هۆشیار زێباری: بەشێك لەسەركردە شیعەكان كار بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق دەكەن
  2019-01-19       805       
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند؛ بەشێك لە سەركردە شیعە عێراقییەكان بەجدی كاردەكەن بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق.

ئاوێنە: هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەتویتێكدا رایگەیاند"ئەو سەركردە شیعە عێراقیانەی كە لەلایەن ئێرانەوە ئامۆژگاری دەكرێن، بەجدی فشاردەكەن بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق لەڕێگەی دەنگدانەوە لە پەرلەمانی عێراق."

زێباری هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئەو پرسە بەم نزیكانە دەبێتە پرسێكی سەرەكی سیاسی.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ(هەینی) مەنسور بەعێجی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیادنان لەپەرلەمانی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندبو"رەشنوسی یاسای دەركردنی هێزە بیانییەكان لەعێراق لەدوا ئامادەكاریدایەو دوای ئەوە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت بۆ ئەوەی بخرێتە كارنامەی دانیشتنەكانەوە لەپێناو پەسەندكردنی لەزوترین كاتدا."

بەعێجی پێشبینی كردبو زۆربەی فراكسیۆنەكان دەنگ لەبەرژەوەندی ئەو پڕۆژە یاسایە بدەن چونكە بەقسەی ئەو كۆدەنگییەك هەیە لەنێو هەمواندا بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایە بەبێ دواخستن. 

ئەوەشی خستبوەڕو كە پڕۆژە یاساكە دەركردنی هەر هێزێكی بیانی لەنێو خاكی عێراق و هەروەها چۆڵكردنی بنكە سەربازییەكان لەسەربازی بیانی تەنانەت لەهەرێمی كوردستانیش لەخۆدەگرێت چونكە هیچ هۆكارێك بۆ مانەوەی ئەو هێزانە لەسەر خاكی عێراق نەماوە.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە پڕۆژە یاساكە لەلایەن شارەزایان و فەرماندە سەربازییەكانەوە ئامادەكراوەو لەئێستاشدا خەریكن دوایین رەشنوسی ئامادە دەكەن و جەختیش كردبۆوە كە ئەو پڕۆژەیە رێگە بە یەك سەربازی بیانیش نادات لەژێر هەر ناوێكدا لەعێراق بمێنێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×