پەرلەمانتارێكی فەتح پێشبینی دەكات هەفتەی داهاتو ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران ئاشكرابكرێت
  2020-01-16       391       

حامد موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەپەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتو ناوی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرابكرێت، دەشڵێت، مەرجی نوێ هەن بۆ ئەو كەسایەتییەی كە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كاندیددەكرێت.

ئاوێنە: حامد موسەوی لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی "سومەریەنیوز"ی راگەیاند، لەژێر رۆشنایی پەرەسەندنە سیاسییە نوێكان، چەند مەرجێكی نوێش دانراون بۆ ئەو كەسەی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوی عێراق وەردەگرێت.

رونیشیكردۆتەوە كە رێككەوتنێكی سیاسی نوێ هەیە لەسەر ئەوەی كە كاندیدی پۆستەكە دەبێت بەڵێن جێبەجێكردنی بڕیاری كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لەعێراق بدات و هەروەها كاربكات بۆ كاراكردنی رێككەوتنەكەی نێوان عێراق و چین.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح وتوشیەتی، ئاڵنگاریی زۆرو گەورەو رەتكردنەوەی ئەمریكا بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ چین لەئارادان و ئەوە سەرەڕای گوشاری هەندێك لایەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێككەوتنە لەگەڵ چین.

حامد موسەوی پێشبینیشی كردوە كە هەفتەی داهاتو ناوی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران رابگەیەنرێت و بهێنرێتە پەرلەمان.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×