دابەشكردنی موچەی مانگی 7ی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە بەهۆكارێكی نادیار ڕاگیرا
  2023-08-05       861       


دابەشكردنی موچەی مانگی حەوتی لیوا هاوبەشەكانی‌ پێشمەرگە بەهۆكارێكی نادیار راگیراوەو پێدەچێت دابەشكردنەكەی بكەوێتە رۆژی سێشەممە.

ئاوێنه‌: ئێوارەی ئەمڕۆ لیوای پێنجی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشمەرگەكانی لیواكەی ئاگاداركردەوە كە بەهۆكارێكی نادیار كە ئەوانیش نازانن چییە، دابەشكردنی موچەی مانگی حەوتی لیوا هاوبەشەكان تا كاتێكی نادیار ڕاگیراوەو دەستەڵاتی خەرجكردنی نەدراوە بەبانكەكان، بۆیە داوایان كردووە هیچ پێشمەرگەیەك سەردانی بانكەكان نەكات بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی تەمموز.

هاوكات سەرچاوەیەك لەلیوای پێنجی پیادە بەمیدیای‌ یه‌كێتی‌ راگەیاندووه‌، پارەی هاوپەیمانان بۆ موچەی مانگی حەوتی لیوا هاوبەشەكان گەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگەش پارەكەی خستووەتە سەر هەژماری ئەو بانكانەی كە موچەی لیوا هاوبەشەكانی لێ دابەشدەكرێت، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆكارێكی نادیار دابەشكردنەكەی راگیراوەو نازانرێت كەی دابەشدەكرێت.

بەوتەی سەرچاوەكەی لیوای پێنجی پیادە، پێدەچێت رۆژی سێشەممە دەستبەدابەشكردنی موچەی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×