ئەمڕۆ لەنێو بازاڕی قەزای ئاکرێ چالاکوانێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی "دڵشاد زێباری" لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر دەکرێت، لەوبارەیەوە، تۆڕی هاوپەیمانی 19ش داوا دەكات تۆمەتەكانی لەسەر لاببرێت و ئازاد بكرێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، لەنێو بازاڕی قەزای ئاكرێی سەربە پارێزگای دهۆك، دڵشاد زێباری لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە، دەستگیركرا.
لایخۆیەوە ئیدریس محمد کە هاوڕێی ئەو چالاکوانە دەستگیرکراوەیە لەتۆڕی فەیسبووك پۆستێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە "هێزێكی ئەمنی لە ئاكرێ برای بەڕێزم كاك دڵشاد زێباری خستە كونجی زیندان، بەڕێزیان پیاوێكی بە هەڵوێست و بوێر و رەخنەگرێكی دیار و چالاكوانێكی مەدەنییە لە ئاكرێ... بە هیوای ئازارنەدان و ئازادكردنی بە زووترین كات".
شایەنی باسە، دڵشاد زێباری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پۆستی رەخنەگرانە بڵاودەكاتەوە، دواهەمین پۆستی رەخنەی تەنزئامێز بووە لەسەر مووچە.
بۆ ئەو مەبەستەش تۆڕی هاوپەیمانی 19 بەدواداچونیکردووە و لەزاری خانەوادەی دەستگیركراوەكەوە دەڵێت "پەیوەندییان بە ئاسایشی ئاكرێ كردووە، پێیان ووتون؛ لای ئێمەیە و سەلامەتە".
هاوکات تۆڕی هاوپەیمانی 19 دەستگیركردنی چالاكوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دڵشاد زێباری سەركۆنە دەكات و داوا دەكات تۆمەتەكانی لەسەر لاببرێت و ئازاد بكرێت.