ویكیلیكس: سه‌رچاوه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ گۆڕانكاریه‌كانی‌ ناو یه‌كێتیی، نه‌وشیروان مسته‌فا بوه
  2019-05-19       2781       

  ‌ ئا: هاوكار حسێن

به‌پێی‌ وته‌ی‌ دیپلۆماتكاره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌عێراق، زۆرینه‌ی‌ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی‌ له‌ناو یه‌كێتیدا كراون، سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بوه‌، "به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ستن به‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و هه‌وڵی‌ هێنانی‌ ده‌موچاوی‌ گه‌نج بۆ ناو حزب". باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وكاته‌ی‌ له‌ناو یه‌كێتیدا جێگری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ بوه‌، پشتیوانێكی‌ به‌هێزی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ بوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم.

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ پێگه‌ی‌ ره‌سمیی‌ ویكیلیكس كه‌ ئاوێنه‌ ده‌قه‌كه‌ی‌ كردوه‌ به‌كوردیی‌‌و له‌لایه‌ن دیپلۆماتكاره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌عێراقه‌وه‌ نوسراوه‌و ره‌وانه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌‌و وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌یان كراوه‌، هاتوه‌، "زۆرینه‌ی‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتیی‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ستن به‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و هه‌وڵی‌ هێنانی‌ ده‌موچاوی‌ گه‌نج بۆ ناو حزب. نه‌وشیروان مسته‌فا پشتیوانێكی‌ گرنگی‌ ناو یه‌كێتییشه‌ بۆ نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم".
ناوه‌رۆكی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ باس له‌ورده‌كاریی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ نێوان ئه‌مه‌ریكیه‌كان‌و نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كات له‌ساڵی‌ 2006، تێیدا نه‌وشیروان وه‌ك جێگری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ یه‌كێتیی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و قه‌رارگای‌ ئه‌منیه‌تی‌ ئێران "رێككه‌وتنێكی‌ شه‌ره‌ف"یان هه‌بوه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌هێرشی‌ به‌رهه‌ڵستكارانی‌ ناوخۆ بۆسه‌ر سنوره‌كانی‌ یه‌كتری‌". هه‌روه‌ها ناوبراو ئێرانی‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباركردوه‌ كه‌ "په‌نای‌ 600 ئه‌ندامی‌ سوننه‌ی‌ گروپی‌ تیرۆریستی‌ ئه‌نسار ئه‌لئیسلامیان داوه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ ناچار به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بكرێن بۆ ناوچه‌كانی‌ باشوری‌ عێراق". 
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا نه‌وشیروان مسته‌فا وتویه‌تی‌، "كۆنترۆڵكردنی‌ كه‌ركوك گرنگه‌ بۆ پێگه‌ی‌ ستراتیجیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌پاراستنی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر له‌نه‌یاره‌كانی‌. حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌توانێت ئیداره‌دان‌و پاراستنی‌ هه‌ندێك كه‌رتی‌ هه‌ستیار بگرێته‌ئه‌ستۆ، وه‌ك كۆمپانیاكانی‌ نه‌وت‌و بۆرییه‌ نه‌وتیه‌كان".

ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان:
ئای‌ دی‌:06KIRKUK125
بابه‌ت: یه‌كێتیی‌ ده‌گۆڕێت: پێویسته‌ كه‌ركوك بچێته‌پاڵ پارتی‌، ئێران هاوپه‌یمان نیه‌ 
سه‌رچاوه‌: نوێنه‌رایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌كه‌ركوك
به‌روار: 15ی‌ ته‌مموزی‌ 2006
پۆلێن: زۆر نهێنی‌

 

پوخته‌: 
سه‌ركرده‌ی‌ باڵای‌ یه‌كێتیی‌، نه‌وشیروان مسته‌فا رۆژی‌ 1ی‌ ته‌مموزی‌ 2006 له‌سلێمانی‌ به‌نوێنه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكای‌ راگه‌یاند كه‌ یه‌كێتیی‌ چاكسازیی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌ستپێكردوه‌، له‌وانه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ تێكڕای‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ كه‌ له‌گونده‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا قه‌زاو ناحیه‌كان. هه‌روه‌ها باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ ریفراندۆم له‌سه‌ر ماده‌ی‌ 140 پێویسته‌ بۆ پێگه‌ی‌ ستراتیجیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌پاراستنی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانی‌. دواتر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ شاره‌ كوردییه‌كانی‌ ئێران پاراستوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ئێراندا وانیه‌. 

 

ئێران، دۆستی‌ كورده‌كان نیه‌
حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و قه‌رارگای‌ ئه‌منیه‌تی‌ ئێران "رێككه‌وتنێكی‌ شه‌ره‌ف"یان هه‌بوه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌هێرشی‌ به‌رهه‌ڵستكارانی‌ ناوخۆ بۆسه‌ر سنوره‌كانی‌ یه‌كتری‌. هه‌روه‌ها یه‌كێتیی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ره‌سمیی‌ هه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی‌ سێ‌ شاری‌ كوردیی‌ ئێران. به‌ڵام حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ نیشتیمانیی‌ ئێران هیچ شتێكی‌ هاوبه‌شیان نه‌بوه‌، ته‌نانه‌ت جیاوازن له‌زمان، ئامانجی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، ئایدیۆلۆژیی‌‌و ئایین. مسته‌فا وتی‌، ئێرانیه‌كان چالاكانه‌ كاریانكردوه‌ له‌دژی‌ عێراق، بۆ نمونه‌ ئێرانیه‌كان په‌نای‌ 600 ئه‌ندامی‌ سوننه‌ی‌ گروپی‌ تیرۆریستی‌ ئه‌نسار ئه‌لئیسلامیان داوه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ ناچار به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بكرێن بۆ ناوچه‌كانی‌ باشوری‌ عێراق. 

 

ماده‌ی‌ 140 كۆنترۆڵكردنی‌ كه‌ركوك، حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌پارێزێت
مسته‌فا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌كه‌ركوك له‌كاتی‌ خۆیدا له‌ساڵی‌ 2007، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێویستی‌ به‌زیادبونی‌ رێژه‌ی‌ بودجه‌ی‌ نیشتیمانیی‌ هه‌بوه‌ له‌گێڕانه‌وه‌ی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك. پاشان حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌توانێت پاره‌یه‌كی‌ زیاتر دابینبكات بۆ ئه‌و ناوچه‌ دابڕێنراوانه‌ی‌ كه‌ركوك كه‌ به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، كه‌ له‌ئێستادا عه‌ره‌به‌كان ته‌مویلی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌ك هێمایه‌كی‌ ئه‌و ستراتیجه‌ لێكده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ كاتی‌ خۆی‌ جوله‌كه‌كان له‌فه‌ڵه‌ستین گرتیانه‌به‌ر. هه‌روه‌ها كۆنترۆڵكردنی‌ كه‌ركوك گرنگه‌ بۆ پێگه‌ی‌ ستراتیجیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌پاراستنی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر له‌نه‌یاره‌كانی‌. حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌توانێت ئیداره‌دان‌و پاراستنی‌ هه‌ندێك كه‌رتی‌ هه‌ستیار بگرێته‌ئه‌ستۆ، وه‌ك كۆمپانیاكانی‌ نه‌وت‌و بۆرییه‌ نه‌وتیه‌كان. 

 

گۆڕانكارییه‌كانی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتیی‌
پرۆسه‌ دو مانگیه‌كه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ له‌گوندو قه‌زاو ناحیه‌كانی‌ دهۆك، سلێمانی‌‌و هه‌ولێر له‌1ی‌ ته‌مموز ده‌ستیپێكرد. نه‌وشیروان مسته‌فا وتی‌، ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ ریشه‌یی‌‌و گشتگیره‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حزب بۆ نوێبونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتیی‌‌و جێكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ گه‌نج له‌سه‌ركردایه‌تی بوه‌، هه‌روه‌ها بۆ دابه‌شكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسۆیی‌ له‌رێگه‌ی‌ كۆتاییهێنان به‌قۆرخكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ بڕیاردان له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌و ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تیه‌وه‌. 
مسته‌فا باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ نزمترین ئاستی‌ ته‌مه‌ن بۆ به‌شداربون له‌هه‌ڵبژاردن به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌یشتن به‌سه‌ركردایه‌تیی‌ حزب، له‌ 30 ساڵیه‌وه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ بۆ 16 ساڵ. هاوكات نزمترین ئاستی‌ ساڵانی‌ ئه‌ندامێتییش له‌ 15 ساڵه‌وه‌ هاتۆته‌خواره‌وه‌ بۆ 6 مانگ‌و مه‌رجی‌ بونی‌ بڕوانامه‌ی‌ زانكۆ لابراوه‌. ئه‌وان هیواداربون ژنانی‌ زیاتر خۆیان بۆ پۆسته‌كان بپاڵێون، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ گونده‌كاندا زه‌حمه‌ت بوه‌. به‌شێوه‌یه‌كی‌ تیۆریی‌، له‌هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێكی‌ رێكخستندا ژنێك هه‌بوه‌. 
هه‌روه‌ها یه‌كێتیی‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی‌ نه‌وشیروان مسته‌فای‌ جێبه‌جێكردوه‌ بۆ دانانی‌ مه‌كته‌بێكی‌ لێپرسینه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ناوخۆی‌ حزبدا. ئه‌م مه‌كته‌به‌ ده‌توانێت لێپرسینه‌وه‌ له‌هه‌ر ئه‌ندامێك‌و هه‌ر ده‌نگۆیه‌ك بكات، ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واویشی‌ ده‌بێت بۆ به‌دواداچون له‌باره‌ی‌ هه‌ر كێشه‌یه‌كه‌وه‌. ئه‌م مه‌كته‌به‌ كاری‌ به‌تاوان‌و روداوه‌كانی‌ رابردوه‌وه‌ نیه‌، ته‌نها له‌گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌پێچێته‌وه‌، بۆ نمونه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ نوێ‌. لیژنه‌ی‌ ناوخۆیی‌ سێ‌ ئه‌ندام له‌خۆی‌ ده‌گرێت: دادوه‌رێك، به‌ڕێوه‌به‌رێكی‌ دارایی‌‌و ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتیمانیی‌ كوردستان. ئه‌م مه‌كته‌به‌ ده‌توانێت پله‌ی‌ ئه‌ندامێتیی‌ له‌حزب بكشێنێته‌وه‌و بڕیاره‌كانیشی‌ ناتوانرێت هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه‌.

 

كۆمێنت:
هه‌وڵه‌كانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ دورخستنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌حكومه‌تی‌ ئێران، دوای‌ دزه‌پێكردنی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ ناوخۆیی‌ دێت سه‌باره‌ت به‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ نهێنیی‌ نێوان ده‌زگای‌ ئیتلاعاتی‌ ئێران‌و مه‌كته‌بی‌ سیاسییه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌‌و پارتی‌. زۆرینه‌ی‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتیی‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ستن به‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و هه‌وڵی‌ هێنانی‌ ده‌موچاوی‌ گه‌نج بۆ ناو حزب. نه‌وشیروان مسته‌فا پشتیوانێكی‌ به‌هێزی‌ خۆگونجاندنی‌ حزبه‌كه‌یه‌تی‌ له‌گه‌ڵ عێراقی‌ نوێ‌ له‌پێناوی‌ مانه‌وه‌دا، پشتیوانێكی‌ گرنگی‌ ناو یه‌كێتییشه‌ بۆ نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم. 


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×