پەرلەمانتارێك: حكومەتی هەرێم تانەی لەچەند ماددەیەكی ياساى بودجەی گشتی عێراق دا
  2023-07-15       922       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدرالی تانەی لە چەند ماددەیەكی بودجەی گشتی عێراق دا.

ئاوێنە: خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، بە میدیای پارتی وت، حکومەتی هەرێمی کوردستان تانە لە ماددەکانی 2، 11، 12، 13ی بودجەی گشتی عێراق داوە.

وتیشی"ئەو بڕگانەی بودجە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای لە دژ تۆمارکردون، پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە ئەو بڕگانە پێچەوانەی دەستوری عێراقن".

خەلیل غازی، ئاشکراشیکرد، لە 12ی تەمموزی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دادگای فیدراڵی سکاڵای دژی ئەو بڕگە و ماددانەی بودجە تۆمارکردوە.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراق، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، وتی"هەر کاتێک رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی بودجە دەرکران، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێن تا دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر سکاڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، ئەگەر هەر بڕگه و ماددەیەک هەڵە بو یان لا دەدرێت یان راستی دەکرێتەوە".

وتیشی: "تانەدان لە بودجەی عێراق رێگری لە ناردنی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×