کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆتایی هات بەبێ بڕیاردان لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەوبارەیەوە پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت "تاوەکو هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت و تەوتین و داهاتی ناوخۆ رێکنەکەون لە ئەنجومەن بریاری ناردنی مووچە نادرێت".
ئاوێنە: د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتوو لە لێدوانێکدا بە ئاوێنەی وت "بابەتی مووچە لە بڕگەی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە کە رێککەوتنەکە کرابێت، وە بەپێی پەیڕەوەی ناوخۆی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە بێت دەتوانرێت بە جیا بکرێتە نێو کۆبوونەوەکە و دەنگدانی بۆ وەربگیرێت. بەڵام ئەوەی گرنگە ئایا بەجدی رێککەوتن دروستبووە یاخود نا".
سەبارەت بە رێککەوتنی سەرەتایی لەنێوان ئەو دوو حکومەتەدا، ئەو پەرلەمانتارە حکومەتی هەرێم بە "ساوا" ناودەبات و دەڵێت "ئەم ریککەوتنەشیان کردووە بە بەرایی. بەپێی ئەم دەسەڵاتە بێت هیچ دڵمان خۆش نییە بۆ بەرەو پێشچوونەکان لەسەر مووچە، بەڵام ئێمە گەشبینین کە دۆخەکە ناچاریان بکات مووچە بدەن".
لەبارەی توتینیشەوە ناوبراو رایگەیاند "ئامانجی عێراق بۆ تەوتین ئەوەیە لیستێکی پاکی مووچە هەبێت لەرێگەی بانکەوە مووچەی فەرمانبەران بدات، عێراق دەڵێت؛ سریاڵ نەمبەرەکەی فەرمانبەرەکەم بدەرێ تاوەکو بتوانم بەدواداچونی بکەم و چەند مووچە پێویستە ئەوەندە بکەینە هەژمارە بانکیەکە".
وتیشی "بەڵام بەغدا کێشەی پاکی لیستی مووچەکەی هەیە کە دەبێت ناوی دوبارە و وەهمی تێدا نەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە بەغدا ئامادە نییە مووچەی نایاسایی بنێرێت کە هەرێم بەسەر هەندێک هێزی دەرەوەی کوردستان دابەشی دەکات، واتە بەغدا لەبەر ئەمەیە تەوتین دەکات، بەڵام خەڵکی هەرێم بەوە لێکی دەداتەوە کە باوەڕیان بە دەستی هەرێم نییە".
"هەرێم لەم گەمە و سیاسیە سەدان ملیۆن دینار قازانج دەکات و نیەتییان نییە هیچ شتێک لە ریشەوە دەستکاری بکەن". د. موسەننا ئەمین وای وت