"لەچەند ڕۆژی داهاتوودا پەکەکە دەست بەچەکدانان دەکات"
  2025-07-01       267       

بەرپرسێکی تورکیا ڕایگەیاند کە پەکەکە "لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا" دەست بەچەکدانان دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە باس لە"رێورەسمێکی تایبەت" دەکرێت "بۆ نیشاندانی نیازپاکی" پەکەکە کە چەکەکانیان لەناوببەن.

 

ئاوێنە: عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاکەپە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا خشتەیەکی کاتی هەبووە بۆ ئەوەی پەکەکە چەکەکانی دابنێت، وتی "نامەوێت لەم قۆناغەدا خشتەی کاتی دیاریکراو بخەمەڕوو، بەڵام ئێستا گەیشتوینەتە قۆناغێک کە دەکرێت لەماوەی چەند ڕۆژێکدا ئەوە ڕووبدات".

وتەبێژەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆژانی داهاتوو "زۆر گرنگ دەبن".

لەو چوارچێوەیەشدا ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی کە ناوی نەهێنراوە ڕایگەیاندووە "بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاکی، ژمارەیەک چەکداری پەکەکە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشدارییان لە شەڕی دژی هێزەکانی تورکیادا کردووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەرێورەسمێکی تایبەتدا چەکەکانیان دەشکێنن یان دەسوتێنن".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، چاودێرانی ناوخۆیی ئامادەی رێورەسمەکە دەبن، کە لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. ناوبراو ژمارەی گەریلاکان‌و ڕۆژو شوێنی رێورەسمەکەشی دیاری نەکرد.

هەروەها ئاژانسەکە بەپشتبەستن بەلێدوانی بەرپرسێکی دیکە بڵاویکردەوە، عەبدوڵا ئۆجالان، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە زیندانی کراوە، بڕیارە "لە ڕۆژانی داهاتوودا پەیامێکی نوێ سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە" بڵاوبکاتەوە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی دەم پارتی کە ڕۆڵی سەرەکی لەگەیاندنی پەیامەکانی نێوان ئۆجەلان و ئەنقەرەدا هەبووە، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە، پێش ئەوەی سەردانی ئۆجەلان لەئیمرالی بکات.

پەکەکە لە ١ی ئازار ئاگربەستی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاندو لە ١٢ی ئایاردا هەڵوەشاندنەوەو چەکدانانی خۆی ڕاگەیاند، لەوەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×