ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیاوە رایگەیاند، رۆژانی داهاتوو زۆر گرنگ دەبن بۆ تورکیایەکی دوور لە "تیرۆر"، ئاماژە بەوەش دەکات پەکەکە ئاشکرایکردووە؛ گروپێكی بچوك چەكەكانیان لە شوێنێك لە سلێمانی رادەست دەكەن.
ئاوێنە: عومەر چیلیك، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا بە رۆژنامەنوسانی وت "پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لەماوەی چەند رۆژێکدا دەست بە رادەستکردنی چەکەکانی دەکات، ئەوەش لە روونترین ئاماژەدا تائێستا بەوەی هەوڵەکان بۆ چەکداماڵینی ئەو گرووپە، رەنگە نزیک بوبێتەوە لەوەی بە ئەنجام بگات".
سەبارەت بەوەی ئایا خشتەی کاتیی هەیە بۆ ئەوەی چەکدارانی پەکەکە چەکەکانیان دابنێن، چیليك ئاشکرایکرد "رۆژانی داهاتوو زۆر گرنگ دەبن بۆ تورکیایەکی دوور لە تیرۆر".
لەلایەکی دیکەوە، دوو سەرچاوەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە باکوری عێراق، دووپاتیان کردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت گروپێکی بچوکی چەکداران، چەکەکانیان لە شوێنێک لە شاری سلێمانی لە چەند رۆژی داهاتوودا رادەست بکەن.
هەروەها یەکێک لە سەرچاوەکان، بە رۆیتەرزی راگەیاند "ئامادەکارییەكان بۆ رادەستکردنەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمنیی لە سلێمانی بەردەوامە".
هاوکات بەرپرسێکی ئەمنیی کورد لە شاری سلێمانی، کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە داوایكرد ناوەكەی ئاشكرانەكرێت، ئاماژەی بەوەکردووە، پڕۆسەی رادەستکردنەکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ناوەندەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئەگەر هەموو شتێک بەپێی پلان بڕوات، هەفتەی داهاتوو چەکەکانی پارتی كرێكارانی كوردستان رادەست دەکرێت.
لای خۆشیەوە، سەرچاوەی دووەمی پەکەکە کە بۆ رۆیتەرز قسەیکردووە باسی لەوەکردووە "رێورەسمی داماڵینی چەک، وەک ئاماژەیەکی نیازپاکی دەبێت، کە ئامانج لێی دروستکردنی متمانە و رێگە خۆشکردنە بۆ ئەوەی حکومەتی تورکیا هەنگاوی زیاتر بنێت و بەڵێنەکانی بەرامبەر ئاشتیی هەمیشەیی جێبەجێ بکات".