ئەو گوندەی پ ک ک ئازادی کردوە!

ڕێبوار ڕەشید
  2020-11-26     1451
جێی داخە کە باسەکان تەواو ئاوەژوو بوون.
لە بریتیی ئەوەی باسەکان لە سەر ئازادیی ژنان، بنیاتنانی خوێندنگا و نەخۆشخانە و لێدانی سەدی ئاو و گەیاندنی هەورامان بە بەهدینان و شەنگال بە هەورامان و سلێمانی بە هەولێر و دهۆک بە هەڵەبجە و هەروەها فەراهەمکردنی هەل و دەرفەت و خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان بن، دروست بە پێچەوانەوە، بوون بە لێدان لە یەکیەتیی نەتەوەیی و لە یەکڕیزیی نیشتیمانیی و زیاتر دوورخستنەوەی خەڵکی کوردستان لە یەکتر.

لەو بارەوە هەندێک لە دەسەڵاتدارانی گویا "حکومەتی هەرێم" و بندیوارەکانیان ئەمەیشیان بە کوتانی ئەو دەهۆڵەی شەڕی ناوخۆ زیاد کردوە کە "پ ک ک یەک گوندیشی ئازاد نەکردوە".

سەیر ئەوەیە پێیان وایە کە ئەوە قسەیەکی بە قەولی خۆیان هەر زۆر زۆر "موهیمە" و بە نرخی زێڕ بە بە کوردی تاڵانکراوی دەفرۆشنەوە. کێشەی تەنیا و سەرەکیی ئەوان بووە بە وەی "پ ک ک گوندێکیشی ئازاد نەکردوە".

هەموو ئەوانەی لە ناو دەسەڵاتدا ئەو قسەیە دەکەن دزن و بەشێک لە سەرۆک و لە سپای فەرهودی دەسەڵاتن و هەندێکیان بە سەدان هەزار دۆلار نا، بەڵکو بە ملوێن دۆلار لە سەر کوردی باشووری بەدبەخت و بێچارە کەوتوون.

ساڵی 1974 کاتێک مەلا مستەفا خۆی بە تاک و تەنیا بە بڕیاری ئێران و بە دنەی ئیسرائیل بانگەوازی شەڕی دژ بە حکومەتی ئێراق دا، نزیکەی زۆرینەی کوردی باشوور دەست لە سەر سینگ هاتنە پێش و نموونەی گەورەیان لە گیانفیداکاریی پێشکەش کرد چون بە ڕاستیی خەڵکی باشوور عاشق بە ئازادیی و سەربەخۆیین. بەشی هەرە زۆری خاکی باشوور لە ژێر دەستی کورددا بوو. هەر شارەکان، بە کەرکووک و بەشی گەورەی موسڵەوە، لە ژێر دەستی بەغداددا بوون، بەڵام ئەوانیش لە ڕاستییدا لە ژێر حوکمی سەربازییدا بوون دەنا بێ ئەملاولا کورد و کوردستانیی بوون. ڕوون و ئاشکرایە کە حکومەتی ئێراقیی ئەو کاتە زاتی ئەوەی نەبوو بە کەرکووک بڵێت شاری "عەرەب" یان تەنانەت "ئێراقیی" بەڵکو بە ڕەسمیی دەیگوت "شاری برایەتیی/ مدينة التأخي‎".

لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا و سەرەڕای ئەو هەموو تێکۆشانە بێوێنەیەی کوردانی باشوور سەلماندیان، مەلا مستەفا لە دەقیقەیەکدا بانگەوازی ئاشبەتاڵی دا. لێرەدا ناچمە ناو ئەو زیانە هەزاربەهەزارانەی ئێخەی دڵسۆزانی ڕەشوڕووتی باشووریان گرت و ئێمەی باشووریی دووچاری چ بەڵایەک بووین، بەڵکو دەمەوێت ئەوە بڵێم کە مەلا مستەفا نەک هەر یەک گوندیشی ڕزگار نەکرد، بەڵکو خاکێکی ئازاد و گەلێکی ئاگرین و پۆڵایینیی فرۆشت و خۆیشی بە سەلامەتیی بێ ئەوەی دڵۆپێک خوێن لە لووتی خۆی و خانەوادەکەی بێت کە ئێستا جێی ئەویان گرتووەتەوە، تێی چووقاند. لە سەرەتادا بوون بە تاراننشین و پاشان لێیاندا چوون بۆ ئەمریکا. ئەوە فەرامۆش نەکەین کە مەلا مستەفا هەرچی پارەوپولی کوردی باشوور هەبوو لەگەڵ خۆی بردی.
لە مێژوودا پارەی دزرا و بە تاڵانبردراوی خەڵکی کورد داوی ڕەشی سەر بەفری لای ئەم خانەوادەیەیە و دەتوانیت وەدووی بکەویت.

لە باشوور، دووبارە خەڵکی ئازادیخواز و تینوو بە ڕزگاریی و عاشق بە ئازادیی، لە ژێر خۆڵەمێشی ئاشبەتاڵێکی کوشندەدا پشکۆئاسا داخ بوون. کەسایەتیی وەکوو ئارام و شەهاب و ئەنوەر و بە سەدان و بگرە هەزارانی دیکە، لە نموونەی قادری حاجی عەلی، ئەوانەی بە خەباتی خۆبەخشانە گۆش کرابوون، بوون بە نموونەی بەرزی ناو مێژوو.
بەڵام پاش مەرگی ئەو مرۆڤەگەورانە و سەدان و هەزارانی دیکە و سەرەڕای هەموو ئەو دڵسۆزییە بێ نەزیرەی کوردی باشوور، مێژووی نێوان ساڵانی 1976  بۆ لانی کەم 1991 (بخوێنە تا ناوگیریەکەی ئەلبرایت 1998 و ئێستایش!) بە پلەی سەرەکی شەڕی دژ بە بەغداد نەبوو، بەڵکو شەڕی دژبەیەک بوو. لە دوای "مفەوەزاتەکەی ساڵی 1983ی یەکیەتییەوە" سەددام حوسەین لە سەر تەلەڤیزیۆن دادەنیشت و گاڵتەی پێیان دەکرد و دەیگوت: "بڕۆن لەگەڵ یەک رێک بکەون و ئەوجا بێنەوە بۆ لای من".
لە هەموو ئەو ماوەیەدا نەک هەر یەک گوند، بەڵکو یەک بست خاک ئازاد نەکرا.
یەک بست گوند ئازاد نەکرا بە جێی خۆی، بەڵکو ناشۆڕەسوارانە ئەسپی باشووریان زۆر خراپتر لە 1975 گلاند.
پاش سەرهەڵدان، خەڵکی باشوور خۆیان، ئەو خەڵکەی کە هەمیشە تینووی ئازادیی بووە، لە 5ی ئازاری 1991 لە ڕانییەی سەربەرزەوە ، سپای حکومەتی ئێراقیان لە سەرانسەری باشوور ڕاماڵیی. بۆ یەکەم جار شوێنی وەکوو کەرکووک و گەرمیانی خواروو لە ڕووی سەربازیی و ئیدارییەوە کەوتە دەست کورد. تا ئەو کاتە یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان بە چەند مەفرەزەیەک نەبێت ئەویش زۆر دوور لە ئاوەدانیی باشوور، نەمابوو. ئەوی پێی دەگوترێت "پارتی دیموکراتی کوردستان" ئاسەواری نەبوو.
مەسعود بارزانی و خانەوادەکەی سفریش نەبوون.
لە ماوەی سی (30) ساڵدا هەموو ئەو خاکە ڕزگارکراوە کە خەڵک بە چنگی خۆیان لە دەست بەعس دەریان هێنا ئەمان کردیان بە تاپۆی ماڵی بابیان و سەدان جار لە قومارخانەی بێئەدەبیی و بێڕەووشتیی و بێسەوادییدا فرۆشتیان. سەرئەنجامی ڕەنجی ئابڕوومەندانەی بێدرێخی باشووریەکان کە بۆ ڕزگارکردنی خاکی باشوور دایان ئازادکردنی ئەو "گوندە" گەورەیەیە، ئەو باشوورە وێرانە داڕماوەی کە ئێستا هەمووان دەیبینن.

بەڵام بە ڕاستیی پرسی ئازادکردنی گوندێک چۆنە؟
سیاسەت یەکێکە لە گرینگترین زانستەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی. ئەوانەی لە زانکۆکان خوێندوویانە و خوێندنەوەیان لە سەر مێژووی مرۆڤایەتیی هەیە، دەزانن کە هیچ زانستێک نییە پێوەست بە سیاسەت نەبێت و لە ژێر کاریگەریی سیاسەتدا نەبێت. دیارە لە باشوور، کە ئێستا قسە لە سەر باشوورە، سیاسەت زانست نییە بەڵکو میراتییە. ئەم دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆی باشوور میراتگری سیاسەتی بابیانن.
میراتگری سیاسیی بابیانن بەڵام خۆیان بە سەرۆکی سەرۆکان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شتی دیکە خۆدەناسێنن. ئەم داستانە بەشی سەدان سکێچی کۆمیک دەکات!
بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ئازادکردنی گوندێک تێ بگات دەبێت مێژووی خەباتی ئازادیخوازیی گەلان بخوێنێتەوە و تێ بگات کە ئازادی چییە و لە کام دۆخانەدا بەرجەستە دەبێت. چەمکی ئازادیی هەروەکوو چەمکە گرینگەکانی دیکە سەرئێشەی بە هەزاران لە فەیلەسوفانی پێش ڕۆشنگەریی و دوا ڕۆشنگەریی و بزووتنەوەی سەفرەگەیتی ژنان و تێکۆشەرانی دیکەی ناو سەرەتای لیبرالیزم و کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و سۆسیالدیموکراتیی و هتد بووە.
پێشەوا قازی، ئەو کەسەی بە پێچەوانەی ئەوانەی لە ڕۆژی ڕەشدا کۆماری کوردستانیان جێهێشت و هەڵهاتن، بڕیاری دا بژاردەی سەربڵندیی هەڵبژێرێت. قازی نەیتوانی کۆماری کوردستان لە هەڕەشەی سەربازیی ئێران بپارێزێت. پێشەوا هەم لێهاتوو بوو و هەم جەسوور و خۆڕاگر. بەڵام پێویستیی بە خەڵکێک بوو کە لە ڕووی سیاسیی و نەتەوەییەوە هۆشیار بن، ناسنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان هەبێت وەکوو لە عەشیرەتیی و لە ناوچەگەریی. پێشەوا تا ڕادەیەکی باڵا تاک باڵ مایەوە. کۆمار چوو بەڵام ئەم تەسلیم نەبوو، هەر لەبەرئەوەیە هەمیشە لە دڵی کوردستانیاندا بە شیرینیی و گەورەیی دەمێنێتەوە.
لە هاتنەسەرکاری حکومەتی خومەینییدا  کەسانێک هەن کە هەر لە سەرەتاوە زانیان ئەم دەسەڵاتەی خومەینی ئافاتە و کە هەر مەرگ و زیانی لێ دەکەوێتەوە. یەکێک لەوانە کاک فوئاد بوو. سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵە بە دەیان هەزار لە کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی تێکۆشەری بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردستاندا ڕێکخست، کە وەکوو ئاگر لە ڕووی کفنپۆشەکانی جەهالەتدا وێستانەوە و داستانی گەورەیان تۆمار کرد، کە کۆچی مێژوویی وەکوو مەریوانی لێکەوتەوە و کە پاشان ڕێپێوانی خاوەندەرکەوتنی شارەکانی دیکەی لە مەریوان بەدوایدا هات، شەڕی سێ مانگە و پاشان شەڕی کۆڵنەدانیان کوچە بە کوچە و گوند بە گوند و کێو بە کێو کرد. هەتا سەرئەنجام ناچار مان لانی کەم لە ڕووی عەسکەرییەوە ڕۆژهەڵات بەجێبهێڵن. حیزبی دیموکرات و ئەوانی دیکەیش بە ئێرانیەکانەوە هەروەها ناچار مان ڕۆژهەڵات بەجێبهێڵن.
ئەی ئەو گوندەی پ ک ک ئازادی کردوە؟
پ  ک ک لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستاندا تەنیا بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی کورد و کوردستانییە و هەر لە سەرەتاوە خوێندنەوەی لە سەر ئەزموونی خەباتی ئازادیخوازیی لە جیهان و لە کوردستان هەبووە. ئەمە بەو مانایە نایەت کە لە ستراتیژیی شەڕدا بێ هەڵە و بێ کەموکورتییە، بێگومان نا.
پ ک ک زۆر باش دەزانێت کە بە هەبوونی قازیەک و فوئادێکی سەربڵند ، یان دەیان قازی و فوئاد،کورد بە مەبەست ناگات، بەڵکو کاتێک بە مەبەست دەگات کە بە سەدان هەزار لە نموونەکانی قازی و فوئاد بخاتە نێو مەیدانی تێکۆشانەوە. ئەو کەسایەتییەی بەرژەوەندیی شەخسیی لە خۆی دادەماڵێت و خۆبەخش بە ماڵ و خوێن و گیانی خۆی دەست بە کار دەبێت و نیشانی دەدا کە وەفادار بەو رێبازەیە.

سەرنج بدەن، قازی هەتا دوا ساتەکانی ژیانی هەر لە ناوەندا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت کەسانی خۆبەخشی فریونەخۆر کۆبکاتەوە. کاک فوئاد بە چنگەکڕێ و هەر سەعاتەی لە شوێنێک یەکیەتیی جووتیاران ساز دەکات و ڕێک دەخات و دەستی پێیانەوە دەبێت و پاشان بە هەمان شێوەیش لەگەڵ هاوڕێیانی دڵسۆزی تردا لە سەرەتادا کۆمەڵە بەهێز دەکات. کاک فوئاد دەزانێت هێز لە ڕێکخستنەوە دێت، ڕێکخستنێک کە خەڵکی زەرەرلێکەوتوو و هەژار و نەدار تیایدا هۆشیار و بەئاگا بن و خۆبەخشانە کارامە بن.
لە نموونەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی باشووریشدا هەمان کاکڵەی شۆڕشگێڕیی ئازادیخوازیی دەبینین. ئارام و شەهاب و جەعفەر و زۆرێک لەوانەی دیکە سیاسەتیان بە میرات بۆ نەمابووەوە، بەڵکو هۆشیار و خۆبەخش هەڵیانبژاردبوو کە خزمەت بە خەڵکی خۆیان بکەن. ئەوان بە پارە و سامانی خۆیان دەستیان پێ کرد، خوێندەوار و بە سەواد و ئاگادار لە دۆخی سیاسیی بوون.

پ ک ک ئاگاداری ئەم کار و خەباتەیە.
پ ک ک هەروەها ئاگاداری ئەزموونە تاڵەکانی مێژووی کوردە، دەزانێت عەشیرەتگەریی و ئاغایەتیی و ناوچەگەریی و مشەخۆریی و بازرگانیی بە خوێن و ژیانی خەڵکەوە دەتوانێت چەند کوشندە بێت، تا ئەو ئاستەی کە نەتەوەیەک بە ژێردەستەیی دەهێڵێتەوە.

لە سەر ئاستی جیهانیی ئەزموون زۆرە. پ ک ک هەروەها زۆر باش دەزانێت کە گاندی نەیدەتووانی هێزێکی گەورەتر لە سپای پیادەی ئینگلیز لە هیندوستانیەکان ساز بکات ئەگەر بێت و پێش هەر شتێک خەڵکی هیندوستان هۆشیار نەکرێنەوە، لە سیستەمی داگیرکەریی تێ نەگەن و لە ترس و وەحشەت و گومان لە خۆ ڕزگاریان نەبێت.

تێکۆشانی پ ک ک، هەروەکوو نموونە دروستەکانی مێژووی کورد، تێکۆشانی هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستنە، تێکۆشانی بە نەتەوەکردنی کوردە لە مانای پراکتیکی سیاسییدا، تێکۆشانی یاسایی و ئەوجا تێکۆشانی جەنگاوەریی و ئازادکردنە.
نموونەی گرینگ لە تێکۆشان لە کوردستان و جیهان دەیسەلمێنن کە هەتا ئاستی هۆشیاریی و ڕێکخستنی گەلێک نەگاتە ئاستی سەرانسەریی و هەروەها لە جەوهەردا ئازادیخواز و پێشکەوتووخواز نەبێت، مومکین نییە بتوانێت ناوچەیەک ڕزگار بکات و ئەگەر ڕزگاریشی بکات بتوانێت بیپارێزێت.

پێشەوا قازی بە هەویرێکەوە کە زیاتر یەکیەتیی نەتەوەیی و هۆشیاریی نیشتیمانیی و خۆبەخشیی و خۆڕاگریی تێدا بووایە بێگومان دەیتوانی کۆمار بە پێوە ڕابگرێت. کاک فوئاد و ئەوانی دیکەیش بە هەمان شێوە.

هەتا ئەو کاتەی سوننەیەکی کورد بە گیانی خۆی دیفاع لە مافی شیعە و ئێزییدی و یارسان و کاکەیی و زەردەشتیی و جوو و کریستیانی کورد نەکات (یان بە پێچەوانەوە)، تا ئاتیەستێکی کورد مافی ئاییندارەکان نەپارێزێت، تا زۆرینەی
 پیاوانی کورد لە دڵەوە باوەڕیان بە مرۆڤبوونی ژنان نەبێت کە وەکوو پیاوان مرۆڤن، هەتا ئەو کاتەی بە سەر گوند و شار و خێڵدا دابەش بین، و هتد هتد، کورد ناتوانێت نەتەوەیەکی سیاسیی بێت و ناتوانێت بەرژەوەندیی نیشتیمانیی خۆی بپارێزێت و بێگومان ناتوانێت فەرمانڕەواییەکی هاوچەرخ بونیاد بنێت.
تا ئەو کاتەی نەتەوەیەکی سیاسیی نەبین و بۆ مۆدێرنیتەی ئازادیخوازیی تێنەکۆشین هەر ئاغایەکی شەڕ دەتوانێت هەڵبستێت و بە ناوی کوردایەتییەوە خۆی و خانەوادەکەی لە ناوچەیەکی جوگرافییدا بکات بە خودا.

لەبەرئەوەیە پ ک ک هەر لە سەرەتاوە جەختی لە سەر هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستن کردووە، گرێدانی بەشەکانی کوردستان بە یەکەوە، گەیاندنی هەرێمە سرووشتیەکانی کوردستان بە یەکتر، گەیاندنی ئایین و ئایینزاکانی کوردستان بەیەکتر، گەیاندنی ژن و پیاوی کورد بە یەکتر، گەیاندنی بیر و ئەندێشەی جیاوازی خەڵک بە یەکتر، کردنەوەی دیالۆگی سیاسیی و ئاوەڵە و هتد هەموو خاڵی سەرەکیی ئەو تێکۆشانەن.

هەنگاوی بڕیاردان بە خەباتی جەنگاوەریی دژ بە دووهەم سپای ناتۆ بە هەموو ئەو دۆست و یارانەوە کە هەیەتیی ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە” کە ئاغاواتی شەڕ هەوڵ دەدەن خەڵکی پێ فریو بدەن، دامەزراندنی مەد تێ ڤێ  و شکاندنی بایکۆتی مەجازیی و گەیاندنی دەنگ و ڕووخساری کورد بە یەکتر ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. دامەزراندنی چەندین پارتی سیاسیی لە ناوجەرگەی فاشیزم و داگیرکەریی دەوڵەتی تورکدا ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”، کۆکردنەوەی دەیان کەسایەتیی لە ژن و پیاوی وەکوو ئاگر لە ناوجەرگەی پارلەمانی تورکدا ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”، سازکردنی هێزی گەریلا لە کچان و کوڕانی کوردستان ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”، ڕەگداکوتان لە ناو قووڵایی ستراتیژیی کوردستاندا کە قەندیلە ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
ڕاوەستانی کچێکی کورد پێ لە کەوشی دڕاودا بەرامبەر بە دڕندەترین لە سیستەمەکانی داگیریی لە دونیادا ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
خۆڕاگرتنی بەردەوامی زیاتر لە 43 ساڵ لە ژێر هێرشی ئێران و تورکیا ئازادکردنی ”گوندەیە”.
خۆڕێکخستنی ئێزیدیەکان و دروستکردنی هێزی بەرگریی خۆماڵیی کە لە ژێر کاریگەریی ئەو هزرەدایە، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. خۆڕێکخستنی دانیشتووانی کامپی مەخموور و دروستکردنی هێزی بەرگریی خۆماڵیی کە لە ژێر کاریگەریی ئەو هزرەدایە، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. خۆڕێکخستنی کوردانی ڕۆژئاوا و دروستکردنی هێزی بەرگریی خۆماڵیی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای رۆژئاوا کە سەرئەنجامی کاریگەریی ئەو هزرەیە، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.

ڕێگاگرتن لە دەوڵەتی تورک کە نەتوانێت هیلالی تورکیی بە ناو و بە دەوری کوردستاندا بکێشێت و بەشەکانی کوردستان لە یەک داببڕێت، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. ئەو لایەنەی هەتا ئێستا نەیهێشتووە و ناهێڵێت "قەرەباخ" ـێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشووردا دروست بێت تەنیا و تەنیا پ ک ک یە، ئەوە ئازادکردنی ئەو "گوندەیە".

لێدانی ڕۆژانە لە سپای تورک لە قووڵایی باکووردا کە سەرئەنجامی ڕێکخستنی خەڵکە ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
بەرەنگاربوونەوە دژ بە داعش و چەتەی ئیسلامیستیی و شکاندنیان لە شوێنە ستراتیژیەکانی کوردستان ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
کۆکردنەوەی زەخیرەی شەڕی گەورەوگران و پێشخستنی تەکنیکی شەڕ و داڕماندنی باری ئابووری داگیرکەر و ترساندنی سپایان، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.

ئەوی هەر ئێستا لە پراکتیکدا و بە شێوەی سیاسیی و کولتوریی و خەباتی چەکداریی پارچەکانی کوردستان پێکەوە گرێ دەدات پ ک ک یە. پێشخستنی خەباتی سیاسیی و یاسایی بە شێوەیەک کە دەوڵەتی تورک ناتوانێت خۆی لە بەردەمدا رابگرێت و کە بە دەیان ملوێن لە خەڵك لە خراپترین بارودۆخی سیاسیی داگیرکەریی و فاشیستییدا داوای سەربەخۆیی و ئازادیی دەکەن و بە ئاڵای ڕەنگین سویند دەخۆن، ئازادکردنی ئەو "گوندەیە".

ئەوانەی دەهۆڵی شەڕی ناوخۆ بە "ئازادنەکردنی گوندێک" لێ دەدەن لە ڕاستییدا شینی ئەوە دەکەن کە لە تەواوی دەڤەری بەهدینان بە دهۆک و زاخۆ و هەولێرەوە خەڵک بە دوای ئەڵتەرناتیڤدا دەگەڕێن و چیتر لە دزان و تاڵانکاران ناترسن. شەڕفرۆشتن بە پ ک ک هەڵڕشتنی ئەو داخەیە، تێنەگەیشتن لە ئازادکردنی "گوندێک" نییە.

هەر ئێستا لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا باکووری کوردستان، وەکوو یەکەیەک لە خاکی کوردستان، دەتوانێت دەنگ بە هەر شتێک بدات کە بە باشی دەزانێت، ئەوە سەرئەنجامی ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکە و ئازادکردنی ئەو "گوندەیە". ئەوی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک هارئاسا حوکمی عەسکەرییان لە هەموو باکوور راگەیاندووە و بە هەزاران لە کەسایەتیی نیشتیمانپەروەر و هەڵبژاردەی ڕەسمیی خەڵک دەهاونە زیندان، ڕێگاگرتن لە ئازادکردنی ئەو "گوندەیە".

کاتێک خەڵکی کوردستان، ئەو زۆربایەتیەی لە هەموو خزمەتگوزارییەک بێ بەشن، دەیبیستن و دەیبینن و تێ دەگەن کە خەباتێکی ئازادیخوازانەی خۆبەشی دڵخوازانەی کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی کورد بێ هیچ جۆرە بەرابەرێک هەیە و هاوکات ئەو دز و تاڵانچییە بێشەرمە پڕڕووانەش دەبینن کە مۆری سەرۆک و بنسەرۆک و جێگری سەرۆک و سەرۆکی حکومەتیان لە خۆ داوە، ئیتر کەس ناتوانێت گاڵتە بە ئەقڵیان بکات و ئاوەزیان بە کەم بگرێت، ئەوە سەرەتا و کۆتایی ئازادکردنی ئەو "گوندەیە"!

دیارە بە یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کە بە مانای ئەوە دێت وەکوو گەل نەهێڵین دزیمان لێ بکرێت و سامانمان بە تاڵان ببردرێت و کولتوریی دواکەوتووییمان بە سەردا فەرز بکەن، دەتوانین نەک هەر "گوند" بەڵکو تەواوی کوردستان ئازاد بکەین. ئەوە بیرکردنەوە دروستەکەیە!
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×