شا سەلمان داوا لەئێران دەكات "دەستبەرداری بیری فراوانخوازیی و تێكدەرانە بێت"
  2019-11-21       748       

شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، پاشای سعودیە داوا لە ئێران دەكات "دەستبەرداری بیری فراوانخوازیی و تێكدەرانە بێت" چونكە ئەوە "بەر لە هەر كەس زیانی بە گەلی ئێران گەیاندوە."

ئاوێنە: شا سەلمان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەردەم ئەنجومەنی شورای وڵاتەكەیدا لە وتەیەكدا رایگەیاند"خوازیارین رژێمی ئێران لایەنی حیكمەت هەڵبژێرێت و تێبگات كە هیچ رێگەیەك نییە بۆ دەربازبونی لەو هەڵوێستەی نێودەوڵەتییەی كە رەفتارەكانی رەتدەكاتەوە، ئەوە نەبێت كە دەستبەرداری بیرە فراوانخوازی و تێكدەرانەكەی ببێت كە بەر لە گەلانی دیكە زیانی بە گەلی ئێران گەیاندوە."

پاشای سعویە وتوشیەتی"سعودیە بەدەست سیاسەت و رەفتارەكانی ئێران و بریكارەكانییەوە زۆری چەشتوە كە بەم دواییانە گەیشتۆتە هەڵكشانێكی نوێ لە كردەوەی بەرنامەدارو مەبەستدار بۆ لاوازكردنی هەمو دەرفەتەكانی ئاشتی و ئارامی لەناوچەكە."

ئەو قسانەی شا سەلمان دوای ئەوە دێن كە ناوچەی كەنداو لە مانگی ئایاری رابردوەوە چەندین هێرشی نادیاری بۆ سەر چەند كەشتییەكی نەوتهەڵگر بەخۆوە بینیوەو هەروەها لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵ دامەزراوە نەوتییەكانی كۆمپانیای ئارامكۆ لە سعودیە لەڕێگەی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە چەند گورزێكیان لێ وەشێنرا.

تاران و ریاز تارانیان تۆمەتباركرد بە ئەنجامدانی هێرشی سەر كەشتییەكان و هەروەها بەرپرسیارێتی هێرشەكانی سەر ئارامكۆیان خستە ئەستۆی تاران بەڵام ئێران ئەو تۆمەتانەی بەتوندی رەتكردنەوە.

پەیوەندییەكانی نێوان ریاز و تاران لە سەردەمی هێرشەكردنە سەر باڵیۆزخانەی سعودیەوە لە تاران لەسەرەتای ساڵی 2016دا تا ئێستا پچڕاون. هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكەی سعودیە كاردانەوە بو بەرامبەر بە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی نەمر ئەلنەمر، كە پیاوێكی ئایینی شیعە بو، لەلایەن سعودیە.

شا سلێمانی لە وتەكەی ئەمڕۆیدا وتی"دەبێت رژێمی ئێران بزانێت كە لەبەردەم چەند بژاردەیەكی جددیدایە، هەر بژاردەیەك لێكەوتەی خۆی دەبێت و دەبێت ئاكامەكانی قبوڵ بكات. سعودیە دەستپێشخەری شەڕ نابێت، چونكە بەردەوام دەستی بۆ ئاشتی درێژەو ئەوەش گەورەترە لەلای لە گەیاندنی زیان بە هەر كەسێك، لەگەڵ ئەوەش لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ بەرگریكردن لە گەلەكەی بەرامبەر بە هەر دەستدرێژییەك."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×