لەباشوردا مەنهەجییانە پەیام و تێزەکانی ئۆجەلان دەشێوێنرێن

ئارام ره‌فعه‌ت
  2019-08-13     428

لەباشوردا دوو لایەنی جیاواز بە شێوەیەکی مەنهەجییانە پەیام و تێزەکانی بەڕێز ئۆجەلان دەشێوێنن. لایەنێکییان وەک چاوەڕوانکراوە، بەرەی پارتی و هێزە ئیخوانییەکانە. لایەنەکەی تری ئەو هەڵمەتی شێواندنەش، هەندێک لەوانەن کە لەسەر تەڤگەری ئاپۆیی باشور هەژمار دەکرێن. نموونەی ئەو شێواندنەش، ئەو بەلارێدابردن و هەڵە تەئویل و تەفسیرکردنەیە کە بۆ دوا پەیامەکەی ئۆجەلان لەلایەن ئەو دوو لایەنە کراوە و دەکرێت.


لایەنی یەکەم: پارتی-ئیخوانی
بەدوای بڵاوکردنەوەی پەیامە ئاشتییەکەی بەرێز ئۆجەلان، لایەنی پارتی-ئیخوانی هەڵمەتێکی فراوانی بۆ شێواندن و بەلارێدابردنی پەیام و ئامانجەکانی ئۆجەلان خستە گەڕ. کۆی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییە دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێنەوە:
-  ئۆجەلان و پەکەکە دەسبەرداری دەوڵەتی کوردی بوون.
-  ئۆجەلان و پەکەکە بەرگری لەیەکپارچەیی خاکی تورکیا دەکەن.
- ئۆجەلان و پەکەکە تەنها دژی ئەردۆغانن و هیچ کێشەیەکییان لەگەڵ تورکیا نییە.
-  ئۆجەلان و پەکەکە خەباتی نەتەوەیی رەتدەکەنەوە.
-  ئۆجەلان و پەکەکە، چل ساڵە خوێن و قوربانییان لەپێناو هیچ دا داوە و تەنها کوڕی هەژاریان بەکوشت داوە.

لایەنی دووەم: هەندێک لە لایەنگر و هاوسۆزەکانی پەکەکە لەباشور
ئەوەی زیاتر دەرفەتی بۆ پارتی و رکابەرەکانی تری ئۆجەلان لەباشوررەخساندووە ئەو کەس و گروپانەن کە وەک بەشێک لە تەڤگەری پەکەکە ناسراون یان بە نزیک و هاوسۆز و هاوفکری ئەو تەڤگەرە خۆیان دەناسێنن.
هەمان شێوەی بەرەی پارتی-ئیخوانیش، ئەو کەس و گروپانەش دوا پەیامی ئۆجەلانییان کردە بیانوو بۆ ئەوەی جارێکی تر تێز و جیهانبینی خۆیان لەپاڵ هاوفکری و هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ تەڤگەر،  دەرخواردی خەڵکی باشور بدەن.
کۆی ئیدیعای ئەو کەس و گروپانە دەکرێت لەچەند خاڵێکی لەم جۆرەدا کورت بکرێتەوە:
سەردەمی خەبات بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی و کیانی نەتەوەیی و فکری نەتەوەیی بەسەر چووە.
مەسەلەی نەتەوەیی لەسەر ئاستی دونیادا کۆتایی هاتووە و سەردەم سەردەمی پێکەوە ژیانی گەلانە.
دەوڵەتە نەتەوەییەکان خەریکە بەرەو نەمان و دەچن هیچ دەوڵەتێک نییە ئێستا نەتەوەیی بێت.
ئایدیۆلۆژیا فکر و خەبات و خەونی نەتەوەیی بەشێکن لە ناسیونالیزم و فاشیزم و دەبێت دژایەتی بکرێن.
پێویستە کور لەگەڵ تورک لە تورکیا و عەرەب لە عێراق و فارس لەئێراندا بمێننەوە.
کورد دەوڵەتی پێویست نییە و دوا پەیامەکەی ئۆجەلانیش بەراشکاوی ئەمە تەئکید دەکاتەوە.


بەمجۆرە، ئەو تۆمەت و گومان و شێواندنانەی کە پارتی دەیەوێت بیخاتە پاڵ بەرێز ئۆجەلان و تەڤگەرەکەی لەلایەن بەشێک لەلایەنگر و هاوسۆزەکانی تەڤگەر لەباشور تەسدیق و پشتراست دەکرێتەوە. بەواتایەکی تر، بەرەی پارتی-ئیخوانی لەم هەڵمەتەیاندا تەنییا نین و بەشێک لەوانەش کە لەسەر تەڤگەری ئاپۆیی لەباشور حیسابن، ئاگایانە یان نائاگایانە هاوکاری پارتین لەم پرۆسەیەدا.


سەرەنجام، بەهۆی کاری ئەو دوو لایەنەوە، زەمینەیەکی لەبار لە کوردستاندا هاتۆتە ئاراوە بۆ لێدان و دژایەتیکردنی بەرەی وڵاتپارێز و نەتەوەیی، بەرەیەک کە سیما و جەوهەری تەڤگەری پەکەکە پێکدەهێنێت.

بەڕاست پەکەکە دەسبەرداری فکر و خەباتی نەتەوەیی بووە؟
رەنگە زۆرکەس بڵێن و ئیدیعای ئەوە بکەن کە ئەو دوو لایەنە راست دەکەن و لای پەکەکە خەباتی نەتەوەی و فکری نەتەوەیی و دواجاریش دەوڵەتی نەتەوەیی کۆتایی هاتووە. بەڵام گوتار و رەفتاری رابەرانی پەکەکە، رێک پێچەوانەی ئەو ئیدیعایەیە.  دوا پەیامی بەرێز موراد قەرەیەڵان ئەو راستییە دەسەلمێنێت.
قەرەیەڵان لە (٥)ی مانگی ئابی ئەمساڵدا و تەنها سێ رۆژ پێش پەیامەکەی بەرێز ئۆجەلان، پەیامێکی روو لە خەڵکی باشور لە ستێرک تیڤی بڵاوکردەوە.
قەرەیەڵان لە پەیامەکەیدا پێداگری لە سەر خەبات و رێبازی نەتەوەیی بۆ گەلی باشور دەکات و بەراشکاوی و بێپەردە بەخەڵکی باشور دەڵێت:
"پێویستیمان بە خەباتی نەتەوەیی هەیە"
قەرەیەڵان هەروەها داوا لە گەل و دەسەڵات و حیزبەکانی باشور دەکات کە:
"بە هەستیاری و رۆحێکی نەتەوەیی نزیکی بابەتەکان بن"
"بەرێبازی نەتەوەیی کار بکەن."
"رێبازی نەتەوەیی پێش بخەن."
قەرەیەڵان لەهەمان پەیامدا و بەراشکاوی دەڵێت کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستاندا یەک نەتەوەیە و پرسەکەشی هەر یەک پرسە و لەیەک جیا ناکرێتەوە و ئەگەر ئێمەش جیای بکەینەوە، داگیرکەران جیای ناکەنەوە. ئەو پێداگری لەسەر ئەوەش دەکات کە هیچ پارچەیەک ناتوانێت بەتەنیا ئازاد بێت.
مەگەر ئۆجلان لەدوا پەیامیدا نەیگوت کورد دەوڵەتی ناوێت؟
رەنگە هەندێکی تر بڵێن، مەگەر ئۆجەلان بەراشکاوی و لەدوا پەیامیدا نەیگوت کورد پێویستی بەدەوڵەت نییە و دەیەوێت لەگەڵ تورکدا بمێنێتەوە؟
نەخێر ئۆجەلان هەرگیز قسەی وای نەکردووە.
پەیامەکەی ئۆجەلان،کەلەسەر زاری پارێزەرەکانی بڵاوکرایەوە، رێک تەئکیدکردنە لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.
فەرموون لەگەڵ هێڵە سەرەکییەکانی پەیامەکەی ئۆجەلان:


یەکەم: ئۆجەلان گوتی دەمەوێت کیانێک بۆ کورد دروست بکەم.
دووەم: ئۆجەلان گوتی دەمەوێت مێژووی کورد راستبکەمەوە.

ئۆجەلان دەیەوێت ئەو کیانەی کە مەبەستێتی بۆ کوردی دروست بکات، لەسەر بنەمای گێرانەوەی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و تورک  بۆ پێش ساڵی ١٩٢١ بێت. ئۆجەلان لەپەیامەکەیدا بەمەبەست و بەراشکاوی ئاماژە بەدوو روداوی مێژوویی ئەخلات و مەلازگەرد دەکات. مەبەستی ئەو لە ئاماژەدان بە ئەخلات و مەلازگەرد بۆ ئەوەیە کە بەتورکەکان بڵێت ئێمە کاتێک دەتوانین ئاشتی بەرقەرار بکەین ئەگە ر ستاتۆی کورد بۆ رۆژگارێک بگێڕدرێتەوە کە گەلی کورد تێیدا هاوتا و هاوکوفی گەلی تورک بوون و گەلێکی ئازاد بوون.
سێیەم: ئۆجەلان گوتی دەمەوێت دروستکردنی کیانی کوردی و راستکردنەوەی مێژووەکەی لەرێگای دیموکراسییەوە بێت.
ئەو دەڵێت دەمەوێت لەرێگای میکانیزمە دیموکراسییەکانەوە و لەسەر ئەساسی ئەو راستکردنەوە مێژوویەوە دەستم بۆ ئەو دروستکردنی ئەو کیانە بۆ کورد بردووە. ئەم هەوڵەش کە لە سەردەمی ئۆزال و بەراشکاویش، لەساڵی ١٩٩٣وە دەستم پێکردووە.

چوارەم: ئۆجەلان گوتی لەو سیاقە مێژووییەدا (کە ئەو ناوی ناوە "سیاقی مێژووی راستەقینە")، واتە گەرانەوە بۆ ستاتۆی پێش ساڵی ١٩٢١دا، کورد پێویستی بە دەوڵەت نییە.
سیاقی مێژووی پێش ١٩٢١ چییە؟
سیاقی مێژووی پێش ١٩٢١، سیاقی پێش روخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمان و دروستبوونی دەوڵەتی کەمالیزمە و لەهەمووشی گرنگتر سیاقی رێککەوتننامەی سیڤەرە کە لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠دا لەنێوان هاوپەمانەکان و عوسمانییەکاندا واژۆ کراو بەندەکانی ٦١ تا ٦٤ ماف بە نەتەوەی کوردی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان دەدات کە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دامەزرێنێت.
سیاقی پێش ١٩٢١ سیاقی پێش رێککەوتننامەی لۆزان و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئەتاتورکیی و سیاقی پێش هەموو ئەو یاسا و رێسایانەیە کە لە ١٠٠ ساڵی رابردوو بۆ رەوایی دان بە تواندنەوە و ئینکارکردنی کورد دارێژراون و لەهەمووشی گرنگتر پرسی یەک نەتەوە و یەک ئاڵا و یەک زمانە کە لەئەتاتورکەوە تا ئەردۆغان وەک تابۆیەک پارێزراوە.
ئایا لەو سیاقەدا کورد جگە لەدەوڵەتێک چی ترە؟
بەڵێ، کورد لەناو ئەو پەیامە ئاشتییەی ئۆجەلاندا نەتەوەیەکی خاوەن کیان و قەوارەیەکی سیاسی هاوتا و هاوکوفی کیان و قەوارەی سیاسی تورکە. بەمانایەکی تر، کوردیش هاوشێوەی تورک دەوڵەتێکی هەیە.


ئۆجەلان دووربینانە و ژیرانە و بۆ ئەوەی پەیامەکەی هەڵە تەرجومە و تەئویل نەکرێت، لەهەمان ئەو رستەیەدا کە دەڵێت لە ناو سیاقی مێژووی راستەقیەندا پێویست بە دەوڵەتێکی تر بۆ کورد نییە، بڕگەیەکی ئاڵتونی ئیزافە دەکات و دەڵێت " ئەو لە چل ساڵ خەبات لەپێناو ژیانێکی ئازاد و مرۆڤێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی ئازادا بەدوای دروستکردنی عەقڵێکی کوردییەوەیە.
ئیتر لێروە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت هیچ پەیامێک لەو پەیامەی بەرێز ئۆجەلان بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی راشکاوتر و رونتر نییە و هیچ فکر و هێڵێکی نەتەوەییش لەو فکر و هێلە نەتەوەییەی کە بەرێز موراد قەرەیەڵان لەباشورییەکانی دەخوازێت پانتر و تۆختر و راستەرێتر نییە.
جیلێک لەباشور پەیامەکانی ئۆجەلانی بە بەراواژوو پێدەگات
پارتی دەیەوێت گەلی باشور، لەهەموو پەیامەکەی ئۆجەلان، تەنها ئەو بڕگەیە (نەک رستەیە) ببینێت کە دەڵێت "کورد پێویستی بەدەوڵەت نییە." بەشێک لەوانەش کە لەسەر تەڤگەر حیسابن، تەنها کار لەسەر ئەو بڕگەیە دەکەن.
هەرچەند فەلسەفە و جیهانبینی و پەیامەکانی ئۆجەلان لەوە قوڵتر و مەزنترن کە بەرەیەکی نانەتەوەیی بیانشێوێنێت، بەڵام ئەگەرهەمان ئەو تەفسیر و بەلارێدابردنانەی کە لەپارتی و بەرەی نانەتەوەیی دەبیسترێت، لەوانەش ببیسترێت کە لەسەر تەڤگەر هەژمار دەکرێن، ئەوا گەلی باشور بە دیوە بەراواژووەکەی فەلسەفە و جیهانبینی و پەیامەکانی ئۆجەلان  ئاشنا دەکرێن.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×