کامیان یەکەمجار: حکومەتی خۆجێی یان لامەرکەزیەت؟

لاوك سەڵاح
  2021-05-13     437
لە ماوەی رابردوودا قسەیەکی زۆر لەلایەن هەموو پارتە سیاسییەکان و پسپۆران و رووناکبیرانەوە سەبارەت بە لامەرکەزیەت کراوە، بەڵام قسەیەکی کەم لەسەر حکومەتی خۆجێی وتراوە، زۆرجاریش زاراوەکان بە هەڵە بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهاتوون بەشێوەیەک کە خوێنەر چەواشە دەکات و جیاوازی و پانتای و سنووریان تێکەڵ دەکات. ئەم نووسینە دەخوازێت بە وریایەوە خەسڵەتی زاراوەکان پیشان بدات و دیدێک بۆ پێشینەی کار بخاتە روو، هەروەک لە ناونیشانەکەیەوە دیارە.

حکومەتی خۆجێی و لامەرکەزیەت، لە یادەوەری هەندێ لە خوێنەران، هەردووکیان یەک شتن، بەڵام، لە راستیدا، زۆر جیاوازن. ئەوەی تا ئێستا باسی لێوەکراوە شێوازێک و ئامرازێکی لۆکەڵە بۆ مەبەستێکی تایبەت دووراوە، نەوەک بۆ دامەزراندنی فۆرمێک لە دامەزراوە کە یارمەتی دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتی و سەرمایە و سەرچاوەی ناوچەکان بە یەکسانی بدات و ببێتە بەشێک لە پرۆسەی دامەزراندنی حکومڕانی باش. بەچاوخشاندنێکی خێرا، زۆر زوو، خوێنەر و هاوڵاتی هەست بە کەڵێن دەکەن لە نێوان مانای زاراوەکان و ئەو بەهایانەی کە دەبێت لە بواری جێبەجێکرندا بەرجەستەببن.

ئاشکرایە ئەگەر حکومەتی خۆجێی وەک دامەزراوەیەکی سیاسی و ئیداری و مەدەنی و یاسایی پتەو دانەمەزرێت، مەحاڵە میکانیزمی پیادەکردنی لامەرکەزیەت بێتە ئاراوە. لامەرکەزیەت وەک میکانیزمی کار یەکێکە لە ئەرکە ستراتیژیەکانی حکومەتی خۆجێی. ئەرکی سەرەکی هەموو ئەو لایەنانەی کە کار بۆ هێنانەکایەی لامەرکەزیەت دەکەن، پێشوەخت دەبێت هەوڵی دەستنیشانکردنی ئەو چوارچێوە سیاسی و یاسایی و ئیداری و کارگێری و داراییە بدەن پاشان کار بۆ راپەراندنی میکانیزمی لامەرکەزیەت بکەن، بەڵێ ئەمە پرۆسەیەکی دوور مەودا و ماراسۆنییە و زۆر جار کە لە هەناوی کێشەکانی ئێستاوە دەڕوانینە زاراوەکانی حکومڕانی و بە تایبەتی ئەو دوو چەمکە، زۆر نموونەی دێنە بەرچاو، بەشێوەیەک کە تەمەنی چەندان نەوەی دیکە دەخوازن بۆ بەرجەستەکردنیان.

گرفتێکی سەرەکی دونیای سیاسەت لای ئێمە بە شێوەیەکی گشتی و حکومڕانی بە تایبەتی دەستنیشانکردنی ئەولەویەتە یان پێشینەی کارە، کە بەداخەوە نەبەستراوە بە پەیام و ئەرکە جەوهەرییەکان تاوەکو بەرجەستەی رەهەندە نیشتمانییەکانی پرسەکانی کۆمەڵگە بکات. ئەمەش زۆر بە روونی لە مەسەلەی مامەڵەکردنی سیاسی لەگەڵ لامەکەزیەتدا رەنگیداوەتەوە. لای ئێمە، هێشتا دامەزراوە حکومییەکان پێویستیان بە کاری زۆرتر هەیە تا بە تەواوی و بە پێوەری ئاسایی دامەزرێن و چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتییان بەرجەستە بکەن. بەداخەوە، بە توانایەکی تەکنیکی سنووردار و نەبوونی بودجە یان تەرخان نەکردنی بودجە بۆ ئەرکێکی نیشتمانی لەو شێوەیە، هەمیشە وا دەکات لە یەک بازنەی داخراودا بمێنینەوە.

لە زۆربەی دەوڵەتەکانی دونیا رۆڵی حكومەتی خۆجێی نەوەک هەر وەک حکومەتی ناوخۆ”Local Government”  کار دەکات بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری، بەڵکو پەل دەهاوێژێت بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە حکومڕانی باش و تەندروست "”Good Governance.  وەک لە سەرەتاوە باسمان کرد، ئێمە دەبێت لە پێناسەکردنی ئەم زاراوە سیاسی و ئیداری و حکومڕانییەوە دەست پێبکەین تا نەکەوینە هەڵەوە کە دواتر کارمان لەسەرکردن. ئەمە بەرپرسیاریەتیەکی سیاسی و ئەخلاقی مەزنە و ماندووبوونی زۆر دەخوازێت.  

بەر لە بانگەشەکردن بۆ لامەرکەزیەت کە بێگومان ئەوەش پێوەر و بوار و کۆڵەکەی خۆی هەیە، دەبێت کار لەسەر دامەزراندنی ئەو بوارانە بکەین کە حکومەتێکی خۆجێی پیشەیی و یاسایی  و رەوا دەخوازێت وەک دارشتنی هەیکەلێکی روون و راشکاو یان دەستنیشانکردنی ئەرکەکان یان دامەزراندنی کۆنترۆلی دارایی یان دەستنیشانکردنی پەیوەندی نێوان حکومەتی خۆجێی و دەوڵەت یان هێنانەکایەی پرۆسەیەکی تەندروست بۆ دەرکردنی بڕیاری سیاسی یان دارشتنی پەیوەندی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان یان مامەڵەکردن لەگەڵ بیرۆکراسیەتی کار یان چاوەڕوانی و داواکارییەکانی فەرمانبەران یان داڕشتنی سیاسەتی میدیایەکی سەنگین یان پرۆژەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی تۆکمە بۆ ناوچەکان، ئەمانە هەندێک لەو بوارە سەرەکیانەن کە وەک هێڵی گشتی دەکرێت کاریان لەسەر بکرێن.

لە نێوان دامەزراندنی حکومەتی خۆجێی و دارشتنی میکانیزمی لامەرکەزیەت ناتوانین "ئینتقائی"بین واتە شتێک هەڵبژێرین کە لە بەرژوەندیمان بێت و فەرامۆشی ئەو خاڵانە بکەین کە بەشێکی ریشەیی پرۆسەکەیە. نابێت لە دووریاندا بمێنینەوە، ئەگەر ئەرکە نیشتمانییەکە وەک خۆی نەگرینە ئەستۆ، با بانگەشە بۆ کارێک نەکەین ببێتە مایەی چەواشەکەری و ڵێڵکردنی رەوتی مێژووی کارەکە. گەورەترین ئەرک لە سیاسەتدا پاراستنی متمانەی سیاسییە کە رەوایی هەمیشەیی دەبەخشێت.

گرنگە لێرەدا تیشک بخەینە سەر گرنگترین ئەرکی حکومەتی خۆجێی کە تەنها باشکردنی خزمەتگوزاری نییە بۆ هاوڵاتیان و بەرزکردنەوەی کواڵیتی ئەو خزمەتگوراییە نییە بەڵکو لە هەمان کاتدا بایەخدانە بە لایەنەکانی پەیوەندیدار بە بواری ئابووری و ژینگە و کەلتووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکان، ئەمە ئەرکە سەرەکییەکەیە، بەرلەوەی حكومەتی خۆجێی نقوومی ململانێ سیاسییەکان بێت. لە ئەنجامدانی ئەم کارەشدا مەرجە کە خۆی واتە حکومەتی خۆجێی بە تەنیا ئەم پرۆژانە ئەنجام نەدات، بەڵکو مەرج ئەوەیە کە کۆمەڵگە بەو ئاراستەیەدا بەرێت کە ناوچەکان پەرەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە ببینن. ئەم پرۆژانە، دواجار، دەبێت کۆمەڵگە جێبەجێیان بکات نەوەک مۆنۆپۆل بکرێن لەلایەن چەند کەسێکەوە بە ناوی حکومەتی خۆجێی یان بە ناوی نوێنەرانی کۆمەڵگەوە، بە مانایەکی فروانتر دەبێت پرۆژەکان بە شەراکەت و بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بوارە جیاجیاکاندا جێبەجێ بکرێن.

هەربۆیە جەخت کردنەوە لە هێنانەکاییەی پرۆسەیەکی شەفاف لە چاودێری و کواڵیتی کۆنترۆڵ گرنگە تاوەکو دامەزراندنی حکومەتی خۆجێی وەک خەونێکی دوور مەودا نەمێنێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دوو فاکتەر بوونیان بۆ دامەزراندنی حکومەتی خۆجێی گرنگە: یەکەمیان بوونی ئیرادەیەکی سیاسی کە درک بە کێشەکان و مەترسییەکان بکات و دووەمیان بەرزکردنەوەی ئاستی تەکنیکی پیشەیی ئەم بوارە. هەربۆیە، بەداخەوە، ئەو ئاستە سیاسی و تەکنیکیەی کە ئێستا لە مەیداندایە و بەرەچاوکردنی ململانێ سیاسییە لۆکەڵییەکان زەحمەتە ئەو حکومەتە خۆجێیە بێتە ئاراوە کە چاوەڕوانی دەکەین. بۆ تێپەراندنی ئەم ئالەنگارییە رۆڵی پەرلەمان لە پشتگیریکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی خۆجێی دەبێت کاراتر و کاریگەرتر و مێژووی بێت. ئەمە خۆی لە خۆیدا دەبێتە پتەوکردنی رۆڵی پەرلەمان و بە چاکە بۆ خۆی دەگەرێتەوە!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×