وەزارەتی تەندروستی: ژماره‌ی‌ توشبووان بەڤایرۆسی کۆڕۆنا لەهەرێمی کوردستان گەیشتە ١٦٢ توشبو
  2020-03-31       813       
وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ ژماره‌ی‌ توشبووان بەڤایرۆسی کۆڕۆنا لەهەرێمی کوردستان گەیشتە ١٦٢ توشبو.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ ئاماری‌ نوێی‌ توشبوانی‌ به‌كۆرۆنا بڵاوكرده‌وه‌و له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ کۆی گشتی توشبووان بەڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە (١٦٢) توشبو، لەنێویاندا (٢) مردن هەیەو (٥٧) نەخۆش چاکبووەتەوەو ئەوانی تر هەمویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.


ده‌قی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:


ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (٣٣)

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، تیمەکانی تەندروستی بۆ کەڕەنتین کردن و دۆزینەوە و پشکنینی هەڵگرانی ئەم ڤایرۆسە ڕۆژانە بەردەوامن بەمەش:

1. کەرەنتین
ژمارەی هاووڵاتیان لە کەڕەنتینەکان (٥٥٠٣) هاووڵاتی بوون لە (٣٦) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (١٠٩٢) هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە (١٣٣) لە هەولێر، (١٢٧) لە سلێمانی، (٧٥١) لە دهۆك، (٥٠) لە هەلەبجە، (٣١) لە ڕاپەرین وە (٤٤١١) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو (٢٩) هاووڵاتی.

2. پشکنین
لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو (٦٠٧) پشکنین ئەنجام دراوە، (٣٩٥) هەولێر، (١١١) سلێمانی، (١٠١) دهۆك.
دەرەنجام (١٢) تووشبووی نوێ تۆمارکرا وە بەم شێوەیەی خوارەوە:-

• پارێزگای هەولێر (١) پۆزەتیڤ، کە ئافرەتێکی تەمەن (٢٢) ساڵ وە بەرکەوتووی تووشبووەکەی ناحیەی خەلیفانە.
• پارێزگای سلێمانی (٥) پۆزەتیڤ، (٤) لە ناو شاری سلێمانی، پیاوێك تەمەن (٢٥) ساڵ کە پێشینەی گەشتی هەیە، (٣) ئافرەت تەمەنیان (٤٦)، (٢٧)، (٢٥) ساڵ کە تەنها دوویان بەرکەوتەن، وە پیاوێك لە قەزای دەربەندیخان تەمەن (٣٧) ساڵ کە بەرکەوتەی تووشبووی پێشووە.
• پارێزگای هەلەبجە (٦) پۆزەتیڤ، کە (٢) پیاو تەمەنیان (٧٣)، (٥٨) ساڵ، (٢) ئافرەت تەمەنیان (٧٥)، (٣٩) ساڵ، (٢)منداڵ تەمەنیان (٥) ساڵ کە بەرکەوتەی تووشبووەکەی پێشوون.

3. ئاماری گشتی
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە (١٦٢) تووشبوو، لەنێویاندا (٢) مردن هەیە و (٥٧) نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

وێڕای دەستخۆشی بۆ تیمەکانی وەزارەتی ناوەخۆ و تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان جارێکی تر تکا دەکەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و بەرکەوتەی کەسی تر نەبن وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣١ی ئازاری٢٠٢٠

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×