مەسعود بارزانی‌: ئێران زۆر مه‌ترسیداره‌‌و هه‌نگوینی‌ ژه‌هراوی ده‌رخواردی‌ به‌رامبه‌ر ده‌دات
  2019-05-14       3815       

مه‌سعود بارزانی‌ پێیوایه‌ سیاسه‌تی‌ ئێران زۆر مه‌ترسیداره‌ به‌وپێیه‌ی‌ "هه‌نگوینی‌ ژه‌هراوی" ده‌رخواردی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌دات، به‌ڵام له‌باره‌ی‌ توركیاوه‌ ده‌ڵێت، هه‌نگوین‌و ژه‌هرت ده‌داتێ‌، به‌ڵام ده‌زانیت كامیان ژه‌هره‌و كامیشیان هه‌نگوینه‌، بۆیه‌ نێچیرڤان بارزانی‌‌و مه‌سعود بارزانی‌ داواكارییه‌كی‌ قاسمی‌ سوله‌یمانیان ره‌تكردوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌حه‌شارگه‌یه‌كی‌ نهێنیدا. 

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ ویكیلیكس كه‌ كۆپیه‌كی‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتوه‌، له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا، نێچیرڤان بارزانی‌، برازاو زاوای‌ مه‌سعود بارزانی‌ گه‌شبینی‌ خۆی‌ به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و توركیا نیشانداوه‌، به‌ڵام به‌رامبه‌ر ئێران ره‌شبین بوه‌.
ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 2008، تێیدا نێچیرڤان ئاماژه‌ی‌ به‌پته‌وبونی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا كردوه‌، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ نوری‌ مالیكی‌، پێشنیازیكردوه‌ "له‌هه‌ر كوێ‌ حكومه‌تی‌ عێراق پێویستی‌ پێبێت، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ بۆ ره‌وانه‌ ده‌كات". 
به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ كه‌ هێمای‌ زۆر نهێنی‌ لێدراوه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌باره‌ی‌ ئێرانه‌وه‌، "بارزانی‌ كه‌متر گه‌شبینی‌ پێوه‌دیار بو. ئه‌و وتی‌، قاسم سوله‌یمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ قودس داوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ كردوه‌ بۆ تاووتوێكردنی‌ بارودۆخی‌ به‌سره‌ له‌هه‌مان ئه‌و حه‌شارگه‌ نهێنیه‌ی‌ كه‌ پێشتر تێیدا چاویكه‌وتبو به‌جه‌لال تاڵه‌بانی‌، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیانكردوه‌ته‌وه‌ چاویان پێبكه‌وێت".
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا هاتوه‌، نێچیرڤان په‌ندێكی‌ مه‌سعود بارزانی‌ مامی‌ هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ وتویه‌تی‌، "توركیا ژه‌هرو هه‌نگوینت ده‌داتێ‌‌و ده‌شزانیت لێكیانجیابكه‌یته‌وه‌، به‌ڵام ئێران زۆر مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ هه‌نگوینی‌ ژه‌هراویت ده‌رخوارد ده‌دات". 

ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌:
ئای‌ دی‌: 08BAGHDAD1168
بابه‌ت: نێچیرڤان بارزانی‌ ستایشی‌ په‌یوه‌ندی‌ دۆستانه‌ی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌كات
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غدا
به‌روار: 14ی‌ نیسانی‌ 2008
پۆلێن: زۆر نهێنی‌

رۆژی‌ 12ی‌ نیسان، ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی‌ ئه‌مریكی‌ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، كۆبونه‌وه‌و تێیدا بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ دوای‌ پشتیوانی‌ كورد له‌مالیكی‌ بۆ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی‌ له‌به‌سره‌ ئه‌نجامیدا، په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به‌ره‌وپێشچونی‌ دراماتیكی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌. له‌دیدی‌ بارزانیه‌وه‌، مالیكی‌ هه‌نگاوی‌ عاقڵانه‌ی‌ ناوه‌ له‌باره‌ی‌ یاسای‌ نه‌وت‌و غاز‌و دابینكردنی‌ بودجه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ پێشتر گه‌وره‌ترین ته‌نگژه‌ی‌ سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ هه‌ردولا بو، هه‌روه‌كو مالیكی‌ رازیبوه‌ به‌دانوستان له‌سه‌ر ره‌شنوسی‌ یاسای‌ نه‌وت‌و غازی‌ مانگی‌ شوباتی‌ 2007. هه‌روه‌ها بارزانی‌ باسی‌ له‌چه‌ند پلانێك كرد بۆ دوباره‌ باشكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراق‌و توركیا، به‌نیازیشه‌ چاویبكه‌وێت به‌نوێنه‌رانی‌ توركیا له‌ماوه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ به‌غدا. ئه‌و گه‌شبین بو له‌باره‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا‌و ره‌شبین بو به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌روه‌ك پشتیوانی‌ خۆیشی‌ نیشاندا بۆ په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ واشنتۆن له‌چوارچێوه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كانی‌ سه‌وفاو چوارچێوه‌ی‌ ستراتیژی‌. 
بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد، له‌دوای‌ پرۆسه‌كانی‌ سه‌ر به‌سره‌، په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان به‌غداو هه‌ولێر به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیار به‌ره‌وپێشچونی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌، به‌تایبه‌تی‌ به‌هۆی‌ په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ له‌گه‌ڵ مالیكی‌ كه‌ تێیدا پشتیوانی‌ خۆی‌ بۆ نیشاندا‌و پێشنیازیكرد له‌هه‌ر كوێ‌ حكومه‌تی‌ عێراق پێویستی‌ پێبێت، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ بۆ ره‌وانه‌ بكه‌ن. له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ پێشتریاندا، مالیكی‌ نه‌رمیه‌كی‌ زۆری‌ نواندوه‌ له‌سه‌ر دو خاڵی‌ سه‌ره‌كی‌: یاسای‌ نه‌وت‌و غازو بودجه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ پێیوابو مالیكی‌ ئه‌مجاره‌یان واقعبین بوه‌. (له‌كاتێكدا له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2007، مالیكی‌ له‌خۆبایی‌ دیاربوه‌). هه‌روه‌ها بارزانی‌ ستایشی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ به‌سره‌ی‌ كردو پێیوابو، ئیراده‌ی‌ له‌مشێوه‌یه‌ بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ میلیشیاكان یه‌كێكه‌ له‌و هه‌ڵوێسته‌ یه‌كلاكه‌ره‌وانه‌ی‌ كه‌ كورد ماوه‌ی‌ چه‌ندین مانگ بوه‌ له‌مالیكی‌ خواستوه‌. 
ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌كرد خۆی‌‌و مالیكی‌ رازیبون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ دانوستانه‌كانیان درێژه‌ پێبده‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ستورو ره‌شنوسی‌ یاسای‌ نه‌وت‌و غازی‌ مانگی‌ شوباتی‌ 2007 (ئاشتی‌ هه‌ورامی‌، وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان پێشتر له‌شوباتی‌ 2007 باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و ره‌شنوسه‌ ناده‌ستوریه‌). پاشان بارزانی‌ باسی‌ له‌سه‌ره‌تاكانی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ناكۆكیه‌كانی‌ نێوان به‌غداو هه‌ولێر كرد كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ رۆژی‌ 13ی‌ نیسانی‌ نێوان شه‌هرستانی‌‌و ئاشتی‌ هه‌ورامی.       
بارزانی‌ پلانی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌شته‌كه‌ی‌ بۆ به‌غدا چاویبكه‌وێت به‌به‌رپرسانی‌ توركیا له‌وانه‌ ئه‌حمه‌د دادود ئۆغلۆ‌و مورات ئۆزچلیك. بارزانی‌ وتی‌ توركه‌كان داوایان لێكردوم له‌ده‌وحه‌، ئوردون‌و به‌غدا له‌گه‌ڵیان كۆببمه‌وه‌، به‌ڵام من به‌غدام هه‌ڵبژارد. هه‌روه‌ها پێشبینیكرد بانگهێشتبكرێت بۆ ئه‌نكه‌ره‌ به‌مزوانه‌. بارزانی‌ وتی‌ دۆستایه‌تی‌ توركیا زۆر گرنگه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌یه‌كه‌مین هاوبه‌شی‌ بازرگانیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم داده‌نرێت‌و خاوه‌نی‌ بۆریه‌كی‌ نه‌وتی‌ به‌سوده‌ بۆ نه‌وت‌و گازی‌ عێراق. نێچیرڤان سكاڵای‌ ئه‌وه‌ی‌ كرد كه‌ توركیا چاوه‌ڕوانی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌چی‌ نایه‌وێت گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بكات‌و به‌رده‌وامیشه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری‌ سه‌ربازی‌ بێكه‌ڵك بۆ كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و گه‌شبین بو به‌ئاینده‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا. بارزانی‌ به‌ڵێنیدا هه‌وڵه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رده‌وامبێت بۆ ئیحتیواكردنی‌ جموجوڵه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌. 
له‌باره‌ی‌ ئێرانه‌وه‌، بارزانی‌ كه‌متر گه‌شبینی‌ پێوه‌دیاربو. وتی‌، قاسم سوله‌یمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ قودس داوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ كردوه‌ بۆ تاووتوێكردنی‌ بارودۆخی‌ به‌سره‌ له‌هه‌مان ئه‌و حه‌شارگه‌ نهێنیه‌ی‌ كه‌ پێشتر تێیدا چاویكه‌وتبو به‌جه‌لال تاڵه‌بانی‌. به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیانكردوه‌ته‌وه‌ چاویان پێبكه‌وێت له‌به‌ر دو هۆكار، یه‌كه‌میان پێیانوابوه‌ كۆبونه‌وه‌ له‌حه‌شارگه‌یه‌كی‌ نهێنیدا ناگونجێت له‌گه‌ڵ شان‌و شه‌وكه‌تیاندا، دوه‌میان كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوپای‌ قودس پێچه‌وانه‌ دێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق به‌رپایكردوه‌ دژی‌ میلیشیاكانی‌ سه‌ر به‌ئێران. نێچیرڤان په‌ندێكی‌ مه‌سعود بارزانی‌ مامی‌ هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ وتویه‌تی‌، "توركیا ژه‌هرو هه‌نگوینت ده‌داتێ‌‌و ده‌شزانیت لێكیانجیابكه‌یته‌وه‌، به‌ڵام ئێران زۆر مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ هه‌نگوینی‌ ژه‌هراویت ده‌رخوارد ده‌دات". 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×