پێنج سەرنج لەسەر بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری

هیوا فایەق
  2020-09-28     511

لەناو ئەو هەموو هەڵە ستراتیژی و بێدادییە بەردەوامەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، جارو بار هەندێک چیرۆکی لاوەکی لەناو ڕووداوەکاندا دروست دەبن کە وەک ئەو ساتەوەختەوایە لە یاری سێرکدا، لە کاتی پشووی ئەوانەی سێرکەکە ئەنجام دەدەن، دیمەنێکی کۆمیدی تێدا نمایش دەکرێت تاوەکو بینەران بێتاقەت نەبن و لە نمایشەکە دانەبڕێن. ئینجا بڕیارەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری (کە لە خوارەوە هاوپێچکراوە) یەکێکە لەو دیمەنی پشوودانە، چونکە:
یەکەم/ ئەوانەی لەپشت ئەوبڕیارەوەن، هێشتا لەزەمەنی گەمارۆی ئابووری سەر عێراقدا دەژین، ئەو کاتەی کتێبێکی نوێت دوای چەند ساڵێک لە دەرچوونی بەهەزار ئەمسەرو ئەوسەر دەستت دەکەوت، مامەڵکردنیشیان لەسەر کتێبی قەدەغەکراو، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە کاتی خۆی لەزەمانی بەعسدا ڕۆمانی (دایک)ی ماکسیم گۆڕکی لەتوونی حەمامدا وەک کتێبە قەدغەکراوەکانیتر دەیانشاردەوە. ئاخر مەعقولە ئێستا ئەم حەقیقەتە سادەیەیان پێ بڵێیت کە لەم زەمەنەدا بەهۆی گەشەسەندن و توانای بێشوماری تەکنەلۆژییاوە، چیتر سانسۆرکردنی کتێب هیچ گرنگییەکی نییە و چەندەها ڕێگە هەیە بۆ بەدەست خستنی، یاخود دەکرێت بڕیارێکی لەم جۆرە کتێبێکی زۆر بێمانا بکاتە پڕ خوێنەرترین کتێب؟
دووهەم/ مەعقولە نەزانن بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەشهیر و ناوزڕاندنی کەسێک بکرێت لە کتێبێکدا، ئەوا دادگا هەیە کە ئەم کەیسە یەکلایی بکاتەوە؟ ئەوەی پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری بیکات، دروستکردنی فشارە لە دەسەڵاتی دادەوەری و سیاسی ئەم هەرێمە کە چیتر کەیسی لەو بابەتانە دوانەخەن تا خەڵک متمانە بە دادگا بکات و لە کەیسی لەو جۆرەدا پەنا بۆ دادگا ببرێت.
سێهەم/ ڕەوایە ئەوانەی ئەم بڕیارەیان داوە، بیری ئەوەیان بخەیتەوە کە ئەمە لەخزمەت ئەو رەوتە ئاینیانەدایە کە تەنها دەنگی خۆیان پێ قبوڵەو بەیاساش ناتوانرێت بوەستینرێن، لەبەرئەوەی بەشێکن لەپیرۆزییەکان، بەڵام ڕێگە نەدرێت ئاراستە دژەکەی بخوێنرێتەوە؟ ئێمە چاوەڕوانی ئەوەبووین وەزارەتی ڕۆشنبیری یەکێک لە ئەرکەکانی ئەوە بێت کە پرۆژە یان چالاکییەکانی بریتیبێت لە تۆخکردنەوە و بەرگری کردن لە ئازادی تاک لە کۆمەڵگەدا، کەچی لە ناواخنی بڕیارەکەدا ئازادی بەمەترسی دادەنێت و کۆتکردنی دەکاتە تەبریرێک تاوەکو شیرازەی کۆمەڵایەتی تێک نەدات!
چوارهەم/ ئێمە چاوەڕێی ئەوە بووین کە ڕووبەری ئازادی لە هەولێردا فراوانبکرێت و وەزارەتی ڕۆشنبیریش کارەکتەرێکی سەرەکی ئەم گۆڕانکارییە بێت لە ڕێگەی چالاکییە هونەری و فیکرییەکانییەوە، کەچی ئێستا ئەو جورئەتەی سلێمانی کە بە هیچ هێزێک کۆنتڕۆڵ ناکرێت، دەیبەنە هەولێر تاوەکو لەوێ کۆت و بەندی بکەن و بێدەنگ بکرێت.
پێنجەم/ لەڕاستیدا ئێمە لەپاڵ داواکردنی نەزاهەت و دادپەروەری و ئازادیدا، پێویستمان بە کەسانێکە بەتەواوی لە هونەری ئیدارەکردندا شارەزابێت تا بتوانێت بڕیاری عەقڵانی بدات و ئەوانەشی کە ئامۆژگاری دەکەن خەڵکانی بە ئەزموونی ناو دنیای مانێجمینت بن، بۆ دەرکردنی بڕیارێک چەند لێکۆلینەوەیەکی قوڵیان کردبێت و پاشان شیکاری لێکەوتەکانی هەر بڕیارێکیان پێش دەرچوونی کردبێت، ئەگەر ئەمەش کراوە، هیوادارم بە نووسین شێری بکەن لەگەڵماندا تا بزانین شێوازی ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە چۆن کراوە و چۆنیش ئەنجامەکەی دەرهاتووە، تاوەکو شتێکی نوێی لێوە فێربین!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×