نەزاهەی عێراق سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری پێشوی بانكێكی حكومی دەركرد
  2020-05-16       417       

دەستەی نەزاهەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند: بڕیاری سەپاندنی سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری گشتی پێشوی بانكی بازرگانی عێراق دەرچوەو ئەوەش بەهۆی زیانگەیاندنی ئەنقەست بە سامانی گشتی بە بەهای 30 ملیۆن دۆلار.

ئاوێنە: فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان لە دەستەی نەزاهەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ئەو كەسەی سزاكەی بەسەردا سەپێنراوە لە ساڵی 2014داو لەو ماوەیەی بەڕێوەبەری گشتی بانكەكە بوە، زیانێكی ئەنقەستی بە سامانی گشتی گەیاندوە لەڕێگەی پێدانی قەرزی 30 ملیۆن دۆلار بە یەكێك لە كۆمپانیاكان بە بێ وەرگرتنی دەستەبەری پێویست.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە دادگای تاوانەكانی رەسافەی تایبەتمەند بە دۆسیەكانی نەزاهە ئەوەی بەدی كردوە كە ئەو بەڵگانەی دەستكەوتون و خۆیان لە وتەكانی نوێنەری یاسایی بانكەكەدا دەبیننەوە كە سكاڵای لەسەر سزادراو تۆماركراوە وێڕای كۆنوسی لێكۆڵینەوەی ئیداری كە كەمتەرخەمی سزادراوی سەلماندوە، بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەری بانكەكە بەرپرسی پێدانی قەرزەكەو فەرمانی خەرجكردنی بوە، هەروەها راپۆرتی چاودێری دارایی كە چەند پێشێلكارییەكی ناوبراوی دیاریكردوە لەوانە: پێدانی قەرزەكە بەبێ بونی دیراسەیكی بانكی سەبارەت بە لێهاتوییە داراییەكانی ئەو لایەنەی قەرزەكەی پێدراوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە پێشێلی رێنماییەكانی پەیوەست بە پێدانی قەرز و گومانی دەستتێكەڵكردنی نێوان كۆمپانیاكەو لقێكی بانكەكە لە یەكێك لە پارێزگاكان كراوە و كۆمپانیاكە قیستی مانگانەی نەداوەتەوە.

رونیشیكردۆتەوە كە ئەو بەڵگانەی دەستكەوتون لەگەڵ هەڵهاتنی سزادراو لە یاسا، وای لە دادگا كردوە بگاتە ئەو بڕوای تەواو بۆ سزادانی ئەوەش بە پشتبەستن بە حوكمەكانی ماددەی 340 لە یاسای سزادان، بۆیە بڕیاری سزادانی بۆ دەركرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×