ڕۆڵی پێشانگەکانی کتێب لە بەکولتورکردنی خوێندنەوەدا

ئارام سدیق
  2020-11-27     580
هەموو کۆبوونەوەیەک لە دەوری کتێب، یان سازدانی فیستیڤاڵ و بۆنەی جۆراوجۆر سەبارەت بە کتێب ڕۆڵی لە بە کولتوورکردنی خوێندنەوەدا هەیە. بەڵام ئایا بوونی پێشانگاکانی کتێب چ ڕۆڵێک دەبینن؟ ئایا پێشانگەکانی کتێب تەنها جێگایەکن بۆ ساغکردنەوەی کتێبی دەزگاکان، یان خوێنەران تەنها کتێبی دیکە لە کتێبخانەکانیاندا کەڵەکە دەکەن؟ ڕەنگە هەردوو حاڵەتەکەی پێشوو ڕوو بدات، هەم دەزگاکانی چاپ بەشێک لە کتێبەکانیان ساغ بکەنەوە و هەم بەشێک لە خوێنەرانیش چەندین کتێبی دیکە لە کتێبانەکاندایاندا کەڵەکە بکەن؟ بەڵام پەیامی پێشانگەکانی کتێب زۆر لەوە گەورەترە، کە لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم چەند دانەیەکیان بخەمەڕوو:
یەکەم: پێشانگەکانی کتێب، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە تاهەنووکە کتێب سەرچاوە بنەڕەتەکەیە و هیچ جێگرەوەیەکی نییە. میدیاکان و تۆڕەکانی نێت و پەڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموویان ناتوانن جێگرەوەی کتێب بن، بەڵکو تەنها زانیاری پەخش دەکەن و ناتوانن مەعریفە پەخش بکەن. یان ئەگەر هەندێک کەناڵ و میدیا و پاڵپەڕی نێت توانای پەخشکردنی مەعریفەشیان هەبێت، هێشتا ڕووبەرەکە کەمە و دەبێت دواجار بۆ دەستگەیشتم بە مەعریفەی ڕاستەقینە هەر بگەڕێینەوە بۆ کتێب.
دووەم: پێشانگا دەیسەلمێنێت کتێب شتێکی گرنگە لەنێو ژیاندا بۆیە پێشانگە و فیستیڤاڵی بۆ ساز دەکرێت و زۆر کەس پەلکێش دەکات و بۆ نێو خۆی بەبێ ئەوەی هەرگیز خوێنەر بووبێت. (من ئەم حاڵەتەکەم بە ڕوونی لە پێشانگەکانی کتێب بینیوە) ئەمەش هێزی پێشانگە و ئەو کەرنەڤاڵە بەرفراوانەیە کە بۆی ساز دەکرێت.
سێیەم: پێشانگەکان چاوی میدیاکان دەخەمە سەر کتێب و دانان و سازکردنی بەرنامەی تایبەت بە کتێب کە ئەمەش گرنگی و زیاتری کتێب پیشان دەدات و ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە ئاشناکردنی کتێب بە خوێنەران و ئەو کەسانەشی کە هەرگیز کتێبیان نەخوێندووەتەوە، چونکە میدیاکان بە دەگەن باسی کتێب و کێشەکانی چاپ و ئاریشەکانی خوێندنەوە دەکەن.
چوارەم: هەموو پێشانگەیەک دەرفەتێکە بۆ ئەوەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بە شێوازی جۆراوجۆر و بەپێی بەرنامەی خۆیان کتێبەکانیان بخەنەڕوو، هاوکات دەبێتە هۆی پێکگەیشتنی ڕاستەوخۆی خوێنەران و دەزگاکانی چاپ و زۆرجاریش دەرفەتی بینینی خوێنەران و نووسەران، کە هەموو ئەمانە لە سوود و قازانجی کتێب و پرۆسەی خوێندنەوەیەدایە. 
پێنجەم: پێشانگە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ خوێنەران کە زۆرترین ناونیشانی کتێب ببینن، هاوکات بۆ دەزگاکانیش، کە بەر زۆرترین خوێنەر بکەون و لە خواستەکانیان بکۆڵنەوە و سەرنج و تێبینیان بە هەند وەربگرن. هاوکات خوێنەران ئەو زۆرترین کتێبە بە داشکاندن بەدەست دەهێنن کە لە ڕووی ماددییەوە سوود وەردەگرن و دەزگاکانیش دەرفەتی ساغکردنەوەی زۆرترین کتێبان هەیە. واتە لە هەموو حاڵەتێکدا هەردوولا سوودمەندن لە کردنەوەی پێشانگە هەم خوێنەران و هەم دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە.
شەشەم: پێشانگە دەرفەتێکە بۆ لێکنزیکبوونەوەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و ئاشنابوونی زیاتریان بە یەکتری، چ ئەوانەی لە شارە جیاوازەکان بنکەی سەرەکییان هەیە، چ ئەوانەی کە لە وڵاتانی دیکەوە دێن، کە دەرفەتی کاری هاوبەش و پێکەوەیی دەڕەخسێت.
دەکرێ دەیان سوودی دیکەی لە پێشانگەدا هەبێت، بەڵام ئەم خاڵانەی سەرەوە گرنگترین و جێسەرنجترین خاڵەکانی کردنەوەی پێشانگەی کتێبن.
ڕۆژی 18ی ئەم مانگە دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی کرایەوە. پیشانگەی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ پەتای کۆرۆنادا، بەڵام بەرپرسانی پێشانگەکە بە چەندین میکانیزمی خۆپارێزییەوە پێشانگەکە بەڕێوە دەبەن بۆ ئەمەش ئامادەکارییان کردووە. هاوکات ئەمساڵ دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی بە بەشداری 15 وڵات و زیاتر لە 150 دەزگای بیانی و 400 ژووی نمایشی کتێب کراوەتەوە و تا 27 مانگ بەردەوام دەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×