ئێران.. تا ئیستا زیاتر لە شه‌ش هه‌زار توشبوی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌
  2020-05-12       219       

له‌ ئێران له‌ ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٤٨ کەسی دیكه‌ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و كۆی گشتیی گیانله‌ده‌ستدان به‌و ڤایرۆسه‌ له‌و وڵاته‌ به‌رزبووەوە بۆ شه‌ش هه‌زار و ٧٣٣ كه‌س.
 
ئاوێنه‌: وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئێران، كیانوش جیهانپور به‌ ته‌له‌ڤیزیۆنی فەرمی ئێرانی راگه‌یاند، ٤٨ تووشبووی دیكه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌زار و ٤٨١ حاڵه‌تی دیكه‌ی تووشبوون به‌و په‌تایه‌ش تۆمار كراون.

کیانوش جیهانپور تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌م جۆره‌ تاكو ئێستا، شه‌ش هه‌زار و ٧٣٣ تووشبوو گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ١١٠ هه‌زار و ٧٦٧ كه‌سیش تووشی كۆرۆنا بوون كه‌ ره‌وشی ته‌ندروستیی دوو هه‌زار و ٧١٣ كه‌سیان باش نییه‌.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئێران سه‌رنجیشی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ تاكو ئێستا، ٨٨ هه‌زار و ٣٥٧ تووشبوو چاكبوونه‌ته‌وه‌ و له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێرانیشدا تاكو ئێستا پشكنین بۆ ٦١٥ هه‌زار و ٤٧٧ كه‌س ئه‌نجام دراوه‌.

كیانوش جیهانپور به‌ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه‌ ژماره‌ی تووشبووان و گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ له‌ ئێران كه‌م بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام نیگه‌رانی خۆی نه‌شارده‌وه‌ له‌ زۆربوونی تۆماركردنی حاڵه‌ته‌كان له‌ تاران و پارێزگای خوزستان.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×