"له‌دو رۆژی داهاتودا به‌پێی بودجه‌ی 2019، به‌غدا موچه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كات"
  2019-03-07       2732       

بڕیاره‌ به‌غدا له‌ دو رۆژی داهاتودا به‌پێی یاسای بودجه‌ی 2019ی عێراق موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ بكات.

ئاوێنه‌: ئه‌حمه‌د سه‌فار، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ میدیای ره‌سمی یه‌كێتی راگه‌یاند"سه‌رله‌بەیانی ئەمڕۆ 7ی ئاداری 2019، لەبارەی رەوانەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێشمەرگەر پەیوەندیم بە وەزارەتی دارایی عیراقەوە كردوە."

وتیشی"وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندنم تا دو رۆژی تر بەپێی یاسای بودجەی 2019ی عیراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێشمەرگە رەوانە دەكەن."

ئه‌ندامانی كوردی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بەپێی یاسای بودجەی 2019ی عیراق كە لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە پەسەندكراوە، دەبێت مانگانە بەغدا بڕی 522 ملیار دینار بۆ فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان هێشتا موچه‌ی مانگی 12ی ساڵی رابردویان وه‌رنه‌گرتوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا له‌ رۆژی 5ی ئه‌م مانگه‌وه وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌ست به‌‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 12ی ساڵی رابردو بكرێت به‌ڵام تا ئێستا له‌گه‌نجینه‌كانه‌وه‌ ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی موچه‌.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×