لەدوای(٣١) ساڵ وابزانن ھیچ ڕووینەداوە! 

تەوار شێخ عوسمان
  2022-03-16     388

لە دوای (٣١) ساڵ ڕاپەرین و (٣٠) ساڵ حوکمڕانیی کوردی کە سەردەمێک خەونی هەزاران تێکوشەر و هەزاران شەهید بوو، دەبێت بپرسین چی ڕوویداوە؟ ئەو خەونە گەورەیەی چەندان نەوە لە پێناویدا گیانیان بەختکرد و شەهید و کەمئەندام و زیندانی و ئاوارە کران، چی بەسەرهات؟ پاش (٣٠) ساڵ حوکمڕانیی، ئایا ڕاستە هێشتا دەسەڵاتداران داوامان لێدەکەن دۆخی کەم ئەزموونیان ڕەچاو بکەین و بەراوردیان نەکەین بە دیموکراسیە گەورەکانی دنیا؟ ئایا ڕاستە خەڵکی ئێمە بەرامبەریان دڵڕەقە و ئەوە لەبەرچاو ناگرێت کە (زۆرمان ماوە) بۆ ئەوەی بگەینە وڵاتانی پێشکەوتوو؟ بەڵام ئەم (زۆرە ماوە)یەچەندە؟ ئایا (٣٠) ساڵ حوکمڕانی کەمە؟ زیاد لە نیو سەدە خەباتکردن کەمە؟ ئەو هەموو شەهید بەخشین و گیانبازیەی کە نیو چارەک سەدە زیاترە کورد بۆ ئازادی و دادپەروەری دەیبەخشێت، کەمە؟ ئەم (زۆر مانە)ی گەیشتن بە وڵاتانی دیموکراسی، کەی و چۆن تەواو دەبێت؟ دەی باشە وا قبوڵمانکرد خەڵکی ئێمە بە ناهەق نەفرەت لەم دەسەڵاتە دەکات و بێ ویژدانی دەکات کاتێک ئەزموونی ساوای حوکمڕانی بە دەوڵەتانی ئەسکەندناڤیا و کەنەدا و فەرەنسا بەراورد دەکات، پرسیارەکە ئەوەیە لەم (٣٠) ساڵ حوکمڕانیەدا چیتان کردووە بۆ ئەوەی ئەم (زۆر مانە) کەم بێتەوە؟ من لێردەا هەوڵدەدەم کەمێک لەو شتانەتان بۆ بژمێرم : هەنگاوەکانی (حکومڕانیی ساوا)ی کوردستان بۆ نزیکبوونەوە لە دەوڵەتە دیموکراسیەکان ئەم خالانە بوون:
١) پاش (٣٠) ساڵ لە حوکمڕانیی ئەو دەستەبژێرەی پێیاندەوترێت (پیاوماقوڵان)، هەنوکە جاش و موستەشارە کۆنەکانن.
٢) پاس (٣٠) ساڵ حوکمڕانی، تالانکردنی سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی بۆ چەند بنەماڵەیەکی حوکمڕان، ناونراوە (ئابوریی سەربەخۆ !).
٣) نیشتیمانفرۆشی و گەمەکردن بە چارەنووسی، ناونراوە کوردایەتی و دەستکەوتی نیشتیمانی.
٤) نەدۆزینەوەی دزی و تاڵانی و بکەرەکانی لە لایەک و سەرکوتکردنی ڕای جیاواز لەلایەکی دیکەوە، ناونراوە سەروەری یاسا.
٥) بەرگریکردن لە قێزەونترین تاوانبارەکان، تەنیا لەبەرئەوەی سەر بە حیزبە، ناونراوە وەفا و پێزانین.
٦) ماستاوکردن و پیاهەڵدان بە ناشرینترین شتەکاندا، ناونراوە دڵسۆزی.
٨) ڕاستگۆیی و رەخنەگرتن لەکردارە پڕاوپڕ لە هەڵە و دزێویەکان، ناونراوە ئاژاوەگێری.
٩)،،،هتد
لە دوای (٣٠) ساڵ لە حوکمڕانی، ئەمە ئەو بەهایانەن کە بونیاتیان ناوە بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگا دیموکراتیەکان نزیک بینەوە. 
بەڵام تاڵی ئەم شتانە ئەوەیە من و خەڵکیش دەزانین دەسەلاتدارانی کوردستان چیدی هیچ نابیستن و تەواو بێباکن بەرامبەر بە ئازار و نارەزایی خەڵکە ڕەشوڕووتەکەی وڵات. دەزانم خۆیان و منداڵەکانیان بوون بە بەڵایەکی گەورە بەسەر ژیانی خەڵکەوە و هەر رۆژەی کوڕ و نەوەی یەکێکیان ئەم یان ئەو دەکوژێت، یان فەلاقە دەکات، بێ ئەوەی کەس بتوانێت لێی بپرسێتەوە. کوڕانی دەسەڵاتی بنەماڵەکانی حوکمڕانی بە هەموو رەنگەکانیانەوە، هەمیشە دەیانەوێت ئەو بڕوایە دروست بکەن کە ناڕازیەکانی حوکمرانی ئەوان، بایەخێکی ئەوتۆیان نیە و کەمینەیەکی بچووکن.. هەستدەکەن لەناو (گەلێکی گەمژە) و نا ئومێدا دەژین کە چەند خراپەکاریش بکەن، ناوێرن دەنگ هەڵبڕن و قسە بکەن. غافلن لەوەی هەمیشە تۆفانەکان پاش بێدەنگی دروست دەبن. غافڵن لەوەی ڕۆژێک دێت هەمووان دەپرسن تاکەی قبوڵکردنی ستەم و بێدادی، تاکەی پڕکردنی گیرفانی بنەماڵەکان، بەهای  لە مرۆڤ و کەرامەتی زیاتر بێت؟ تاکەی تێر نابن لە بینینی کۆچی گەنجان و خنکانیان لە دەریاکان و رەقبوونەوەیان لەسەرمای سەر سنووری وڵاتاندا؟
من دەزانم ئەوانە تەنانەت ئەو نووسین و ڕۆژنامانەش ناخوێننەوە کە ئازاری خەڵک و بێدادیی ئەوان ئاشکرا دەکات، ئەو هاوارانە نابیستن کە لەگەرووی پڕ ئازار و تووڕەی خەڵکیەوە دەردەچن. ئەوان تەنیا دڵیان بە پیاهەڵدان و درۆکانی ئەو کۆیلانە خۆشە کە خۆیان لە دەوروبەری خۆیان دروستیان کردوون، و ئەو گروپەشیان لێبووە بە هەموو کۆمەڵگا. بەلام من دڵنیام ڕۆژێک دێت چ زوو یان دەرەنگ، هەموو ئەم دەسەلاتدارانە باجی خراپەکاریەکانیان وەردەگرن و بەشێوەیەکی زۆر قێزەونیش ناویان لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×