ئه‌مه‌ریكا پێشنیاز ده‌كات "به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان"ی‌ هه‌رێم دادگایی بكرێن
  2019-04-15       3627       

   ئا: هاوكار حسێن

 

به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا 8 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نه‌خشه‌رێگه‌ی‌ پێشخستنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان له‌روی‌ سیاسیی‌‌و ئابوری‌و ئه‌منیه‌وه‌ پێشنیازكردوه‌و پێیانوابوه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاو كه‌ پێویسته‌ به‌و ئاراسته‌یه‌دا بنرێت "دادگاییكردنی‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانه‌"، هه‌روه‌ك پێیانوایه‌ سیستمی‌ ئابوری‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ قۆرخكراوه‌ كه‌ سیاسه‌تیان قۆرخكردوه‌.  

 

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ ویكیلیكس، كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتوه‌، له‌ساڵی‌ 2006-ه‌وه‌ دیپلۆماتكاره‌ ئه‌مریكیه‌كانی‌ عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌ندین پێشنیاریان بۆ به‌هێزبونی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌شێوه‌ی‌ نه‌خشه‌رێگه‌یه‌كدا خستوه‌ته‌ڕو، ورده‌كاریی‌ ئه‌و نه‌خشه‌رێگه‌یه‌شیان بۆ حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا رونكردوه‌ته‌وه‌. 
له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا كه‌ ساڵی‌ 2006 له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌ ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ نوسراوه‌و پێشنیاره‌كانیان بۆ پێشخستنی‌ بواری‌ ئابوری‌‌و سیاسیی‌‌و ئه‌منی‌ هه‌رێم خستوه‌ته‌ڕو، هاتوه‌، "ئه‌مریكا ده‌توانێت هانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بدات بۆ گرتنه‌به‌ری‌ چه‌ند رێوشوێنێك، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ی‌ له‌بیربێت كه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌رهه‌ڵستی‌ هه‌ر جۆره‌ چاكسازییه‌ك ده‌كه‌ن كه‌ ببێته‌ هۆی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌‌و ئابورییان".
له‌چوارچێوه‌ی‌ ورده‌كاریه‌كانی‌ ناو نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌دا، به‌لای‌ ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاو كه‌ پێویسته‌ بنرێت بریتیه‌ له‌ "دادگاییكردنی‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان". دواتر دێنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێویسته‌ هه‌نگاوبنرێت به‌ئاراسته‌ی‌ "دانانی‌ ده‌ستورێكی‌ وا كه‌ گه‌ره‌نتی‌ مافه‌كانی‌ تاك بكات‌و دامه‌زراندنی‌ سیستمێكی‌ دادوه‌ری‌ سه‌ربه‌خۆ، رێگه‌دان به‌بونی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سیاسیی‌ كاریگه‌ر له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، گه‌ره‌نتیكردنی‌ ئازادی‌ راگه‌یاندن، به‌خشینی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان".
له‌باسكردنی‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی‌ ناو هه‌رێمی‌ كوردستانیشدا باسیان له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "مه‌سعود بارزانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌ركه‌زی‌ زۆر به‌هێزتره‌ به‌سه‌ر حزبه‌كه‌یدا كه‌ كه‌متر ده‌رفه‌تی‌ مشتومڕو ناڕه‌زایه‌تی‌ تێدا ده‌بینرێت به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی‌‌و حزبه‌كه‌ی‌". 
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا ئاماژه‌ دراوه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ "سیستمی‌ ئابوری‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ قۆرخكراوه‌ كه‌ سیستمی‌ سیاسیان قۆرخكردوه‌. سه‌ره‌ڕای‌ بونی‌ سامانێكی‌ گرنگی‌ ژێر زه‌وی‌، به‌ڵام هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ده‌ست گرفته‌كانی‌ بێكاری‌‌و نه‌بونی‌ سوته‌مه‌نیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت".
ده‌قی به‌ڵگه‌نامه‌که‌: 

 

ئای‌ دی‌: 06BAGHDAD4768
بابه‌ت: هه‌رێمی‌ كوردستان: مه‌سه‌له‌كان، سه‌ركرده‌كان، هه‌نگاوه‌كانی‌ به‌ره‌وپێشچون
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غدا
به‌رواری‌ ناردن: 30ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2006
پۆلێن: نهێنی‌

 

 پوخته‌:
هه‌رێمی‌ كوردستان له‌چاو ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق بوژانه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت‌و چالاكانه‌ وه‌به‌رهێنانی‌ ده‌ره‌كی‌‌و ته‌نانه‌ت گه‌شتوگوزاری‌ نێوده‌وڵه‌تیشی‌ به‌گه‌ڕخستوه‌. به‌گشتیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زۆر له‌ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق ئارامتره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌قاچاغبردنی‌ چه‌ك‌و ماده‌ی‌ هۆشبه‌رو چه‌كدار له‌سه‌ر سنوری‌ ئێران به‌دیده‌كرێن، هه‌روه‌ها بونی‌ په‌كه‌كه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وامی‌ گرژیه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ توركیا. ئه‌مریكا ده‌توانێت هانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بدات بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌نگاوی‌ راسته‌قینه‌ بنێت له‌دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و نیشاندانی‌ شه‌فافێتی‌ زیاتر له‌بواری‌ حكومڕانیدا. ئێمه‌ هه‌وڵه‌كانمان چڕده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا له‌مه‌سه‌له‌ی‌ كۆنترۆڵكردنی‌ سنوره‌كان له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ قاچاخچێتی‌. ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و زنجیره‌ شیكاریانه‌ی‌ كه‌ تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ هه‌رێمیی‌ ئه‌مریكا بۆ پارێزگانی‌ عێراق ده‌یكات. 

 

مه‌سه‌له‌ سیاسیه‌كان
هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ردو حزبی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانه‌وه‌ قۆرخكراوه‌، كه‌ مانگی‌ شوباتی‌ 2006، هه‌ردو حكومه‌تی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر یه‌كیانگرته‌وه‌و بونه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. ئه‌م یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ هه‌ندێك سه‌رئێشه‌ی‌ به‌دواوه‌ ده‌بێت‌و به‌ته‌واوه‌تیش كامڵ نیه‌. هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا وه‌زاره‌ته‌كانی‌ وه‌ك ناوخۆو پێشمه‌رگه‌و دارایی‌‌و دادوه‌ری‌ ده‌به‌ن به‌ڕێوه‌. پابه‌ندبون به‌بنه‌ما دیموكراتیه‌كان‌و مافی‌ مرۆڤ به‌تایبه‌تی‌ ئازادی‌ راگه‌یاندن، ناگاته‌ ئاسته‌ ستاندارده‌كانی‌ خۆرئاوا.      

 

مه‌سه‌له‌ ئابورییه‌كان
هه‌رێمی‌ كوردستان به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ باقی‌ ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق، له‌بوژانه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامدایه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ چالاك كه‌رتی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ ده‌ره‌كی‌‌و گه‌شتوگوزاری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌گه‌ڕخستوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیستمی‌ ئابوری‌ هه‌رێم به‌هۆی‌ مه‌ركه‌زیه‌تێكی‌ بۆماوه‌ییه‌وه‌ بارگرانی‌ خراوه‌ته‌سه‌رو له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ قۆرخكراوه‌ كه‌ سیستمی‌ سیاسیان قۆرخكردوه‌. سه‌ره‌ڕای‌ بونی‌ سامانێكی‌ گرنگی‌ ژێرزه‌وی‌، به‌ڵام هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ده‌ست گرفته‌كانی‌ بێكاری‌‌و نه‌بونی‌ سوته‌مه‌نیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت. له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردودا، چه‌ندین خۆپیشاندان له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌هۆی‌ نه‌بون‌و خراپی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تایه‌كان‌و به‌شه‌ناوخۆیه‌كانی‌ زانكۆو موچه‌ رویانداوه‌، كه‌ به‌گشتیی‌ له‌لایه‌ن گه‌نجان‌و ژنان‌و مامۆستایان‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نیه‌وه‌ ئه‌نجامدراون. 

 

ئاسایش       
هه‌رێمی‌ كوردستان به‌گشتیی‌ له‌چاو ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ وڵات زۆرێك ئارامتره‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ كورد كه‌ پێشمه‌رگه‌و داموده‌زگاكانی‌ ئاسایشن وڵات ده‌پارێزن. خه‌ڵكی‌ ده‌توانن ماڵه‌كانیان جێبهێڵن‌و به‌بێ‌ ترس روبكه‌نه‌ سوپه‌رماركێته‌كان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا قاچاخچێتی‌ به‌چه‌ك‌و ماده‌ی‌ هۆشبه‌رو هاتوچۆی‌ چه‌كداره‌كان له‌سه‌ر سنوری‌ ئێران به‌رده‌وامه‌، هه‌روه‌ها بونی‌ په‌كه‌كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا سه‌رچاوه‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ ته‌نگژه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ توركیا. ئه‌گه‌ری‌ پێكدادانی‌ چه‌كداری‌ له‌گه‌ڵ توركیا له‌ئارادایه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌به‌ر رۆشنایی‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن توركیا ده‌خوازێت هه‌نگاوی‌ راسته‌وخۆ بگرێته‌به‌ر له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌. له‌مه‌ودای‌ دوردا، ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ ئارامه‌ی‌ ئێستای‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ سه‌رده‌كێشێت بۆ پێكدادانی‌ چه‌كداری وه‌ك چۆن له‌رابردودا وابو.    

 

یاریزانه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كیه‌كان
جه‌لال تاڵه‌بانی‌، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق‌و سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتیه‌‌و مه‌سعود بارزانیش سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكی‌ پارتیه‌، هه‌مو كه‌سێكی‌ دیكه‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان له‌ژێر ركێفی‌ ئه‌م دو پیاوه‌دان. هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ برازاو زاوایدایه‌. ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌ساڵی‌ 2005 دامه‌زران له‌ژێر گوشاری‌ ئه‌مریكا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی‌ كه‌میان هه‌یه‌و سیخناخكراون به‌وانه‌ی‌ له‌لایه‌ن حزبه‌وه‌ دامه‌زرێنراون. 
مه‌سعود بارزانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌ركه‌زی‌ زۆر به‌هێزتره‌ به‌سه‌ر حزبه‌كه‌یدا كه‌ كه‌متر ده‌رفه‌تی‌ مشتومڕو ناڕه‌زایه‌تی‌ تێدا ده‌بینرێت به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی‌‌و حزبه‌كه‌ی‌. 

 


كۆمێنت: هه‌نگاوه‌ رێتێچوه‌كانی‌ به‌ره‌وپێشچون

ئه‌مریكا ده‌توانێت هانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بدات بۆ گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌م رێوشوێنانه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ی‌ له‌بیربێت كه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌رهه‌ڵستی‌ هه‌ر جۆره‌ چاكسازییه‌ك ده‌كه‌ن كه‌ ببێته‌ هۆی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌‌و ئابورییان:
دادگاییكردنی‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان‌و دانانی‌ ده‌ستورێكی‌ وا كه‌ گه‌ره‌نتی‌ مافه‌كانی‌ تاك بكات‌و دامه‌زراندنی‌ سیستمێكی‌ دادوه‌ری‌ سه‌ربه‌خۆ، رێگه‌دان به‌بونی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سیاسیی‌ كاریگه‌ر له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، گه‌ره‌نتیكردنی‌ ئازادی‌ راگه‌یاندن، به‌خشینی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان به‌جۆرێك توانای‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ داهات‌و خه‌رجكردنی‌ بودجه‌یان هه‌بێت، رێگه‌دان به‌رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ بۆ كاركردن دور له‌ده‌ستێوه‌ردانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، چاره‌سه‌ركردنی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ دیكه‌ به‌گوێره‌ی‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستورو به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌فاف‌و ئاشتیانه‌ كه‌ تێیدا مافه‌كانی‌ گشت پێكهاته‌و گروپه‌ ئیتنیه‌كانی‌ دیكه‌ له‌به‌رچاوبگیرێت.   
ئێمه‌ ده‌توانین هانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بده‌ین به‌وه‌ی‌ چوارچێوه‌یه‌كی‌ قانونی‌‌و رێكوپێك په‌ره‌پێبدات بۆ پێشخستنی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ تایبه‌ت‌و سیستمێكی‌ ئابوری‌‌و بانكی‌ كاریگه‌ر. ده‌ركردنی‌ یاسایه‌كی‌ گونجاوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تایبه‌ت به‌نه‌وت‌و گاز كه‌ كۆك بێت له‌گه‌ڵ یاسای‌ نیشتمانیدا. كۆتاییهێنان به‌قۆرخكاری‌ گرێبه‌سته‌كان‌و مه‌سه‌له‌ ئابورییه‌كانی‌ دیكه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌‌و پارتیه‌وه‌، داڕشتنی‌ چوارچێوه‌یه‌كی‌ قانونی‌‌و رێكوپێك بۆ پێشخستنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هاوشان له‌گه‌ڵ به‌هێزكردنی‌ یه‌كگرتویی‌ عێراقدا. 
بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قاچاقخچێتی‌ نایاسایی‌، ئێمه‌ به‌رده‌وامده‌بین له‌دروستكردنی‌ بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ سه‌ر سنور‌و پشتیوانیكردنی‌ پۆلیسی‌ سنوری‌‌و گومرگی‌ نیشتمانی‌. بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ پێكدادانی‌ چه‌كداری‌ له‌گه‌ڵ توركیا، پێویسته‌ هانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بده‌ین بۆئه‌وه‌ی‌ كراوه‌ بێت به‌روی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ توركیاداو به‌جۆرێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا بكات كه‌ نیگه‌رانیه‌ ره‌واكانی‌ توركیا له‌به‌رچاوبگرێت. كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی‌ ره‌واندنی‌ شه‌ڕیش له‌نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئیراده‌ی‌ خۆیان بۆئه‌وه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حزبیه‌كان بكه‌نه‌ قوربانی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكان‌و سیستمێكی‌ دیموكراتی‌ قبوڵبكه‌ن.   


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×