ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی: پێشبینیده‌كه‌ین هه‌فته‌ی داهاتو شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكرێت
  2023-08-13       962       

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای ته‌واوبونی وردبینی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ له‌داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پێشبینی ده‌كه‌ن سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتو موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ بكرێت.

ئاوێنه‌: ئیخڵاس دلێمی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عێراق رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو سازشێكی كرد، له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، به‌ڵام تا ئێستاش حكومه‌تی فیدراڵ له‌جێبه‌جێكردندا كات به‌فیرۆ ده‌دات.

وتیشی‌، ئێستا تیمه‌كانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق له‌هه‌رێمی كوردستانن و سه‌رقاڵی وردبینین بۆ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان. دوای ئه‌وه‌ی رێنماییه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ ده‌ركران، ئه‌مڕۆ ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كاندا بگشتێنرێن، بۆ ئه‌وه‌ی كاریان پێ بكرێت، پێویسته‌ پشكی هه‌رێم له‌مانگی یه‌كه‌وه‌ تا مانگی 6 ره‌وانه‌ بكرێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌مانگی 7وه‌ هه‌یه‌، داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانیش پێشكه‌ش ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌رێكی بۆ دیاریبكرێت، پێشبینیشیكرد، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتو هه‌مو شایسته‌ ته‌واوكارییه‌كانی دیكه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكرێن. 

باسی له‌وه‌شكرد، سبه‌ی دوشه‌ممه‌ یان سێشه‌ممه‌ شاندێكی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكات، بۆ خستنه‌ڕوی داتاكان، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر شایسته‌ داراییه‌كانی ره‌وانه‌ بكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×