بژاردە هەن، تۆ چی هەڵدەبژێریت؟

ڕێبوار ڕەشید
  2020-11-20     494
کابرا بینیوویەتی کە خەڵکی باشوور چەندە زەحمەتیان کێشاوە و ڕەنج و خوێنیان داوە. ڕۆژانە، ڕاستەوخۆ نەک ناڕاستەوخۆ، دەیبینێت و گوێی لە سەدان هاوار و ناڵەی نەداریی و هەژارییە، نەبوونی دەرمان و گرانیی دەرمان و دکتۆرە، نەبوونی یاسا و دزیی و تاڵانیی و جاسووسیی و سیخۆریی و گەندەڵیی جیاوازە و لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا بڕیاری داوە کە نۆکەری دەسەڵات بێت.
لە هەبوونی سەدان بژاردەی وەکوو دیفاعکردن لە مافی هاووڵاتییەتیی خۆی و خەڵک، مافی مرۆڤایەتیی خۆی و خەڵک، مافی پێشخستنی خۆی و خەڵک، داواکردنی شەفافیەت و پلان بۆ ئاییندە و بۆ خۆشگوزەرانیی خۆی و خەڵک، داوای مافی کار و مافی خزمەتگوزاریی و بە سەدان داوای گرینگ کە پێوەندیی بە ژیان و سەربەرزیی و شانازیی مرۆڤەوە هەیە، کابرا دێت و دەبێت بە نۆکەرێکی بێنرخی دەسەڵات.
کابرا دەزانێت کە مووچەی ئەو نۆکەرێتیی و کڵفەیەتییەی دەیکات لە ڕاستییدا نابێت بکاتە هیچ، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەکاتە سەدان هەزار دۆلار. مووچەی مانگانەی لە چاو و لە بەراوورد لەگەڵ دانیشتووانی گشتییدا پارەی خەیاڵییە و لەگەڵ ئەوەیشدا یەک دانە چرکەیش بە خەیاڵییدا نایەت لە خۆی بپرسێت: "بۆچی؟" 
کابرا دەبێت بە خاوەنی چەندین ئوتومبێلی گرانبەها کە لە دونیای ئوروپادا هەر سەرمایەدارەکان دەتوانن هەیان بێت، دەبێت بە خاوەنی چەندین خانوو و پارچە زەویی و پارەی کاش و زێڕ و خاوەن پشک لە بۆرسی ئوروپا، بەڵام دووبارە ئەو پرسیارە هەر بە خەیاڵییدا تەی ناکات: "ئەرێ من ئەمەم بە چی و لە سەر حیسابی کێ دەست کەوتووە؟"
کاتێک دەمرێت خەڵک دوعای خێری بۆ دەکەن و داوا دەکەن "خودا بیبەخشێت" و دەڵێن "خۆی خراپ نەبوو، بەڵام تووشیان کرد بوو" و "خۆی پیاوکوژ نەبوو، پیاویان پێ کوشت" و "خۆی لە کەسی هەڵ نەداوە، پۆلیسەکەی بۆی کردووە" و "خۆی تەجاوەزی بە ژنان نەکردوە بەڵام ژنی بۆ ئەوانی سەرووتر بردووە" و "خۆی پیاوی چاک بوو بە زۆر پێیان دەکرد" و "خۆی وا نەبوو، خەتای حیزبەکەی بوو" و  ئیتر بەو شێوەیە.
ئایا دەکرێت شارستانیی لە سەر تێگەیشتنێکی وا دروست بکرێت؟
ئایا خوداکانی کام ئایینانەلە مرۆڤێکی وا خۆش دەبن؟ خودای کام ئایین لە کەسێک خۆش دەبێت کە جاسووسیی بە سەر گەلی خۆیەوە کردبێت، خاک و نیشتیمان و خەڵکی خۆی فرۆشتبێت، خودئاگا پارە و سامانی گشتیی دزی بێت و تاڵان کردبێت؟ خودای کام ئایین ئەوەندە بێڕەووشتە کە لە سەر حیسابی خوێن و ژیانی من لە دەعبایەکی دز و تاڵانچیی و بکوژ خۆش ببێت؟
ئایا خودای کام ئایین ڕێگا بە خۆی دەدات لە سەر خوێنی ژنانی قوربانیی، لە سەر ئازار و ڕەنجی سەدان هەزار و بگرە ملوێنانیان لە ژنانی چەوساوە لە بکوژانیان و لە تەجاوەزپێکەرانیان و لە چەوسێنەرانیان خۆش ببێت؟ کام خودایە دەتوانێت لە سەر حیسابی ملوێنەها لە منداڵی هەژار و نەدار و ئاییندە وێران لە سەبەبکارانیان خۆش بێت؟
چۆن دەکرێت شارستانییەک دروست بکرێت کاتێک کە جیاوازیی لە نێوان ئەوانەدا نامێنێت کە باشترین لە کاتی ژیانی خۆیان و تەنانەت خودی ژیانی خۆیان بۆ مرۆڤی دیکە بەخش کردوە و دەکەن لەگەڵ ئەوانەدا کە دز و تاڵانچیی و قۆرخکاری دەسەڵاتن؟
ئایا کەسێک بەس هەر لەبەرئەوەی دەمرێت ئیتر بێگوناهـ دەبێت و لەو تاوانانە بێبەریی دەبێت کر کردوونی؟
ئایا دروستتر نییە کە سەدان جار نەفرەت لە ژیانی و لە گۆڕەکەی بکرێت؟
هیتلەر هەموو شتێکی بە خۆی ڕەوا دەبینی تا ئەو ئاستەی پێی وا بوو کە هەموو قسەیەکی دروستە و بوو بە هۆی کوشتنی پەنجا ملوێن مرۆڤ، ئایا کام خودایە بۆی هەیە و دەتوانێت لەم دەعبا دوولاقییە خۆش بێت؟
بە سەدان دیکتاتۆر بوون بە هۆی ئازاردان و شکەنجەدان و چەوسانەوەی ملوێنان لە مرۆڤ و پاشان کوشتنیان. ئاغایانی شەڕ و نۆکەرانیان بوون بە مایەی ئازاری جەرگبڕ بۆ ملوێنان لە خەڵک، بۆ ئاییندەڕەشیی و بەدبەختیی و خێر لە ژیان نەبینین. کێ ڕێگا بە خۆی دەدات داوای بەخشین بۆ ئەم دەعبایانە بکات؟
کێ ڕێگا بە خۆی دەدات ئەم دەعبایانە بکات بە هاوشانی ئەو مرۆڤانەی کە چەندین ساڵی ژیانیان بۆ خزمەت بە خەڵکی دیکە تەرخان کردووە و هەندێک جار گیانیشیان بەخشیووە؟
بە ڕاستیی شارستانیی چۆن دروست دەکرێت؟
پاش قۆناخی ڕۆشنگەریی لە ئوروپا بزووتنەوەکانی لیبرالیزم، کۆمۆنیزم، سۆسیالیزم، سۆسیالدیموکراتیی، فێمێنیزمی ئازادیخواز و هتد توانیان گەلێک دەستکەوت بەدەست بهێنن. یەکێک لەوانە کە شایەد لە مێژوودا هەرە گەورەترین بێت ئەوە بوو کە سامانی گشتیی سامانی خەڵکە. ئەو سامانە هی پادشا نییە، هی هیچ حکومەت و سەرۆککۆمار و وەزیرێک نییە، بەڵکو هی دەوڵەتە واتە هی خەڵکە. بەشێکی ئەو سامانە لەگەڵ داهاتی پەیداکراودا لە ڕێگای پلانی سیاسیی شەفافەوە وەکوو بودجە لە بواری جیاوازدا بۆ خزمەت بە خەڵک بەکار دەهێنرێت. دەستکەوتەکانی دیکە، تەنیا و تەنیا و تەنیا، پاش زامنکردنی ئەم دەستکەوتە سەرەکییە توانرا فەراهەم بکرێن، وەکوو مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی کرێکاران، مافەکانی ژنان، مافەکانی منداڵان، مافەکانی کەمئەندامان و هتد.
منێکی هاووڵاتیی چۆن ڕێگا بدەم و بۆ ڕێگا بدەم کە دەسەڵاتی سیاسییی بە میرات بە جێ بمێنێت، کە باوک و کوڕ و ئامۆزا و پورزاکان دەسەڵاتی سیاسیی قۆرخ بکەن، کە مووچە و مافەکانی دیکە بە حیساب و دەفتەر نەبن؟
ئێستا دەبینیت کە لە وڵاتی تۆدا کەسان دێن و بە ناوی حیزبایەتییەوە دەیان ساڵ خۆ دەکەن بە سەرۆک و مووچەی سەدان سەرۆکی وڵاتانی دیکە بە خۆیان دەدەن، کوڕ و کورەزا و برازا و خوشکەزای خۆیان دەخەنە سەر دەسەڵات و بە ئارەزووی خۆیان پارە دەدزن، وڵات تاڵان دەکەن، یاسا ئەگەر هەشبن پێشێل دەکەن، تەجاوەز بە ژنان دەکەن، هەرچی ئەتوار و ئەدای کۆنەپەرستیی دژ بە ژنان و بە لاوان و بە پێشکەوتووخوازیی دەردەهێنن و پیادە دەکەن و سپایەکی بێئەدەب و بێڕەووشت و سەرحیز و ملکەچ لە دەوری خۆیان کۆکردووەتەوە کە لە سەر حیسابی خوانی دزراو دەیانژیەنن. تەنانەت کاتکیش کە دەمرن لە نەخۆشخانە گەورەوگرانەکانی داگیرکەراندا دوا هەناسەی سیخۆریی و جاشایەتیی خۆیان دەدەن و هێنانەوەی لاشە بۆگەنەکانیان مووچەی ساڵێکی سەدان مامۆستا لە سەر سامانی گشتیی دەکەون.
ئایا جێی خۆی نییە بێ هوچان پرسیار بکەین کە ئەم پارەیە، ئەم خەرجیە، هی گیرفانی بابی کێیە؟
لەم وڵاتەی ئێمەدا لە بنەڕەتدا ژنان نەک وەکوو مرۆڤ بەڵکو وەکوو چارەکە مرۆڤیش نابینرێن، بەڵکو وەکوو کۆیلەیەک، وەکوو بارمتەیەکی خوێن دەبینرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئایا تۆ لە بەرامبەر ئەم وێرانکاریی و تێکدانەدا کە نیوەی مرۆڤی تێدا کۆڵەوار کراوە، لە کوێدا ڕادەوەستیت؟ چ ڕۆڵێک بە خۆت دەدەیت؟ چی بە خۆت و هاونیشتیمانیانت ڕەوا دەبینیت؟ ئامادەیت تا چ ئاستێک و تا کوێ هەوڵ بدەیت گۆڕانکارییەک دروست ببێت؟
هەمیشە بژاردەیەک هەیە.
ئەوی بۆ پارە گەورەترین زەرەر لە نەتەوەکەی دەدات هەمیشە بژاردەیەکی دیکەی هەبووە بەڵام هەڵیبژاردووە کە ئەو زەرەر بدات. تۆیش لای خۆتەوە بژاردەی خۆت دیاری بکە.
بە دڵنیاییەوە، شانازیی و سەربەرزیی بۆ ئەوانەیە کە شارستانیەکی هاوچەرخ بونیاد دەنێن. یەکەم هەنگاو لەوێوە دەست پێ دەکات کە دژی ئەم دەعبا دوولاقیانە بووەستین کاتێک لە ژیاندان و بە نەفرەتیان بکەین کاتێک کە دەمرن.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×