تکایە ئێزیدییەكان مەكەنە ئامانج!

رێبوار محەمەد
  2020-11-28     582

ئێزیدییەكان لەدۆخێكی ئێجگار نالەباردان، لەهەموو لایەكەوە نەهامەتی‌و ماڵوێرانی رویتێكردون، تەنانەت لەئاستی ژیانی كۆمەلایەتیشدا هەڵەی خێزانێك‌و پیاوێكی ئێزیدیی بەداخەوە دەقوازرێتەوە بۆ ئەوەی بكرێنە ئامانج‌و زیاتر بشکێنرێن.


ئەم رۆژانە هاوسەرگیری شێخ جوقی تەمەن 51 ساڵ لەگەڵ ئەلیسی تەمەن ١٤ ساڵ لەشاری دهۆك، كە پیاوو کچێکی سەر بەئایینی ئێزیدین، دەنگدانەوەیەكی گەورەی لەمیدیاو سۆشیال میدیای كوردستاندا هەبووە، فشاری رای گشتی‌و كۆمەڵگەی مەدەنی كارێكیان كرد كە ئەم هاوسەرگیرییە هەڵوەشێنرێتەوەو ئەو كلتورو نەریتە تا ئەندازەیەكی زۆر وەك كلتورو نەریتێكی ناباوو نامرۆیانە ریسوا بكرێت، كە لەزۆربەی كۆمەڵگە رۆژهەڵاتی‌و بگرە لەئاستی جیهانیشدا بەشێوەیەكی شاراوەو ئاشكراش بەدیدەكرێت.


ئەم فشارە شایستەی دەستخۆشییە كە ژیانی منداڵان بەگشتی‌و كچان بەتایبەتی پارێزراو بێت بۆ ئەوەی هاوسەرگیریی پێشوەخت‌و لەخوار تەمەنی بەیاسایی رێگەپێدراویان پێنەكرێت. تا ئێرە ئەم فشارە كارێكی رەواو مرۆیانەو شایستەی پشتیوانی‌و دەستخۆشییە.


بەڵام ئەگەر ئەم فشارە كە زیاتر پەیوەندی بەژیانی كۆمەڵایەتییەوە هەیەو بەبێ‌ جیاوازی لەهەموو ئایین‌و مەزهەبەكانی رۆژهەڵاتدا تا رادەیەک پەیڕەو دەكرێت، پێویست ناكات بەكاربهێنرێت بۆ لێدان‌و تانەدان لەئێزیدییەكان‌و ئایینی ئێزیدیی.


ئەو هاوسەرگیرییە وەك ئێزیدییەكان خۆیان رایانگەیاند كلتورو كارێكی باو نییە لەناو ئەوانداو ئەوەی رویداوە تەنها پەیوەندی بەدوو خێزانەوە هەبووەو رای گشتی ئێزیدییەكان بەر لەهەر لایەك پشتگیرییان لەم جۆرە هاوسەرگیرییە نەكردووە، ئیتر پێویست بەوە ناكات خەڵكی تر "نان‌و ماست"ی پێوە بخواو فشارەكە لەبری ئەوەی بۆ داكۆكیكردن بێت لەمافی منداڵان‌و رێگریی کردن بێت لەهاوسەرگیری پێشوەختی كچانی تەمەن منداڵ‌و هەرزەكار، فشارەكە ئاڕاستەی ئێزیدییەكان‌و ئێزیدیایەتی بكرێت، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دزێو ژیانی جڤاكی‌و كۆمەڵایەتییان وێنا بكرێت!


بەداخەوە بەشێك لەتوندڕەوانی ئیسلامی لەم روەوە شێلگیرانە كاریان لەسەر ئەوە كردوە، بەمەرجێك لەئایینی ئیسلامیشدا ئەم جۆرە كلتورو نەریتە كەم تا زۆر هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلامەوە تا ئێستا پەیڕەو كراوەو تەنانەت لەساڵانی رابردوشدا، بەشێك لەفراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق هەوڵیاندا هاوسەرگیریی كچان لەتەمەنی 12 ساڵییەوە بكەن بەیاسایی‌و رێگەپێدراو.


پێویستە هەمووان ئەو راستییەیان لەبەرچاو بێت كە ئێزیدییەكان زوڵم‌و ستەمێكی زۆریان لێكراوە، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا بوونیان كەوتوەتە مەترسییەوە، بەوپەڕی توندوتیژییەوە كوشتاریان لێكرا، زێدی رەسەنیان کرا بەسوتماک، كچ‌و ژنەكانیان وەك كۆیلەو كەنیزەك بران، لەسەر زێدی رەسەن‌و سەدان ساڵەیان هەڵكەندران، ناوچەكانیان بووە ناوچەی شەڕ‌و ململانێ‌‌و زۆرانبازیی هێزە گەورەكان، هەموو هێزە كوردستانی‌و عێراقیە گەورەكان دەستیان خستە نێو كاروباری ئایینییانەوەو رێزیان لەسەربەخۆییان نەگرت، بەهەزاران كەس‌و خێزانیان روەو ئەوروپا كۆچیان كرد، بەهەزاران خێزانیان تا ئێستاش ئاوارەی نێو كەمپەكانن، ئێستا لەم كاتەدا بەكارهێنانی ئەم هاوسەرگیرییە ناتەندروستە لەنێوان پیاوو كچێكدا كە پەیوەندی بەژیاتی كۆمەڵایەتییەوە هەیە، بەکارهێنانی بۆ تانەدان لەئێزیدییەكان جۆرێكە لەبێ‌ مۆرالی‌و ناحەقی دەرهەق بەوان.


تكایە لەمە زیاتر ئێزیدییەكان مەكەن بەئامانج!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×