دوابەدوای کاردانەوەکانی سۆشیال میدیا بەرامبەر کاریکاتێرێکی پێغمبەری ئیسلام کە لەگۆڤاری "لیمان" بڵاوکرایەوە، گروپێک هێرشیان کردە سەر بینای گۆڤارەکە.
ئاوێنە: یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند "بەهۆی کاریکاتێرەکەوە لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە. کاریکاتێریستو گرافیک دیزاینەرو سەرنوسەرو بەڕێوەبەری دامەزراوەکە دەستبەسەرکراون.
لە ٢٦ی حوزەیران لەگۆڤاری کاریکاتێریستی "لیمان"، کاریکاتێرێک بڵاوکرایەوە، لەسۆشیال میدیادا هەڵمەتێکی گەورە لەدژی دەستیپێکرد بەبیانووی ئەوەی ناوەکانی ناو کاریکاتێرەکە پێغەمبەر محەمەدو پێغەمبەر موسا بووە.
بەدوای ئەوەشدا گروپێکی ئیسلامی توندڕەو بەدروشمی "اللە ئەکبەر"و "بڕوخێ عەلمانیەت، بژی شەریعەت"، "سەگی کەمالیست لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت" هێرشیان کردە سەر بینای گۆڤارەکە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەو ساتانەی بڵاوکردەوە کە کارمەندانی گۆڤارەکە بەدەستبەستراوی لەپشتەوە لەسەر زەوی کەوتبوون و دەستگیرکران.
هەروەها سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ڕایگەیاند کە بڕیارێک دراوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ژمارەی گۆڤاری لێمان کە لە ٢٦ی حوزەیران بڵاوکرایەوەو رێگەیان نەدا لەسۆشیال میدیای گۆڤارەکە بڵاوبکرێتەوە.
ئەم بابەتە تا ئێستا قسەو باسێکی گەرمی تورکیاو زۆربەی سەرکردە سیاسییەکانیش ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەم کارە دەربڕیوە.
بۆ بینینی ڤیدیۆی ساتی هێرشەکە کلیک بکە