كەشناسی هەرێم وادەی كۆتاییهاتنی شەپۆلی گەرمای راگەیاند
  2019-08-13       1238       

كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات ئەو شەپۆلی گەرمایەی شارەكانی باشوری كوردستانی گرتۆتەوە لە رۆژی هەینی و شەممەی داهاتوەو كۆتایی بێت و پلەكانی گەرما رو لە نزمبونەوە بكەن.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە، رایگەیاند"لەئەنجامی لاوازبونی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ساڵانە لەسەر هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكرێت كەوا پلەكانی گەرما لە رۆژانی هەینی و شەممەی داهاتو نزمبونەوەیەكی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت."

بەپێی پێشبینی كەشناسی دابەزینی پلەكانی گەرما بەجۆرێك دەبێت كە لەزۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان پلەی گەرمی 3 بۆ 5 پلە نزم دەبێتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە چەند رۆژێكە شەپۆلێكی گەرما روی لە ناوچەكانی باشوری كوردستان كردوە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×