قائیمقامی سلێمانی: پلانێکی گشتگیر بۆ دوای ٤٨ کاتژمێرەکەی قەدەغەی ھاتوچۆ دانراوە
  2020-04-05       679       

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبوەوەو رایگەیاند: لەئەگەری درێژنەکردنەوەی ٤٨ کاتژمێرەکەی قەدەغەی ھاتوچۆدا، لە سلێمانی پلانێکی گشتگیریان داناوە بۆ رێگەدان بە کردنەوەی بەشێک لەو شوێنانەی کە پەیوەندیدارن بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاوات محەمەد وتیشی: کارکردنی ئەو شوێنانە تەواو جیاواز دەبێت لە شێوازی کارکردنی پێشوترو بەڕەچاوگرتنی ھەمو رێنماییە تەندروستییەکان و گرتنەبەری چەند رێکارو رێوشوێنێکی گونجاو رێگە بەکارکردنیان دەدرێت.

هەروەها ئەوەشی خستەڕو كە ئەگەر رەوشەکە لەباربێت بەپێی چەند مەرج و رێنماییەکی نوێ کە دواتر بڵاویان دەکەینەوە رێگەبەکردنەوەی بەشێک لە "مارکێت و دەرمانخانەو نانەواو سەمونخانەکان و عەلوە" دەدرێت.

ئاوات محەمەد راشیگەیاند: ھاوڵاتیان دڵنیادەکەینەوە ھەمو بڕیارو رێنماییەکان بەڕەچاوگرتنی مەترسی قۆناغەکە دەدرێن و پاراستنی لایەنی تەندروستی خەڵک لە ئاستێکی باڵادا لەبەرچاو دەگیرێت.

قائیمقامی سلێمانی سوپاسی پابەندبونی بەرچاوی ھاوڵاتیانی سلێمانی كرد بە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستەکان و وتی: بە پابەندبونی ئێوەو مانەوەتان لەماڵەکانتان مەترسییەکانی کۆرۆنا زوتر تێدەپەڕێنین و نزیکتر دەبینەوە لە ئاساییبونەوەی ژیان لە ھەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×