تەندروستی گەرمیان بڕیاریدا بە زیادكردنی پشكنینەكانی كۆرۆنا
  2020-04-05       358       

تەندروستی گەرمیان چەند بڕیارێكی بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا دەركرد كە یەكێك لەوانە زیادكردنی پشكنینەكانی كۆرۆنایە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی: لە کۆبونەوەی ھەفتانەی لیژنەی رێگریی كۆرۆنای سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەیاندا، چەند بڕیارێک دەرکراون بۆ باشتر بەڕێوەچونی ئیشوکارەکان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە ژمارەی پشکنینەکان و وەرگرتنی نمونە بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادبکرێن و لە شوێن و ناوچەی جیاوازی گەرمیان نمونە وەربگیرێت، بەمەبەستی دڵنیابونەوەو پێشگیریی لە ھەر حاڵەتێک.

ھەروەھا بڕیاردراوە کە کۆگاکانی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەکانی سنورەکە یەکبخرێن و بتوانرێت پێداویستی نەشتەرگەری بۆ ھەموان بەردەستبکرێت و نەشتەرگەرییەکان نەوەستن.

لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە کە لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی کۆتاییھاتنی کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە کۆرۆنا، ئامادەکارییەکانی کارگێڕیی و بەڕێوەبردن دەستپێبکرێن ھاوشان لەگەڵ نەخۆشخانەی گشتی کەلار، بۆ ئەوەی لەگەڵ رادەستکردنی بیناکە بە تەندروستی گەرمیان، نەخۆشخانەکە بکرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×