د.هەڤاڵ ئەبوبەكر: دۆخی كۆرۆنا به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كۆنتڕۆڵ ناكرێت
  2020-06-02       565       
پارێزگاری سلێمانی راگه‌یاند كه‌ تا ئێستا سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر كۆرۆنا له‌سلێمانی ڕانه‌گه‌یاندوه‌ و دۆخه‌كه‌ش به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كۆنتڕۆڵ ناكرێت.

ئاوێنه‌: د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لە هەوڵی بەردەوامداین، وەكو فەرمانگاكانی دەوڵەت و لایەنی پەیوەندیدار، كاری پێویستمان كردووە بۆ ئەوەی ڕێكارەكان توندتر بكرێن، لێپرسینەوە و پشكنین و سامپڵ وەرگرتن، “سكرینیین” زۆرتر بێت، و ڕێوشوێنی توند بەرامبەر هەر شوێنێك بكرێت كە ببێتە مایەی بەریەكەوتن و تێكەڵاوبوون و قەڵەباڵغی و تێكدانی ڕەوشە تەندروستیەكە و پابەندنەبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەكانەوە، وە لەهەمان كاتیشدا بەشێكی گەورەی كەوتۆتە سەر ئەستۆی هاووڵاتیانی خۆشەویست كە تا ئاستێكی باش لە پابەندی و خۆڕاگری و خۆپارێزیان ئەنجامداوە.

وتیشی”هۆكارەكانی زۆربوونی تووشبوانی كۆرۆنا، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵك بە ڕێكارەكانەوە، ڕۆڵی هەندێك ناوەند دەتوانم بڵێم میدیایی و فیگەری سیاسی و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لە بەكەم گرتنی ئەم ڤایڕەسە و دروستكردنی لە وێنەیەكی بەشێوەیەكی كە پەتایەك لەو جۆرەو لەو ئاستی مەترسیەدا لە سلێمانی و هەرێمی كوردستاندا نیە، ئەوەش وایكرد كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر خۆپارێزی خەڵك هەبێت، حاڵەتێكی تریشیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سروشتی ڤایرۆسەكە وایە كە لە كۆمەڵێك كەسی زۆردا نیشانەكانی دەرناكەوێت، كەسێك هەڵگری ڤایرۆسەكە دەبێت و چاكیش دەبێتەوە و پێی نەزانیوە كە هەڵگریەتی و بەڵام چەندین كەسی تووش كردووە، ئەوان ئەو لێكەوتە و دەرهاویشتە و نیشانانەی هەیانە قورس تر دەیگرن ئەمەش وا دەكات كە سەرچاوەی تووش بوونەكەیان وون بێت، بەشێكیشیان ئەوانەن كە لەدەرەوەی سلێمانی و هەرێمەوە گەڕاونەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەشێك لەو كەسانەی لە دەرەوە هاتونەتەوە بە ڕێگەی ڕەسمی لەڕێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە هاتونەتەوە، هەركەسێك لەشارەكەی خۆیدا كەرەنتینە كراوە، بەڵام وەكو وتم بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی لەژێرچاودێری ورددابوون، نیشانەكانیان لێدەركەوتووە و چاودێری دەكرێن، بەشێكیشیان ئەوانەیە كە هاتوچۆی ئەو كەسانەیان كردووە كە زۆرجار ئێمە داوا دەكەین پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان سنووردار بكرێن، ئەو دابونەریتە كۆمەڵایەتیە جوانانەی كە هەمانە لەم دۆخەدا دەبێت ڕایان بگرین بۆ ئەوەی نەبنە مەترسی بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان.


جەختی لەوەش كردەوە، دوای ئەم ماوەیەی قەدەغەیە پلانی ئەوەمان هەیە كە كۆمەڵێك ڕێكاری وردتر دەربكەین بەتایبەتی بۆ دامودەزگاكانی دەوڵەت، بۆ هاوڵاتیانی بەڕێز، بەڵام ئەوەی گرەنتی تێپەڕبوونی ئەم دۆخەیە دوو شتن، یەكەم توندكردنی ڕێكارەكان لەلایەن دامودەزگا دەوڵەتیەكانەوە، دووەم بەرزكردنەوەی ئاستی خۆپارێزی لەلایەن هاووڵاتیانەوە.

پارێزگاری سلێمانی ڕایگەشیاند، ئەم دۆخە بە قەدەغەی هاتوچۆ كۆنتڕۆڵ ناكرێت، بە گرتنەبەری ڕێوشوێن لەلایەن دامودەزگا دەوڵەتیەكانەوە هەروەها خۆپارێزی هاووڵاتیان ئەو دۆخە تێدەپەڕێنرێت نەك بە قەدەغەی هاتوچۆ، هەرچەندە پشتیوانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیمان كردووە، ئەوان پێیانوایە ئەمە لێكدانەوەیەكی تەندروستیانە و زانستیانەیە بۆ سنوورداركردنی ئەو كەسانەی هەڵگری ڤایرۆسەكەن و دەرفەتدان بەناوەندە تەندروستیەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو ژمارە زۆرەی كە تووشبوون بۆ ئەوەی بەریەككەوتنی زیاتر لەنێوان هاووڵاتیاندا ڕوونەدات.

سەبارەت بە درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ ناوبراو ڕایگەیاند، ئێمە نە لەئێستادا داوامان كردووە و نە لە ئایندەشدا داوای دەكەین، وەكو وتم بڕوای ئێمە و پلانی ئێمە ئەوەیە دەبێت كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و لایەنە سیاسیەكان و دەستەبژێری كۆمەڵگەكەمان و ڕێكخراوە مەدەنییەكان و كەسایەتیە كۆمەڵایەتی و ئاینی و ڕۆشنبیرەكان پشتیوانمان بن لەوەی وشیاری تەندروستی و ئاستی خۆپارێزی خەڵك بەهێزبێت، خەڵك خۆی ببێت بە پزیشكی خۆی و ببێت بە ئاسایشی پاراستنی گیانی خۆی ببێت بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی گیانی مرۆیی خۆی، كەسێك بە پاراستنی خۆی دەتوانێت ژیان و جیهان وخەڵك و كۆمەڵگە و دەوروبەرەكەشی بپارێزێت.

ڕوونیشیكردەوە، لەگەڵ ئەوەداین ئاستی خۆپارێزی بەرز بكەینەوە و ئەم بارودۆخە لە هەموو ئەجێندایەكی سیاسی و ململانێی سیاسی ببرێتە دەرەوە، چونكە هەر ئەجێندایەكی سیاسی بەرژەوەند و پەیوەستە بەهەر كارنامە و بەرنامەی هێزێكی سیاسی دیاریكراوەوە، بەڵام ئەم بارودۆخە تەندروستیە پەیوەستە بە ئاسایشی تەندروستی و تەندروستی گشتی وهەموو هاووڵاتیانەوە، بۆیە بەهیچ جۆرێك ئێمە ڕەوایەتی نادەین بەوەی ململانێ و هیچ ئەجێندایەكی سیاسی تێكەڵ بەم بارودۆخە تەندروستیە بكرێت.
سەبارەت بە خۆپیشاندان و داواكاری بەشێك لە كاسبكاران كە پابەندی قەدەغەی نابن، هەڤاڵ ئەبوبەكر ڕایگەیاند، بەرنامەی خۆمانمان داوەتە حكومەتی هەرێم چاوەڕێی بڕیاری پێویستین لەو بارەیەوە، بەڵام ئەم بارودۆخە تەندروستیە تەنها لە سلێمانی و كوردستان نیە لەهەر وڵاتێكی گەورەو پێشكەوتووی دنیاشدا ببینیت، زیانێكی گەورەی بە بژێوی تاك وبە ئابوری دەوڵەت گەیاندووە، ئەركی ئێمە لە حكومەتی خۆجێی بە پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵك ئەوەیە كە ئەگەر ئەوسا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەدا هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوە بووبن و هەموو تواناكان لەو پێناوەدا خەرج كرابن كە مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتاكە كەم بكرێتەوە و سنوردار بكرێت، لە ئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەوە دوو لێكەوتەی تری هەبووە كە لەخۆی مەترسیدارترن، ئەویش خراپكردنی بژێوی و داهاتی خەڵك هەروەك خراپكردن و زیانگەیاندن بە داهات و ئابوری دەوڵەت، بۆیە لە ئێستادا دەبێت لەهەوڵی پاراستنی هاونیشتمانیانی و پاراستنی تەندروستی گشتیدا بین و لە هەوڵی سنووداركردنی بڵاوبوونەوەی پەتاكەدابین لەهەمانكاتیشدا لە هەوڵی باشكردنی بژێوی خەڵك و باشكردنی ئابوری دەوڵەتیشدا بین.

وتیشی”بەرنامەی ئەوەی بڵاوكراوەتەوە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە كاتژمێر 6ی ئێوارەی دوێنێوە لە هەموو هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ دەكرێت، وە هەر كەمتەرخەمیەك لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەدا بە سەرپێچی دادەنرێت، چ داواكاری گشتی و چ لایەنە كارگێڕییەكان ڕێكاری پێویست دەگرنەبەر چونكە ئەمەی كە هەیە پەیوەستە بەتەندروستی خودی ئەو كەسەشی كە پابەند نابێت، كەواتە ئەمە ڕێكارێكی ئەمنی و ئابوری نییە، ئەمە ڕێكارێكی تەواو تەندروستییە”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×