عەتا سەراوی بۆ سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیر: داوای لێبوردن بكەن
  2020-03-28       2624       

دوای ئەوەی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی و عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی هاوخەمی خۆیان بۆ مەلا كرێكار، ئەمیری پێشوی ئەنسارولئیسلام دەربڕی بەهۆی رادەستكردنی بە ئیتاڵیا، عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: پێویستە لەسەر ئەوە داوای لێبورد لە كەسوكاری ئەو شەهیدانە بكەن كە لە شەڕی جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلامدا كوژراون.

ئاوێنە: رۆژی پێنجشەممەی رابردو، مەلا كرێكار لەلایەن حكومەتی نەرویجەوە رادەستی ئیتاڵیا كرا كە حوكمی 12 ساڵ زیندانی لەو وڵاتە هەیە بەتۆمەتی پلاندانان بۆ کاری "تیرۆریستی".

رادەستكردنی مەلا كرێكار بە وڵاتی ئیتاڵیا كاردانەوەی سەركردە ئیسلامییەكانی باشوری كوردستانی لێكەوتەوەو لەدو رۆژی رابردودا بەجیا هاوخەمیان بۆ ناوبراو دەربڕی.

لەبەرامبەر ئەوەدا ئەمڕۆ شەممە، عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەناوی بنەماڵەو كەسوكاری شەهیدانی شەڕی جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام، لە رونكردنەوەیەكدا بەپێویستی زانیوە سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیر داوای لێبوردن لەكەسوكاری شەهیدان بكەن.

عەتا سەراوی لە رونكردنەوەكەیدا وتویەتی: مەخابن مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتو، هاوسۆزی و پێناخۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەوەی كە خەمی ژیانی ئەو گەورە تیرۆریستەیەتی و، رەخنە لە  نەرویج و ئیتاڵیا ئەگرێ، نەبادا (كرێكار)، توشی نەخۆشی كرۆنا بێت و گیان لە دەست بدات؟!!

هەروەها وتوشیەتی"بەندە وەكو عەتا سەراوی وەك نوێنەرو وارسی زیاد لە (360) شەهید...هەرگیز پێمان وانەبو كەسی یەكەمی یەكگرتوی ئیسلامی كە هەر لە ساڵی 1993و دامەزراندنی حیزبەكەیەوەو لەلایەن بەرێز سەرۆكی كۆچكردو سەرۆك مام جەلال و حیزبی ئەو شەهیدانە رێزلێگیراو و گوێلێگیراو بو، بۆ جاریكیش لە زۆنی سەوز خۆی و حیزبەكەی جگە لە رێز هیچ هەڵە یان دەستدرێژییان نەكراوەتە سەر، جەنابیشی ئەزانێ كە خۆیشی و قیادییەكانی لە دهۆك و هەولێر حاڵیان چۆن بو."

هەروەها ئەوەشی وتوە"مەخابن ئێستا دوای 17 ساڵ لەو كارەساتەی جوندو ئەنسارولئیسلام بەرامبەر ئێمە كردی (كرێكار بكوژ و بەرپرسیاری هەمو ئەو كارەساتانەو داواكراوە لە عیراق و كوردستان)، جەنابی مامۆستا سەلاحەدینیش هاوخەمی و هاوسۆزی بۆ بكوژی كەسوكاری ئێمە دەردەبڕێت."

عەتا سەراوی وتوشیەتی"داوا لە بەرێز مامۆستا سەڵاحەدین ئەكەم داوای لێبوردن لە كەسوكارو ژن و مناڵی ئەو شەهیدانە بكات."

هەروەها سەبارەت بە هاوخەمییەكەی عەلی باپیر، عەتا سەراوی وتویەتی"بەداخەوە مامۆستا عەلی باپیر-یش ..هاوسۆزی دەردەبڕێت بۆ كرێكارو ئەنسار كە دەبنە هاوبەش لە كارە تیرۆریستییەكانی ئەنسار و كرێكار...هیوادارم ئەویش بە خۆیدا بچێتەوەو داوای لێبوردن لە كەسوكاری شەهیدەكانی ئێمە بكات، نەك هاوسۆزی دەربڕین لەگەڵ ئەمیری بكوژەكانیان."

عەتا سەراوی سەبارەت بە هاوخەمی عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ مەلا كرێكار، وتویەتی"هەر لە سەردانیكردن و تەلەفۆنكردنت لە چەند ساڵی رابردو بۆ گەورە تیروریستی هاوپیشەت كرێكار ئاگادارین و دڵنیابە خەونی گڵاوتان ئەبەنە گۆڕی تاریكتان. ئێوەو هاوشێوەكانتان و (مەلا كرێكار)ش، لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆتایتان پێ دێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×