شارچێتی‌و کولتوور

ئارام سدیق
  2021-06-08     465
(چەند سەرنجێکی کورت)
مانگی پێشوو لە فیستیڤاڵێکی ئەدەبی و کولتووریی بووم، لەوێ گوێبیستی یەکێک لەو نووسەر و (ڕۆشنبیر)انە بووم، کە داوای ئەوەی دەکرد "ئەگەر شاری سلێمانی پێی دەوترێت شاری ڕۆشنبیریی ئەوا ئەو ڕۆشنبیربوونەی بەشێک لە سەروەرییەکانی بۆ نووسەران و شاعیرانی پارێزگای هەڵەبجە دەگەڕێتەوە و هەقە لەو تاجە ڕۆشنبیرییە بەشی هەڵەبجەش بدرێت". ئەو باسی ئەوەی کرد، کە نالی شارەزوورییە و گۆران و بێکەس و ئەحمەد موختار جاف بەهەمان شێوە.  وتەکانی ئەم هاوڕێ نووسەرە ئەوەیان دەسەلماند، کە تەنها دەتوانێت لە پەنجەرەی شارچێتییەوە بڕوانێتە ئەدەب و بەرهەمی شاعیران و نووسەران نەک لە پەنجەرەی خودی ئەدەب خۆیەوە. من کەمێک ڕامام لەم قسانە و پێموابوو ئەمە جۆرە شۆخییەکە و لە دواجاردا سەرجەم قسەکانی ئاوەژوو دەکاتەوە، بەڵام ئەو لە درێژەدا زیاتر پێداگریی لەسەر شارچێتی دەکرد و نالی بچووک کردەوە بۆ ئاستی ناوچەیەک. لە کاتێکدا نالی شاعیری هەموو کوردستانە بە ناوچەکەی خۆشییەوە و زیادەڕەویش نییە بڵێن هەموو سەر زەوییە. 

بەدەر لە قسەکانی ئەم نووسەرە شانۆکارێکی گەنجیش بە هەمان ئاواز دەهۆڵی بۆ ئەم شارچێتییە لێ دەدا و پشتگیریی کردبوو، کە بەلای منەوە ئەمەیان هەر زۆر سەمەرە بوو، ئایا ئەم شانۆکارە گەنجە فێری ئەوە نەبووە (هونەر/شانۆ/کولتوور) سنوور ناناسێت و بەبێ گوزەرنامە بۆ هەموو جێگەیەک دەڕوات و جێی خۆی لە دڵی هەوادارانیدا دەکاتەوە. ئەگەر نەوەی پێشوو (وەک ئەو نووسەرەی سەرەتا) کەمێک شارچێتیان لێ قەبوڵ بکرێت، نابێت هەرگیز لەم نەوە نوێیەی قەبوڵ بکەین، چونکە ئەمان نەوەی سەردەمێکن، کە سنوور لە بەینی هیچ شتێکدا نەماوە و هەموان لەنێو جیهانێکی بێپەنجەرە و دەرگادان دەبێت گەردوونی بن و گەردوونی بیر بکەنەوە. ئەمەش واتا ئەوەی تەنها لە چوارچێوەی ماڵ و گەڕەک و شار و وڵاتەکەتدا بیر مەکەرەوە، بەڵکو لە چوارچێوە دونیادا بیر بکەرەوە و پرۆژە و کارەکانت با لە ئاستی جیهانیدا بێت. 

ئەوەی دەبێت ڕەخنەی بکەین و ڕەتی بکەینەوە بەستنەوەی کولتوور و کاری کولتوورییە بە مەسەلەی شارچێتییەوە. هەر هونەرمەندێک/ نووسەرێک. هەستی شارچێتی هەبێت، نووسەر و هونەرمەندێکی ساختەیە، ڕاستەقینەبوون ئەوەیە گەردوونی بیربکەیتەوە، هاوکات ڕەسەنییەتی خۆشت بپارێزیت، خۆت بیت وەکو هەیت، بەڵام مەودای بیرکردنەوە لەنێو کایەی کولتووریدا دەبێت گەرودوونی بێت. گەردوونیبوون ئەوەیە نییە پشت لە گۆرانی کوردی بکەین و بە زوبانانی دیکە گۆرانی بچڕین. گەردوونیبوون ئەوە نییە، کە بە زوبانی ئینگلیزی بنووسین و پشت لە زوبانەکەی خۆمان بکەین. نەخێر، گەردوونیبوون لە بیرکردنەوە و تێهزرین و داهێناندایە. دەشێ چیرۆکی گەڕەکەکەی خۆمان بنووسینەوە و چیرۆکێکی گەردوونی بێت، بەو مانایەی هەڵگریی پەیامی دادپەروەریی و ئاشتی و پێکەوەژیان و ئازارەکانی مرۆڤ بێت، چونکە مرۆڤ لە هەرشوێنێک بێت ئازاری هاوبەش و خەم و برینی هاوبەشی هەیە، بۆیە دەشێ هونەر و ئەدەب زمانی گەیاندنی ئەم خەم ئازار و برینە بن. 

کاتێک نالی شاعیر لەنێو زمانێکدا بەند بکەین، ئێمە داهێنانەکانی بێنرخ دەکەین. بەڵام کاتێک دەمانەوێت لە سنووری ناوچەیەکدا قەتیسی بکەین ئەوا دووبارە دەیکوژین و داهێنانەکانی زیندەبەچاڵ دەکەین. ڕاستە شکسپیر ئینگلیزە، بەڵام ئەو نووسەرێکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی نووسویەتی. ڕاستە گابیرل گارسیا مارکیز کۆڵۆمبییە، بەڵام تا دواساتەکانی ژیانی نووسینەکانی لە خزمەتی هەموو مرۆڤایەتیدا بوو، نەجیب مەحفوز هەرچەندە میسریی بوو، بەڵام ئەو نووسەری هەموو ئەو گەلانەبوو کە دواکەوتوویی تەنگی پێ هەڵچنیوون. ئەمانە  دەیان نووسەری دیکە هەرچەند چیرۆکی ڕۆمانەکانیان لۆکاڵی بێت، بەڵام خەمی نووسینەکانیان گەردوونییە و هەر ئەمەش خوێنەران لە هەموو لایەکی جیهانەوە لە کاتی کۆچی دواییاندا هاوسۆز و یادیان دەکەنەوە و تا هەنووکەش ڕێز بە بەرهەم و کارەکانیان دەگیرێت.

ئەوەی لە دواجاردا پێویستە پێداگریی لەسەر بکەینەوە ئەوەیە تا عەقڵیەتی شارچێتی وەلا نەنێین، ناتوانین خزمەتی وڵات و ئەدەب و کولتوورەکەمان بکەین. شارچێتی جۆرێکە لە خۆبچووککردنەوە، بۆ ئەوەی خۆمان و ئەدەبەکەمان و کولتوورەکەمان بچووک نەکەینەوە دەبێت ژەنگی شارچێتی لە ڕۆحماندا وەدەربنێین. نووسەران و هونەرمەندانی داهێنەر و ڕاستەقینە موڵکی یەک نەتەوە و زمان و شار و ناوچە نین، ئەوان خەڵکی هەموو سەرزەمین و هەموو سەردەمێکن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×