پارێزگاری سلێمانی: دوای 48 سەعاتەكە ماركێت و نانەواكان دەكرێنەوە
  2020-04-04       693       

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەو ٤٨ سەعاتەی كە دیاریكراوە، مارکێت و نانەواخانەکان دەکرێنەوە و لە ئێستادا تەنیا ئەو کەسانە رێگەیان پێدەدرێت شەقام بەکاربهێنن کە لە ئەرکدان.

ئاوێنە: هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەنیا پۆلیسی هاتوچۆ رێگاوبانەکان رێکدەخات و ئەو کەسانەی دەچن موچە وەرگرن هاوکاری دەکرێن و رێگەیان پێدەدرێت هاتوچۆ بکەن بەڵام پێویستە باج و ناسنامەیان پێبێت.

لەبارەی میدیاکارانەوە رایگەیاند، سەرجەم ئەو میدیاکارانەی لە ئەرکدان رێگەیان پێدەدرێت شەقام بەکاربهێنن بە مەرجێک جگە لە باجی ئەو دەزگایەی کاری تێدا دەکات رێگەپێدانی دەزگاکەی پیبێت.

راشیگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە و بازاڕەکان هیچ شتێکیان کەم نییە و دوای دوای ئەم ٤٨ سەعاتە مارکێت و نانەواخانەکان لە ژێر رێنماییەکاندا دەکرێنەوە.

وتیشی: هاوڵاتیان دڵنیادەکەینەوە کە هیچ قەیرانێک بونى نیە و پێداویستى خۆراک و نەوت بە تەواوى دابینکراوە و جوڵەى بازرگانیش بە شێوەیەکى رێکخراو و بە ڕەچاوکردنى رێکارە تەندروستییەکانەوە بەردەوامە.

سەبارەت بە دابەشکردنى موچە، پارێزگارى سلێمانى باسیلەوەکرد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبونەوەمان کردوە و پێدانى موچە ناوەستێت، بۆ ئەوەش کە کێشەى هاتوچۆ بۆ ئەو فەرمانبەرانە دروست نەبێت کە موچە وەردەگرن، تیمەکان ئاگادار کراونەتەوە کە هەر رۆژێک کەرتێک یان وەزارەتێک موچە وەرگرن دەبێت هاوکاریان بکەن و پێویستیشە ئەو فەرمانبەرانە بەڵگەنامەکانیان پێ بێت و نابێت منداڵ و کەسوکاریان لەگەڵدابێت.

هەروەک باسیلەوەکرد، لە کۆبونەوەى ژورى ئۆپراسیۆنەکانى روبەڕوبونەوەى سلێمانى چەند پێشنیازێکیان ئامادەکردوە و دەینێرن بۆ حکومەت و وەزارەتى ناوخۆ بۆ ئەوەى لە هەنگاوەکانى داهاتودا جێبەجێبکرێن، بەتایبەت لە کردنەوەى مارکێت و دوکانەکان  و بانکەکان کە پێویست دەکات بە تەواوى پابەندى رێنماییەکان ببن.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەى بەوەشکرد، لە پێشنیازەکانیاندا کە دەیگەیەنن بە ئەنجومەنى وەزیران داواکراوە کە لێخۆشبون حکومەت بۆ کرێى خانو و دوکان و بازاڕەکان و باجى داهات و باجى دەرامە و باجى ساڵانە پەسەند بکرێت بۆ ئەوەى بارى سەرشانى هاوڵاتیان لەم دۆخەدا قورستر نەبێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×