کۆنگرەی خوێندکارانی کورد لە دەرەوە، لە دیدی مسعود بارزانیەروە

سەڵاح رەشید
  2022-01-11     726

کاک مسعود بارزانی لە ئابی ٢٠٢١ دا، کتێبێکی لە دو بەرگدا بەناوی ( بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠ ، شۆرشی گوڵان، بەشی یەکەم) بڵاوکردۆتەوە.

لەو کتێبەدا کاک مسعود لە دیدی خۆیەوە وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، باس لە روداوەکانی ساڵانی ١٩٧٥-١٩٩٠ دەکات و لە روانگای نوسەرێکی حیزبیەوە روداوەکان دەگێرێتەوە.

خوێنەر لە هەردو بەرگەکەدا، هەست ناکات، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەدوای هەرەس (ئاشبەتاڵ) هیچ هەڵە و لادانێکی کردبێت و ئەگەر شەڕ و کوشتار لە نێوان هێزە سیاسیە کوردیەکاندا رویان دابێت، ئەوە خەتای تەرەفی بەرامبەر بوە و لە زوربەشدا خەتای (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) بوە.

لێرەدا نامەوێت باسی روداوەکانی شەڕی ناوخۆ و هۆی سەرهەڵدان و کێ بەرپرسە یان بەرپرس نیە، ئەوە لێکۆڵینەوەی وردتری دەوێت و بەندە لە شوێنی تر بە درێژی باسم لێوەکردوە و کەسانی تر ئەتوانن بۆچونی خۆیان لەو بارەیەوە دەرببڕن.

ئەوەی لێرەدا ئەمەوێت باسی بکەم، تەنها چەند سەرنجێکە بە مەبەستی راستکردنەوەی روداوە مێژوییەکان، بە تایبەتیش کە کەسایەتیەکی دیاری وەک کاک مسعود نوسیبێتی، لەژێر ناونیشانی( کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا) لاپەرە ٥٩- ٦٢.

نوسەر خۆی لە کۆنگرەکەی شاری بەرلین لەوێ نەبوە و دەنوسێت( هەرچەندە ئێمە لە ئەمەریکا بوین، بەڵام لە رێگای سامی عەبدولرەحمانەوە پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ هەڤاڵان هەبو..)

واتا گێرانەوەی روداوەکانی کۆنگرە لە دەمی هەڤاڵانی خۆیانەوە بیستوە، مەرجە وابێت و مەرجە وا نەبێت.

کۆنگرەی حەڤدەهەمی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا لە ٢٦/٨/١٩٧٥ لە شاری بەرلین بەسترا.

هەرچەندە بەندە لە کۆنگرە نەبوم، بەڵام دوای چەند مانگی گەیشتمە بەرلین و دوایی لە نزیکەوە ئاگاداری سەرجەم کاروباری خوێندکاران بوم.

کۆنگرە لە کاتێکی زۆر ناسکدا گیرا، شۆرشی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان چەند مانگێکی کەم بوو هەرەسیان هێنابو، توڕەیی و بێ ئومێدی بە سیمای کوردانی دەرەوە دەبینرا و بە ئاشکر هەستی پێدەکرا و زۆر کەس لەو کاتەدا هۆی هەرەسەی ئەدایە پاڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانی.

ئامادەبوانی کۆنگرە جگە لە ئەندامانی پارتی، ژمارەیەکی زۆری کوردانی هەمو پارچەکانی کوردستانی تێدا بو بە بۆچونی سیاسی جیاوازەوە.

1. کێشەی هەرە سەرەکی ناو کۆنگرە لە ئەنجامی هەڵواسینی وێنەی مەلا مستەفای بارزنیەوە هاتبۆە کایەوە، لیژنەی بەرێوەبەری کۆمەڵەی خوێندکاران کە سەر بە پارتی بون و کۆنگرەکەیان دەبرد بەرێوە، بڕیاریان دابو کە وێنەکە هەڵبواسرێت.

هەڵواسینی وێنەکەی بارزانی، کێشەیەکی زۆری نابۆوە، زۆری ئەو خوێندکار و ئامادەبوانەی کۆنگرە کە نارازی بون لە هەڵواسینی ئەو وێنەیە، لەبەر ئەوەی ئەیانوت کە ئەوانە شۆرشەکەیان ئەبرد بەرێوە بەرپرسی یەکەم و سەرەکی بون لەو هەرەسە کە لە کوردستان رویداوە، لە جیاتی لێپرسینەوە لە سەرکردایەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بکرێت، چۆن دەبێت ئێمە لەژێر ئەو وێنەیەدا کۆنگرە ببەستین.

کاک مسعود بارزانی لە کتێبەکەیدا بەم شێوەیە باسی دەکات: ( وێنەیەکی گەورەی بارزانی نەمر لە پێشەوەی هۆڵەکە هەڵوسرابوو. هەرچەندە وێنەکە ویستی زۆرینەی بەشداربووانی کۆنگرەکە بوو، بەڵام چەند کەسێکی نزیک لە جەلال تاڵەبانی هەستانەوە و رایانگەیاند چۆن دەکرێت لەژێر ئەو وێنەیە کۆنگرە ببەستین؟" . ( ل.٦١)

نەوشیروان مستەفا کە خۆی لە کۆنگرەکە ئامادە بو، بە شێوەیەکی تر باسی دەکات: ( ئەندامانی خوێندکاران لە هەمو وڵاتەکانەوە بانگ کران بۆ بەرلینی رۆژئاوا، شوێنی بەستنی کۆنگرە، رۆژی ٢٦/٨/١٩٧٥ ، کە ئەندامەکان چوبون بۆ هۆڵی کۆبونەوەکان، سەیریان کرد بو وێنەیەکی زۆر گەورەی مەلا مستافا بە دیواری سەکۆی بەردەمی هۆڵەکەدا هەڵواسراوە، دەستەی بەرێوەبەر لە بەردەمیدا دانیشتون، ئەمە نارەزاییەکی زۆری لەناو هۆڵەکەدا خولقاندبو. داوا کرابو وێنەکە دابگرن، ئەوانیش سور بون لەسەر هێشتنەوەی. زۆری ئەندامەکان هۆڵەکەیان بەجێ هێشت بو. کۆنگرەکە تێک چو، کۆبونەوەکانی دواخرا...ئێمە ئەوانەی یەکێتی، رەئیمان وابو کۆنگرە بە یەکگرتویی بمێنێتەوە و، رێبازێکی پێشکەوتوخوازانە بگرێ و، هەر چوار بەشەکەی کوردستانی تێدا بێ، هیچ بیانویەکی بەجێ مان نەئەدی بۆ تێکدانی کۆنگرە و، لەتکردنی کۆمەڵەی خوێندکاران. بە تایبەتی ئەتوانرا بە هەڵبژاردنی ئازاد دەستەی بەرێوەبەر لە دەس پارتی دەربهێنرێ) { لە کەناری دانوبەوە بۆ خری ناوزەنگ. ل. ٥٣}

د. کمال فواد، کە ئەویش لە کۆنگرەکەدا ئامادە بو، بەم شێوەیە باسی دەکات: ( لەو کۆنگرەیەدا سەرکردایەتی ئەو کاتەی کۆمەڵە پاش بڵاوپێکردنی شۆرشیش، ئەیویست کۆمەڵە وەک پێشو بەو سەرکردایەتی یەوە ببەستێتەوە کە بڵاوەی بە شۆرش کرد، خوێندکاران بەمە رازی نەبوون، ئەو سەرکردایەتی یەیان بەجێ هێشت، کۆمیتەیەکیان هەڵبژارد بۆ پێکهێنانی کۆنگرەی حەڤدەهەم کە لە هاوینی ساڵی ١٩٧٦ دا لە شاری فرانکفۆرت لە ئەڵمانیای رۆژئاوا پێک هات، ئەم کۆنگرەیە ناوی کۆمەڵەی گۆڕی بە "کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات" ناسراو بە "ئەکسا" کورت کراوەی ناوی کۆمەڵە

AKSA- Association of Kurdistan Students Abroad) ) ( گۆڤاری هاڤیبون، ژ.٢-٢- ئەڵمانیا ١٩٩٨، ل-١٠١ چەند زانیاری یەک لە بارەی بزوتنەوەی خوێندکارانی کوردەوە لە هەندەران)

2. دەربارەی ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە، نوسەر بە ١٢٠ ئەندام ، لەوانە ٣٥ ئەندامی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دایناوە.

لەو کۆنگرەیەدا، نوێنەری ژمارەیەک لە هێزی سیاسی هەمەرەنگ ئامادە بون، کە زۆریان دۆستی پارتی نەبون و بە چاوێکی رەخنەگرانە ئەیانروانیە مەسەلەی هەرەس و پارتیان بە بەرپرسیار دەزانی، ئەمانە بەشێ بون لەو هێزانە:

- ئەندام و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.

- دۆستانی کۆمەڵەی (هەڤرا) کە دوایی پارتی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیایان پێک هێنا بە سەرۆکایەتی کمال بورقای.

- ئەندام و دۆستانی پارتی دیموکراتی پێشەرەوی کورد لە سوریا، بە سەرۆکایەتی حەمید دەروێش.

- دۆستانی پارتی DDKD هێزێکی کوردستانی تورکیا بون.

- ژمارەیەک لە کوردی سەبەخۆی کوردستان ئێران.

- هەندێ لە برادەرانی کاژیک، بە سەرۆکایەتی جەمال نەبەز.

- هەندێ کوردی سەربەخۆی کوردستانی عێراق.

- ئەندامان و دۆستانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

کاک مسعود دەربارەی ژمارەی ئامادەبوان دەنوسێت: ( لە کۆی سەد و بیست کەس سی چل کەس هۆڵەکەیان بەجێ هێشت. دەرچووەکان بوونە پێنج شەش گرووپ وجلال تاڵەبانیشیان لەگەڵدا بوو و لە دەرەوەی هۆلەکە کۆبوونەوە) " ل.٦١"

جێی پرسیارە، لە کۆی هەشت گروپی سیاسی تەنها سی چل کەس ئامادە بون و هۆڵی کۆنگرەکەیان بەجێ هێشتبێت و هەشتا کەسەکەی تر پارتی و دۆستی پارتی بوبن؟ لە شوێنێکی تردا نوسەر دەنوسێ" لەو نێوەدا سی و پێنج کەسی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆنگرەکەیان بەجێ هێشت"، باشە کەواتە هەمو ئەو گروپانەی تر بە هەمویان پێنج ئەندام بون کە چونەتە دەرەوەی کۆنگرەکە؟! ئەمە چەند لە راستیەوە نزیکە؟

٣. دەربارەی ئەو گروپەی کە هۆڵەکەیان بەجێ هێشتوە، نوسەر دەڵێ: " دوای هەوڵێکی زۆر ئەوان بەردەوام بوون لەسەر هەڵوێستەکەیان و چوونە هۆڵێکی تر و بۆخۆیان کۆ بوونەوە و ناوی (ئاکسا/ئەکسا) یان لە خۆ نا.

کاک مەسعود لەمەشدا، کەوتۆتە هەڵەوە و یان خستویانەتە هەڵەوە، ئەوانەی لە هۆڵی کۆنگرە دەرچون ئەکسا یان دروست نەکرد، بەڵکو ( کۆمیتەی ئامادەکردنی کۆنگرەی ١٧ هەمیان ) دروست کرد و دوای ساڵێک لە شاری فرانکفۆرت کۆنگرەیان گرت و ئینجا ئەکسا( کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات – AKSA) یان دروست کرد. واتا ئەکسا لە ١٣-١٧/٨/ ١٩٧٦ دا دروست بو، نەک لە ئابی ١٩٧٥ دا.

دوای ئەم کۆنگرەیە، کۆمەڵەی خوێندکاران لە ئەوروپا، بو بە چەند بەشێکەوە و لێک ترازان، لەوانە:

- کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا – ناوەندی بەرلینی رۆژهەڵات. (نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان)

- کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، "ئەکسا" (نزیک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)

- کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا – ناوەندی پراگ. (نزیک لە پارتی کۆمۆنیستی عێراق)

- رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپا "سۆسکە". (نزیک لە پارتی سۆسیالیستی کورد - پاسۆک)

- رێکخراوی خوێندکاران و لاوانی کوردستان "یوکسی" . ( نزیک لە پارتی دیموکراتی گەلی کوردستان، بە سەرۆکایەتی سامی عەبدولرەحمان)

هەرەسی شۆرشی کورد لە ئازاری ١٩٧٥ دا، کاریگەری هەبو لە سەر هەمو جموجۆڵێکی سیاسی و پیشەیی کوردی لە دەرەوە، ئەو دابەشبونەی دوای هەرەس کە لە کوردستان روی دا، هەمان دابەشبون لە دەرەوەش رویدا، هەمو هێزە سیاسیە کوردیەکان لە کوردستان، هەوڵیان ئەدا رێکخراوێکی ( خوێندکار) ی تایبەتی بە خۆیان دروست بکەن و لەژێر ئەو ناوەدا کاری حیزبی خۆیان بکەن.

بەدڵنییەوە، نوێنەری هەر هێزێکی سیاسی بەرگری لە هەڵوێستی خۆی دەکات، بەڵام دابەشبونی کۆمەڵەی خوێندکاران، هەر ئەبو روبدا، ئەگەر لە ئابی ١٩٧٥ یش روینەدایە، ئەوا لە کات و شوێنێکی تر و بە شێوەیەکی تر روی ئەدا، لەبەر ئەوەی کوردانی دەرەوە بوبن بە چەند گروپێک و یەک هێزی سیاسی و یەک شۆرشی یەکگرتو نەمابو وەک جاران تا هەمو خوێندکاران و کوردانی دەرەوە لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، بەڵکو چەند هێزێکی نوێ دروست بوبن و هەریەکەشیان ئەیویست رێکخراوێکی تایبەتی خۆی هەبێت.

ئەم رێکخراوانە، لە کارە پیشەیەکەی خۆیان دورکەوتنەوە و زیاتر کاری حیزبی و سیاسیان دەکرد و بون بە لقێکی رێکخراوەکە لە دەرەوە و هەندێ رێکخراو دروست بون، کە تەنها ناوی (خوێندکار) یان لە خۆ نابو، ئەگینا تاقە خوێندکارێکیش لە ریزەکانیاندانەبو.

کاتێ هێزە کوردستانیەکان لە کوردستان نزیک بونەوە و بەرەی کوردستانیان پێک هێنا، کۆمەڵە خوێندکارەکانیش هەمان هەنگاویان هەڵهێنا و لە ١٩-٢١/٨/١٩٨٨ کۆنگرەیەکی هاوبەشیان لە بەرلینی رۆژئاوا بەست و کۆمەڵەیەکی نوێیان بەناوی ( کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە ئەوروپا – KSSE - ) دامەزراند، ئەم کۆمەڵەیە نەیتوانی ئەرکە پیشەییەکانی خۆی بهێنێتە دی، چونکە نوێنەرایەتی حیزبە کوردیەکان هەڵدەسان بە چالاکی هەمە جۆر و لەو کاتەوە کڵپەکەی کۆمەڵەی خوێندکاران بەرەو کزی رۆشت.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×