"رێژەی مردن بە كۆرۆنا لەسنە نزیكەی دو هێندەی رێژەی مردنە بە ڤایرۆسەكە لە ئێران"
  2020-03-30       15443       

بەگوێرەی ئاژانسی میهری ئێرانی رێژەی مردن بە كۆرۆنا لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی دو هێندەی مردنە لەسەر ئاستی سەرتاسەری ئێران.

ئاوێنە: ئاژانسەكە لە هەواڵێكدا باسی لەوە كردوە كە بە گوێرەی ئامارەکان تا دوێنێ یەكشەممە لە پارێزگای سنە ٤٠٤ کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بون و لەو ژمارەیە ٥١ کەس واتە لە سەدا 12.62 كەسیان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لە دەستداوە لە کاتێکدا لەسەر ئاستی هەمو ئێران كە ٣٨ هەزار و ٣٠٩ کەسی توشبو هەبوە، دو هەزارو 640 كەسیان واتە لەسەدا 6.8 كەسیان گیانیان لەدەستداوە.

بەوتەی دکتۆر ئیبراهیم قادری، جێگری كاروباری تەندروستی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی پارێزگای سنە هۆكاری بەرزیی رێژەی مردن بە كۆرۆنا لە پارێزگاكە دەگەڕێتەوە بۆ ئاشکرانەکردنی نەخۆشییەكە لای هەندێک لە نەخۆشانی  ئەو پارێزگایە و وتوشیەتی: نزیکەی سێ هێندەی ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاكەدا بەهۆی کۆرۆنا خەوێندراون و نمونەیان لێ هەڵگیراوە، نەخۆشانێک هەن کە دەرکەوتەی نەخۆشییەکەیان لاوازە و سەردانی پزیشکیان نەکردوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×