نەخۆشی فەرەنگی چییە؟
  2019-05-05       2849       


ئەم نەخۆشییە یەكێكە لە نەخۆشییە گوازراوەكان لەڕێگەی سێكسەوە و نەخۆشییەكی پەتایی و قورسە، ئەم نەخۆشییە بە دووڕێگە دەگوێزرێتەوە:

1. پەیوەندی سێكسی كە پێی دەوترێت جۆری وەرگیراو.

2. لەدایكەوە بۆ كۆرپە پێی دەوترێت كۆرپەلەیی.

هەربۆیە پشكنینی خوێن بۆ ژنی سكپڕ گرنگە تاوەكو بزانرێت ئایا خوێنەكەی پاكە لەم نەخۆشی یە یاخود ئەو نەخۆشییانەی تر كە بۆ كۆرپەلە ئەگوێزرێنەوە هەرچەندیش كەسی تووش بوو پەلە بكات لە چارەسەركردن ئەگەری تەواو چاكبوونەوە زیاتر ئەبێت و ماكی نەخۆشییەكان كەمترو ئەگەری گواستنەوەی كەمتر ئەبێت، هەربۆیە دەەبێت چارەسەری هەموو تووشبوانە بكرێت تەنانەت ئەوانەشی كە هیچ جۆرە نیشانەیەكیان لەسەر دەرنەكەوتووە.

پێویستە ئەو كەسانەی تووش بوون بەم نەخۆشییانە هیچ جۆرە كارێكی سێكسی ئەنجام نەدەن تا كاتی چاكبوونەوەیان بە تەواوەتی و تا تەواوبوونی چارەسەریەكەیان ئەگەر نا لەوانەیە پەتاكە بگوێزنەوە بۆ كەسانی بەرامبەریان و هاوسەرەكانیان، جگە لەوەی كە ئەگەری توشبونیان بە ڤایرۆسی (HIV) زیاد دەكات لەكاتێكدا كە هاوەڵەكانیان لە كارە سێكسیەكەدا هەڵگری ڤایرۆسی (HIV) بن، ئەگەر بزانین كە هەڵگری (HIV) هیچ نیشانەیەكی دیار نیە.

ئەم نەخۆشییە سێ‌ قۆناغی سەرەكی هەیە ئەوانیش:

قۆناغی یەكەم، نەخۆشییەكە لەماوەی نێوان (9 ـ90) ڕۆژ دوای پەیوەندی سێكسی لەگەڵ یەكێكی تووشبوودا دەردەكەوێت نیشانەكەشی دروستبوونی برینی پێستەو هەندێك جار برینەكە سەختە  ئەم برینانە 95% لەسەر ئەندامی زاوزێ‌ دروست دەبێت و 5% لە شوێنی تری لەشدا وەك (لێو و مەمكەكان)دروست دەبێت.


قۆناغی دووەم، ئەگەر لە قۆناغی یەكەمدا ئەم نەخۆشییە چارەسەرنەكرا، دوای دوو مانگ برینەكان نامێنێت و میكرۆبەكە لەڕێگەی خوێنەوە بڵاودەبێتەوە بۆ هەموو بەشەكانی لەش و ئەم نیشانانە دەردەكەوێت:

1. دەركەوتنی لیرێكی سووری ورد لەسەر پێست.

2. دەردراوی لینجی پەتایی لە ناوچەكانی دەم و لێو و ملی رەحم و كۆم.

3. هەوكردنی لیمفە گرێكان.

4. دەركەوتنی زیادە گۆشتی سپی لەسەر پێستی گون و كۆم لەپیاواندا و لەسەر ئەندامی ژن و ژێرباڵ و مەمك لە ژناندا.

لە م قۆناغەدا پشكنینی خوێن (100%) میكرۆبی سفلس (فەرەنگی) دەردەخات.

نەخۆشەكە هەست بە ئازار دەكات لە ئێسك و جومگەكان لەگەڵ بێ هێزی و ڕووتانەوە ی قژو هەوكردنی جگەر.

لەكۆتایی ئەم قۆناغەدا هەموو نیشانەكان نامێنێت و نەخۆشەكە وا دەردەكەوێت كە چاك بۆتەوە، ئەم قۆناغە زۆر خراپە بۆ ئەوانی تر چونكە تیایدا نەخۆشەكە هەڵگری میكرۆبەكە دەبێت و بۆ كەسانی تریشی دەگوێزێتەوە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ (دووساڵ یان زیاتر).


قۆناغی سێ‌ یەم، نەخۆشە كە تووشی ئاوسان دەبێت لە پێست و ئێسك و هەناودا لەماوەی نێوان (3 ـ7) ساڵ لە دەركەوتنی برینی یەكەم ئەم قۆناغە كۆتایی دێت بە فەرەنگی دڵ و كۆئەندامی دەمار لەنێوان (7 ـ 15) ساڵ دا پاشتریش ئیفلیجی و تێكچونی شێوەی دەم وچاو.

 



راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×