زیاتربوونی نەخۆشییەکە یان گۆڕینی بۆ نەخۆشییەکی درێژخایەن''.
ئەم لێدوانەی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، حسێن سەلامی دوای ئەوە هات کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لە ٢٨ی شوباتدا رایگەیاندبوو ئامادەن لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، یارمەتی ئێران بدەن.